Alternate Text

ئایا خوێندکاران لەسەر حەقن؟

ئاری هەرسین‌ 23/03/2021

گردبوونەوە و پرۆتێستی خوێندکاران بۆ دەرماڵە، فەزای میدیایی ژیانی ڕۆژانەی داگیرکردوە. هەموو حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت بەشێکیش لەو حیزبانەی کە بەشدارن لە حکومەت، پشتیوانی لەم پرۆتێستە دەکەن. هەندێک لایەنی سیاسیش، لەبری ئەوەی هەوڵ بدەن لە کێشەکان تێبگەن، بە دەنگی بەرز گوتاری پۆپۆلیستی دەڵێین و، خوێندکاران هان دەدەن توندو تیژی بەکار بهێنن، نەک دانوسان.

ئەگەر قسەکانی خودی خوێندکاران بەهەند وەربگرین (کە لە سایتەکانی هەواڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو بۆتەوە)، ئەوا مەسەلە و کێشەکەیان بەتەنیا دەرماڵە نیە. خوێندکاران گلەیی لە: پیسی ئەو ئاوە دەکەن کە دەیانترێتێ، باس لە شەق و شڕی تەختی نوستن و ڕاخەڕی دڕاو دەکەن، باس لەوەدەکەن کە گەرمکەرەوەیان نیە و هەمو شتێک ئەبێت خۆیان بیهێنن، باسیش لەوە دەکەن شەوانە ناتوانن بچنە حەوشەی بەشە ناوخۆییەکەیان، چونکە پۆلیس سەگیان بۆ هێناون و لە حەوشەکەیا بڵاوەی پێ کردون. تەنانەت دەڵێن پۆلیس توندوتیژیشی بەکار هێناوە. ئەگەر سەرنجێک لە داخوازیەکانی خوێندکاران بدەین بەگشتی و لەزاری خۆیانەوە، ئەوا چەند پرسیارێکی قورس هەڵوێستەمان پێ دەکەن و، لە سەرو هەمویانەوە: کێ بەرپرسیارە لەم بارو دۆخە.

ئەوە ڕوونە کە دەرماڵەی خوێندکاران لای وەزارەتی دارایی نیە. ئەوەش بە پێی ئەو ڕونکردنەوەیەی وەزارەتی دارایی دابوی و بە ڕونی گوتبوی کە دەرماڵەکە لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە ڕێک دەخرێت، نەک لای ئێمە. کەوابێت وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێت وەڵامی بڕواپێکراوی هەبێت.

کێشەی ئاوی پیس لە بەشە ناوخۆییەکان کێ لێی بەرپرسیارە؟؛ سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی؟؛ بەڕێوەبەرایەتی بەشەناوخۆییەکانی سلێمانی؟؛ یان شارەوانی سلێمانی؟؛ ئەی کێشەی تەختی نوستن و ڕاخەر کێن لێی بەرپرسیارن؟. ئینجا دیسان، کێن ئەوانەی بەرپرسیارن لە پێدانی گەرمی بە بەشەناخۆییەکان؟، ئایا دەستی کەرتی تایبەتی تیایە؟، دەست تێوەردانی حیزبی هەیە؟ ئەم پرسیارانە سادەن و وەڵامەکانیشیان سادەن.

دیارە بەرپرسیارێتیەکە هەموی لەیەک شوێندا کۆنەبۆتەوە، بەڵکو بەسەر کۆمەڵێک دام و دەزگای حکومی و لەوانەیە کەرتی تایبەتیش دابەش بوە. بۆیە پێویستە ئەگەر لیژنەیەکی تایبەت دروستکراوە یانیش دروست دەکرێت، پێویستە ئەو پرسیارانە بەهەند وەربگرن و بەڕاپۆرتێکی کورت و پوخت لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە بیخەنە بەردەم ڕای گشتی.

گرنگە بزانین کوێی بەشە ناوخۆییەکان پێویستی بە ڕیفۆرمە. ڕیفۆرم شۆڕش نیە. هەموو گۆڕانکاریەک بە ئاڕاستەی باشتر کردن لە هەر ئیدارە یەک دا ڕیفۆرمە. ئیتر گۆڕانکاریەکە لە شێوازی ئیشکردنا بێت یانیش گۆڕینی کەسەکان، یانیش هەردوکیان.

گەنجەکانمان سامانی داهاتومانن، ئەبێت وەک چاوی خۆمان بیانپارێزین. یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی ئێمەی حوکمڕان، بریتیە لە پاراستن و گەشەپێدانی ئەو سامانە. لەبری ئەوەی هەر فراکسیۆنەی پارلەمانی کوردستان (ئۆپۆزسیۆن و هەندێک لەوانەی لە دەسەڵاتن) دوور لە موزایەدات بەدواداچون و چاودێری ئەم کەیسە بکەن، جارێ خۆنواندن دەکەن بۆ میدیا بۆ قۆزتنەوەی بارودۆخەکە بە مەبەستی موزایەدەی سیاسی، گوتاری پۆپۆلیستی یان خۆ لێ دەرباز کردن.

دواجار پێویستە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لیژنەیەکی بەدواداچونیان هەبێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی پۆلیسیش و خۆپیشاندەرانیش لەوەی کە پێی دەڵێین (توندوتیژی) بەرجستە ببێت.