Alternate Text

سەدام نەما.. تۆش نامێنی؟

یەحیا بەرزنجی‌ 23/03/2021

کە سەدام نەما، ڕژێمەکەی روخێنرا، دەستم کرد بە گریان، بەڵام لە خۆشیدا بوو، لەوەش کە بەخەونیش بڕوام نەدەکرد ئەوە روو بدات، سەدام نەما!

بیرمە لە 1995 کە یەکەم منداڵم، رۆزا لە دایک بوو، تەنها ئەو رستەیەم لە خەیاڵدا بوو، "بمبوورە هێنامی بۆ دنیایەک سبەینێ تۆش پیر دەبیت، بەدەستی حوکمی عودەی، دوای ئەو قوسەی، یان حەلای کچی سەدامەوە، یان کورەزاو بنەچەی ئەو تایەفە تکریتییەوە. هەرچەندە ئەو دەمە شارەکانی باکووری عێڕاق بە دەست ئەو حیزبە کوردیانەوە بوو کە لە دوای شەری کەنداوەوە لە تاراوگەوە، لە کەرەج و دیمەشق و ئەوروپاوە گەڕانەوە، دیمەنیان سەیر بوو، لاتوو پووت، ئێستا لەو ناوچە سەربەخۆیەی پێی دەڵێن هەرێمی کوردستانی عێڕاق، شالیارەکانی سەردەمن.

ئەو دەمەش هەرگیز بڕوام بەوە نەبوو، ئەم سەرکردانەی کورد هی ئەوە بن بمێننەوە، لای من وەها کەوتنە بەرچاو کە پارەی بانقەکە تەواو بوو، غەنیمەیان دابەش کرد، دەرۆن و جارێکی دی سەدام دێتەوە، چونکە مایەی بڕوا نەبوو، بەناوشۆرشگێڕ، دوای ئەو هەموو ساڵە وا لە کوردستان بکات! ئیدی زەمەن و سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئەم گۆڕانەی هێنایە کایەوە، ئەوە 30 ساڵی رەبەقە حوکمڕانن.

راستە سەدامی گۆر بەگۆڕ نەماوە وەلێ سیاسەتەکانی هەر ماوە، لەو دەسەڵاتەوە بۆ سەرکردەی بنەماڵەیی و سیستمی تایەفەگەری. بۆ کۆمەڵێک گیرفان کون، لەوەتەی دەیان بینین رۆژ بەڕۆژ دەبێت بێژی خۆزگەم بە پار، سیاسییەک هەر گیرفانی خۆی وکەسوکارو بنەماڵەکەی دەبینێت، قسەی مام حاجیشم بیر دێتەوە کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەڵێت : "ئەم دەسەڵاتە بە خوتو خۆڕا خەڵک برسی دەکەن، سەد خۆزگەم بەسەردەمی سەدام".

ئێستا کە باوکێکی کورد منداڵێکی ببێت رەنگە هەمان رای هەبێت، بڵێ ببورە کۆرپەکەم هێنامیتە سەر زەمینێک، دەبێت چاوەروانی منداڵی مەلۆتکەی ماڵی مەسعود بارزانی و ماڵی تاڵەبانی و ماڵی برایم ئەحمەد و شانازو کۆسرەت رەسول و نەوشیروان موستەفا و دنیایەک سەرکردەی هەڵتۆقاوی تر بکەیت، حوکمت بکەن؛ ئای چۆن ئەو کۆرپەیەش تەمەن پیری دەکات.

لە 1991ەوە ئەم بە ناو دڵسۆز و سیاسیانە یەکەم شت کردیان داڕوتانەوەی سامانی ژێرخان و بنخانی ئەو سێ پارێزگایە بوو، پردی بێخمە بە واژۆی مەسعود بارزانی و مام جەلال بە کۆنە موستەشارێک فرۆشرا. ئیتر تاقەتم نییە شتی تر بنووسم، بڕواناکەم دەوڵەمەندوو خانەدان هەبێت لە کوردستان سەرانە و سوکایەتیان پێ نەکردبێت، جا چیان نەکردووە؛ شەڕی نێوخۆ و کوژرانی ئەو هەموو کوردە، لەدواجاردا نە تاڵەبانی و نە بارزانی خۆیان بەتاوانبار نەدەزانی. ئێ خۆ کورد زاکیرەی کوێرە و هەرگیز دادگای گەلیشی نابینێت، ئەوە تاڵەبانی و نەوشیروان لە بارەگای خوادان، مەسعود بارزانی و ئەوانی دیکەش جارێ سەریان زیندووە.

