Alternate Text

یەکێتی باجی کودەتا و بایکۆت دەدات

ژێوار مارف‌ 23/03/2021

 لە دوو ساڵی ڕابردوودا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چوارەمین کۆنگرەی خۆی بەست، ئەوەی جێگەی تێڕامانبوو ئەو کۆنگرەیە جگە لە کودەتایەکی سپی بەبەرنامە و ڕێکخراو لە ھیچ شتێکی ترنەدەچوو.

هەرچەندە دەبوو زووتر و لەکاتی خۆیدا قسە لەسەر ئەمە بکرێ، بەڵام لەپێناو یەکێتی ناو یەکێتیی بەبێدەنگی راگوزەری کرد.

کودەتاکەی ناو کۆنگرە ئەوەبوو، دەزگا ئەمنییەکانی حزب بەپلان سەرپەرشتی کۆنگرە و هەموو جموجوڵێکی ئەندامانی کۆنگرەیان دەکرد، بەجۆرێک کە سوکایەتی و بێڕێزییەکی ئێجگار زۆر بە زیاتر لەنیوەی بەشداربوانی کۆنگرە بە ئاشکرا و بێشەرمانە کرا و تیایدا مێژوو و قوربانیدانی ئەو حیزبە خرایە ژێر ھەواو ھەوەس و خەونی گەیشتن بە کورسی و ھەرەمی دەسەڵاتی ھەندێک کەس. بەڵێ؛ لە کۆنگرەدا بێڕێزی کرا بەرامبەر ھەندێک لە سەرکردە و هەڤاڵە دێریینەکانی یەکێتی، كە نەک تەنها یەکێتییەکان، بەڵکو میللەتەکەشمان شاهیدی مێژووی پڕ سەروەری و قارەمانێتییانن و شانازییان پێوەدەکات، بەڕادەیەک زویرکران بەشێک لەو سەرکردانە تائێستاش دڵی شکاویان لەو کارەساتە چاکنەبووەتەوە.

هەربەوەشەوە نەوەستان، بەڵکو لەدوای کۆنگرە جارێکی تر و دووبارە لەئەنجومەنێکی بێدەسەڵات و بێ ھەیبەت کۆیانکردنەوە و پێیان وتن؛ بۆخۆتان چاو قاوە بخۆن و بێدەنگ بن! 

هەروەها، کۆنفرانسی مەکتەبەکانی یەکێتی ھەنگاوی دووەمی ئەو کودەتایە بوو کەدەستیان پێکردبوو، لەھەندێک لە مەکتەبەکانی یەکێتی بە ھەڕەشەو چاو سورکردنەوە کادرەکانیان دووردەخستەوە و کەسانێک نزیک لە خۆیان بەزۆر سەپاند و لە ھەندێک ئۆرگانی تر بەبێ ھەڵبژاردن و بەبێ کێبڕکێ و بە لیست ئەندامانی مەکتەبیان داناوە.

لە کۆتاییشدا، ھەنگاوی سێیەمی کودەتاکە دەستی پێکرد کە بێکارکردن و دوورخستنەوەی کادرە دێرینەکان بوو لەژێر ناوی ڕاوێژکار!.

لەراستیدا دابەزینی دەنگەکانی یەکێتی و کەمکردنی ژمارەی کورسێکانی ھۆکارەکەی ئەو کودەتا و بێڕێزیکردنەبوو کە کردتان بەرامبەر پیرۆزێیەکانی یەکێتی و هەڤاڵ و سەرکردە ماندوونەناسەکانی، ھۆکارەکەی بایکۆتکردنی بەشداریکردنی ھەڵبژاردنەکان بوو کە ھەر لەسەرەتای بانگەشەوە دەستان پێکرد و کارێکتان کرد مادام ئێوە لە مەیدانەکە نین و ئاساییە گەر یەکێتی لە حزبەکەی گەورەکەی مامەوە ببێت بە دوکانێکی سیاسی!

واقعی حاڵەکە ئەوەیە، یەکێتی باجی کودەتا و بایکۆت دەدات نەک باجی کێشە ناوخۆییەکان. سەیرە خۆتان ئەنجومەنی باڵاتان گۆشەگیر و بێدەسەڵات کرد کەچی ئێستا داوایان لێدەکەن بەھاناتانەوە بێت و بەرپرسیاریەتیەیان دەخەنە ئەستۆ.!

بەڵێ، خۆتان خاوەنی کەیسەکانی گەندەڵی و سەرکوتکردنی بیروڕای جیاواز و تەدەخولکردن لەسیستەمی دادوەری وحکومەت و سەرانە وەرگرتن و سوکایەتیکردن بە ھاوڵاتیان و ئازادیخوازان بوون کەچی دەیخەنە ئەستۆی خەڵکانی تر. کوردەواری وتەنی؛ کەخۆت ماڵت لە شوشە بوو بەرد لە شوشەی کەسی تر مەگرە.!