Alternate Text

هاوڕێی بەڕێز کاک مەلابەختیار

ئەبوبەکر هەڵەدنی‌ 23/03/2021

هاوڕێم بەڕێز کاک مەلا بەختیار ، هیوام ئەوەیە تەندروستیت باش بێت.

هاوڕێی ئازیزم خەمی خوداو پێغەمبەر وقورئانت نەبێت،بەدرێژایی مێژوو ئەوەی شەڕەقۆچی لەگەڵ ئەوسیانە کردبێت دۆڕاوە.

وەرە خەمی حزبەکەت وباشوور وحوکمڕانیەکەمان بخۆ.

خەمی ئەوقوتابیانە بخۆ هیچ لەباخەڵیاندا نیە وداوای یەک ملیۆن دینار کەفالەتیان لێدەکەن بۆ ئازاد کردنیان.

خەمی ئەو گەنجانە بخۆ کە سەری خۆیان هەڵدەگرن.

تۆ ماندوو ترین سەرکردەی ئێستای ناوحزبەکەتی لە حەفتاوحەوتەوە مەکتەب سیاسیت، ئەو ڕۆژەی لەگەڵ کاک سیدعلی دابویت وبەڕێگای بەکرەجۆوقلیاساندا بەسواری تراکتۆرێ دەپەڕیتەوە بۆ قولەرەیسی وشێرکوژ ولەوێوە بۆدۆڵەرووت و جافایەتی پێیان ووتی مەترسیە ووتت دەزانم گەر بشکوژرێم هەر دەبێت بڕۆم وداوایان کردووم، ئەی تۆ چۆن رازی دەبیت پێنج سەدملیۆن دۆلار سەرکردە و کەسێک لەحزبەکەت لەقوتی خەڵک بیدزێت.

وەرە لەمەودوا دابڕان تەرخان بکە بۆ دەرچوون لەم دۆخە هەموارە.

تۆ لەهەندێ شتا دەیپێکیت ولای هاوڕێ ودۆستەکانت ئاماژەت داوە بەوەی ترسناکتر بەڕێوەیە وپێشبینی شتی سەیر ترت کردوە.

خۆ تۆ شەهید حەمەنەگڕەیی باش دەناسیت دەزانیت لەو وێنەیەی لەگەڵ رەوانشاد مام جەلال هەیەتی (بەلای منەوە جوانترین وێنەیە چونکە لەسەر ئەو پەیژەوە بۆ تەختی سەرۆک کۆمار و کۆشکەکانی سەلام) ئێستا سەری شەهید حەمە نەگرەیی لادەبەن ولەوێنەکان دەرناچێ تەنها لەبەر ئەوەی کوڕەکەی کاک ڕزگار گۆڕان بووە، دەزانی کاک مەلا دەستکاری موچەی شەهید حەمە نەگرەیی کراوە کەپێش شەهید بوونی فەرمانی بەئامر هەرێم بوونی بۆدەرچوبوو، دەزانی دووساڵ کاک ڕزگارو یادگاری برای ودایکی لەزیندان بوون بپرسە لەدایکی لەمووچەی زیندانیەکەی، ئەو شەهید حەمە نەگرەییەی هەشت مانگی پێچوو تا لەکارەساتی پڕ ناسۆری هەکاری گەرایەوە.

دەزانی کاک مەلا جاش هەبووە کاتی سەفرە و زەروون خەڵکی گرتوە کابرا پاڕاوەتەوە ووتووتی توو پێغەمبەر ووتویەتی من پێغەمبەرم ووتوویەتی توخوا ووتویەتی من خوام ئینجا کوشتویەتی و ئێستا ئەو جاشە خانەنشینی پێشمەرگەیە.

دەزانی لەزانکۆی سلێمانی مامۆستای زانکۆ لەسەر کۆمێنت نوسین لەزەوی بێبەشی دەکەن،

شەش مانگە بەندە لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ و سەرۆکی شارەوانی ولیژنەی شارەوانی و پارێزگا بەدووی ئەو کەیسەوەم گاڵتە ودەستی دەستیمان پێدەکەن. دەی فریا بکەوە، ئەولەویەتی ئێستا گێڕانەوەی متمانەیە بۆ خەڵک تا چیدی کەسوکاری شەهیدان و تێکۆشەران خۆزگە بە ڕابردوو نەخوازن و منداڵ وگەنج وبەساڵاچووی گەلەکەمان لەسەراسیمەیی وبێهوایی دا یەک لەدوای سەرنەنێنەوە.