Alternate Text

گەڵای زەرد و سەوزی گوێز!

ماجد خەلیل‌ 23/03/2021

گەڵای گوێز بە مەرجێک نۆ مانگێک لە لقەکەی بەربوبێتەوە و کەوتبێتە سەر خاکێکی نەرم، بەڵام لە شوێنی خۆی نەجوڵابێ.
بە هێواشی، شەبەقێک زوو، لەگەڵ دەرکەوتنی خۆردا، تەنها یەک گەڵا، دەخەیتە ناو زەرفێکەوە، نابێت گەڵاکە بنوشتێتەوە یان کونوکەلەبەری تێکەوتبێ. نابێت دوو گەڵا یان زیاتر، تەنیا یەک دانە، گرنگ نییە گەورەبێ یان بچوک، بەڵام گرنگە شوختی تێ نەکەوتبێ.
ئەم گەڵا گوێزە، لەگەڵ گەڵای گوێزێکی تر، بەڵام ئەمیان بە دەستی خۆت لە دارگوێزەکەی دەکەیتەوە، یانی گەڵایەکی زەردی پارساڵ و گەڵایەکی سەوزی ئەمساڵ، پیکەوە لە لیترێک ئاودا دەیانکوڵێنی. پاش ئەوەی ئاوەکەی ساردبوویەوە، بە گیراوەی گەڵاکان زەڕنەقوتەی قەلەباچکەیەک کە تازە لە هێلکە جوقابێ دەشۆیت، ئاوچۆڕی زەڕنەقوتەکە دەکەیتە ناو دەبە ئاوێکی دووسەد و پەنجاییەوە، مشتێ خوێی دشتی تێدەکەیت، پاشان دەیکەیتە ناو پەمپێکەوە، لەو پەمپانەی سەرتاشەکان دەیپرژێنن لە سەرو قژی قژنێک، پاشان هەرکەسێک پێش ئەوەی بخەوێ، پەمپێ بدە لە ژێر پێیانی و پەمپێکیش لە تەوقی سەری، بەڵام نابێ پرژەکان بسڕیت، ئیدی ئەو کەسە کاتێک دەخەوێت، دەمودەست خەوێک دەبینێت. خەوەکە هەرچییەک بێت، بێ یەکودوو وەک خۆی دێتەدی.
ئەم کردارە، لە ئەفسانەی کۆنی ئایینی شینتۆی یابانیدا ئاماژەی پێدراوە، تاوەکو ئێستایش لە چەند دورگەیەکی ژاپۆندا ئەم کردارە وەک خۆی جێبەجێدەکرێت.
بەڵام بوێرییەکی دەوێت کەسێک بڕستی ئەوەی هەبێت، ئەم گیراوەیە لەژێر پێیانی بدات و بخەوێت، چون گرەنتی ئەوە ناکرێ خەوەکە بەکامی دڵی تۆ ببینرێت، ئەفسانەکەیش ئەم گەمە و گرەوە وەک قومارێک لێکدەداتەوە، مرۆڤی خەوتوو بەدڵنیاییەوە خەوێک دەبینێت، خەوەکەیش بەبێ هیچ شرۆڤەیەک وەک خۆی دێتە دی. بۆ نموونە گەر لەو خەوەدا مانگ دابگریت و وەک سەرینێک بیخەیتە ژێر سەرت، کە خەبەرت بوویەوە دەتوانی بەواقیعیش ئەو کارە بکەیت. بەڵام زۆربەی ئەوانەی ئەم دەرمانە بەکاردێنن، داواکاریی بچکۆلە و خەونی بچوک دەبینن، لە بەدوواداچونێکدا خەوی چەند کەسێک کرابوویە واقیع، کابرایەک دەیوت لە خەوما بەنێو سەرنشینی قیتارەکەدا دەگەڕام و سەرو زللەیەکم دەدا لە پشتملیان، بۆ بەیانی لە رێی کارەکەمدا هەستێک هات بە مێشکمدا و وەک شێت بە زللە بەربوومە پشتملی ئەو خەڵکە. پیرەژنێک دەیوت: لەخەونمدا گۆچانەکەم بوو بە مار، کە هەستام لە بری گۆچانەکەم ملی مارێکم گرتبوو! هەرزەکارێ دەیوت لە خەونمدا بابم زیندوو بوویەوە، کە هەستام دایکم لەتەک پیالەیەکدا زەماوەندی دەکرد. ئاغایەک دەیوت: لە خەونمدا رەعیەتێک لە جێگەکەم شانی دادابوو، سیگاری دەپێچایەوە، کە هەستام دەوروبەرەکەم بەشەق دەریانکردم و دەربارێکم لە جێگەکەمدا داوای تەپڵەکی دەکرد.
گومانم لە خورافیاتی ئەم گیراوە خەیاڵکردە نییە، بەڵام هەستدەکەم بۆ میللەتێکی مەینەتدیدەی وەک ئێرە ئشتیای فەلسەفەیەکی قوڵی لەپشتە. چون گیراوەیەک خەونەکان بکاتە واقیع! چی هەیە لەوە زیاتر زمانمان بۆی راکێشرابێ؟ مەگەر ئەو گیراوەیە بە فعلی فۆڕمی خەونەکانی یابانییەکانی نەکردووەتە واقیع؟ چ خەونێک هەبێت لەو کیشوەرەدا نەهاتبێتە دی؟ چ خەیاڵکردێک لەو دورگە دوورە دەستانەی رۆژهەڵاتی دووردا هەبوون و نەبوونەتە نەریتی ژیان؟
لە یاباندا شەفافییەت شکۆی گەندەڵی شکاندووە، لە یاباندا تەکنەلۆجیا تەکانێکی وای داوە دانی لەدەمی دنیای خۆرئاوادا نەهێشتووەو هەموو جیهان بە تاقمی مێدی ئین جابان کاوێژ دەکەن.
لە یاباندا قەڵەمبازی پەروەردە، حەفتا پشتی خۆرئاوای کوڕکردووە؟ ئەم گیراوەیە بۆ ئێرە پێویستە، هەم گەڵای گوێزی زەردمان هەیە هەم سەوز، هەم زەڕنەقوتەی تازە جوقاوی قەلەباچکەمان هەیە هەم ئاو، هەم کەللەی کاسمان هەیە، هەم پێیانی پەتی و ماندوو. وەرن گەمەی گیراوەکە بخەینە ملی خەونەکانمان، ئیدی یان بە زللە بەردەبینە پشتملی یەکتریی، یان لە بری گۆچانی ئەم رێی گەندەڵییە ملی ماری یەکتریی دەگریین! وەیا کۆتایی بەم کەلتووری رەعییەتییە دێنین و لەجێی جەبەڕووتی ئاغە و ئەغەواتەکانی سیاسەت شان دادەدەین و بە توتنێکی بۆنخۆشی ئەم شارەزوورەی کنخۆمان، وەک سەربازە عێراقییەکانی جەنگی کووەیت، زمان لە پەڕەی سیگارەکانماندەدەین و سیگار دەدەین بەدەم سیگارەوە.
تێبینی: لە جەنگی کەنداوی یەکەمدا، سەربازە ئەمریکییەکان دەیانوت، تێناگەین بۆ رۆژ تا ئێوارە سەربازە عێراقییەکان چوارمشقی لە بەرانبەرماندا دادەنیشن و ملیان دەبەن بەناو دەفەی شانیاندا و زمانمان لێدەردێنن. ئەوان نەیاندەزانی سەرقاڵی پێچانەوەی سیگارن و زمان دێنن بە پەڕەی سیگارەکانیاندا.