Alternate Text

سلێمانی لە نێوان بەرداشی ڕۆمانسییەت و سیاسەتدا

فارس نه‌ورۆڵی‌ 23/03/2021

هەموو شارەکانی کوردستان لای بەندە ڕێز و خۆشەویستییەکی یەکسانیان هەیە. بەدڵنیاییەوە هەموو شارێک هەڵگری کۆمەڵێک جوانی و ناشیرینییە، هەردوو خەسڵەتی جوانی و ناشیرینی دەگەڕێتەوە بۆ بیرکردنەوەی جوانی و ناشیرینی دەستەبژێری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری شارەکە بۆ سەردەمە جیاجیاکان.
 ساڵانە یادی دامەزراندنی سلێمانی دەکرێتەوە، هەرچەندە پێشتر ڕای جیاواز هەبوو لەسەر ڕۆژ و مانگی دامەزراندنی سلێمانی، بەڵام ئەمساڵ ئەنجومەنی پارێزگا ١٤/ ١١ی دیاریکرد بۆ ڕۆژی بنیادنان، یاخود دامەزراندنی سلێمانی، ئەم شارە لە مێژووی بزوتنەوەی کوردایەتیدا ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە، لە هەمانکاتدا لە ئەدەبی بەرگری و هونەر و فەرهەنگدا پێشڕەو بووە.
 پرسیارەکە ئەوەیە سلێمانی ئێستا لە کوێدایە؟ دەبێ چی بۆ بکرێت؟ ئەگەر بمانەوێت ڕاستی بخەینە ڕوو ئەوە دەبێت بڵێن سلێمانی ماندوو کراوە، شارەکانی دیکەش، بەڵام لێرەدا قسە لەسەر ( سلێمانی)یە، شار هەمیشە شوێنی کێشمەکێشی سیاسییە، ئەمەش جوڵەیەکی ئاساییە، چونکە سیاسەت لە شاردا بەرهەم دێت، بەڵام ئیدارەدانی ئەو کێشمەکێشە دەبێ بە جیهانبینییەک بێت فەزای ڕکابەری فراوان بکات، نەک گیانی دوژمنایەتی بەرهەم بهێنێت. واتە شار دەبێت ببێتە جێگایەک بۆ هاوکاریکردنی نێوان هاوڵاتییان، ببێتە جێگایەک بۆ گفتوگۆ لەپێناوی چاکەی گشتیدا، نەک ببێتە مەیدانێک بۆ سوکایەتیکردن بە یەکتر.
 کەواتە لە ساڵیادی سلێمانیدا، سلێمانی قسەی ڕۆمانسی ناوێت، کرداری ئاشقانەی دەوێت. سلێمانی و دانیشتوانەکەی پێودانگی دەوێت بۆ خزمەت، وەسفی ناوێت بۆ ژاوەژاو و سەرقاڵکردن. بۆیە پێویستە لەسەر هەموو لایەک ئەگەر دەیانەوێ خزمەتی سلێمانی بکەن دەبێ لەم هەلومەرجە ڕزگاری بکەن. فەزایەکی ئارام و یەکتر قبوڵکردنی بۆ دروستبکرێت بازاڕ گەشە پێبدەن، واتە دەبێت لە ئاستی (سیاسی و ئابوری و سایکۆلۆجی) خزمەتی سلێمانی بکرێت.