ئەو دەمەش خەڵک هەر زوو لە ماهیەتی ئەم بەناو شۆڕشگێڕانە گەیشت، وەلێ بەدیل سەدام دەبوو، ئەو دەمە خەڵکی کورد لە نێوان سەدام و ئەم دەسەڵاتە کوردییە، ئەمانیان هەڵبژارد. وەلێ ئێستا بەدیلی ئەمان سەدام نییە و رەنگە بەدیل زۆر بن! ئای بێشکچی ئازیز هەرگیز وانییە دەسەڵاتێکی خراپی کوردی، لە دەسەڵاتی داگیرکەر بۆ خەڵکی کورد باشتربێت، 30 ساڵی رەبەقە خەڵک دڵی گوشراوە بەدەست ئەم دەسەڵاتە کوردییەی عێڕاقەوە، ئای کە غەدری دەسەڵاتی کوردی بۆ کورد بە سوێو بەئازارە.

ئەزانی بێشکچی بەڕێز، ئەو کێبڵەی سەردەمی بەعس خۆپیشاندەری پێ شینو مۆر دەکرایەوە، ئێستێ لەوە خراپترە، ئێستا فیشەکی زیندوی دەسەڵاتی کوردییە، لەهەمبەر خەڵکی سیڤیڵدا بەکاری دێنن، گەنجە ناڕازییەکان، ئەوانەی داوای ماف دەکەن، خەڵتانی خوێن دەکەن. کێ 17 شوبات، خوێنی رێژوانەکانی لە یاد کردووە؟ ئایا دەزانی بێشکچی چەند رۆژنامەنوسیان تیرۆر کرد، ئا هەر دەسەڵاتی کوردی بوو؟ سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمەو کاوە گەرمیانی و عەبدولستار تاهیر شەریف و رەئوگ ئاکرەیی و ویداد حسێن، زۆری تر.

ئایا دەزانی لە دەڤەری بادینان لەسەر رای جیاواز رەشبگیری دەکەن، ئەزانی گەر دەرفەتت هەبوو، لەو رستەیە تکا دەکەم پەشیمان بەرەوە، لەوەتەی ئێوەمان ناسیوە، خەریکی کۆکردنەوە و کەڵکەڵە کردنی سامانن، لەچەند بانکی دنیا پارە کەڵکەڵە دەکەن و پارە سپی دەکەنەوە، لە کام وڵات خاوەنی ڤێلا و ئاپارت مانی گران بەها نین، لەوەتەی دەستی مامە و کاکە بە سوکانی هەناردەکردنی نەوت گیرسایەوە، دەوڵەمەندی زیاتر بۆ ئەوان و چەوسانەوەو بەش مەینەتیش بۆ دانیشتوانی هەرێمەکە؛ بەڵام پرسیارەکە لەوە دایە ئەم دۆخە بە کوێ دەگات؟

رەنگە دەسەڵاتی خۆبەزل زانی هەرێمەکە بەکردنەوەی ئەو هەموو میدیا سێبەر و ماڵپەڕو نوسەری دەربار و گوێرایەڵ و سەرشۆڕە بیەوێ رای گشتی خەڵکی بەلاڕێدا ببات، ئەوەتا دەیبینن، کێ توانی جڵەوی خوێندکارانی زانکۆکاکانی هەرێم بکات، یان بینیتان کۆچی بەلێشاوی بێلارووس چەند شەرم هێن بوو، ئەی خەڵک رابپەڕێت ئێوە لە کوێ دەبن؟

رۆژگارێک بوو جاش، موستەشار، ئەوانەی سەر بە موخابەرات بوون، ئەو کوردانەی لە ئەمن بوون، پیاوی ئەڵقە لەگوێی رژێمێکی سەرکوت کەری وەکو سەدام بوون، بڕوا ناکەم کەس بە بیریدا هاتبێت، ئەوانە لە سەدام و دارودەستەکەی هەڵگەڕێنەوە، بیرمە لە راپەڕینی 1991 ئەو موستەشارەی نزیک گەڕەکەکەمان بوو، نەمان دەوێرا سەیری ماڵەکەیان بکەین، کە کاتی هات، لە سەربازگەی سارداوی سلێمانی، شان بەشانی خەڵک فیشەکی بە بەعسەوە دەنا.

ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بیر بکەنەوە، پاسەوانی دەورتان، سوپا و سوپەرتان، پارەی کەڵەکەبوو، لە رۆژی حیسابی خەڵکدا بە پولێکە، ئێستا زۆرێک لەو کوڕی هەژارانەی چەکداری هەر لایەک بن، یان پاسەوانی بەرماڵی هەر بەرپرسێکی جەردەبن، لە نێو دڵیاندا زۆر ناهەقی بەرچاوی خۆیان لەبەرچاوە، رەنگە بژێوی وای لێ بکات هێشتا پاسەوانی بەر ماڵت بێت، وەلێ چیرۆکی ئەو کوردانەی سەردەمی رژێم کە بەدکاربوون، کەلاکێک بوون لەسەر شەقامەکان، هەرچی بەلایدا بڕوایە، تفێک کەم بوو بیدات بەرووی لاشەیەکی بێ گیاندا. مێژوو زۆری وتووە و هاوشێوەشی زۆر نیشان داوین، ژیرێتییەکە لەوەدایە پەند لە کامەیان وەردەگرین.