ماڵەکەی عەبوبەکر
عهزیز رهئوف 23/03/2021
زوڵەیخا، خانمە گۆرانیبێژێکی میللی کوردە، تەمەنی حەفتا ساڵی تێپەڕاندبوو بەڵام زۆر بەئازادی گۆرانی دەچڕی. زوڵەیخا لە گۆرانیەکدا دەڵێ:
چومە ماڵی عەبوبەکر
لەبۆی دانام شیر و شەکر
لێم حەرام بوو تامم نەکر
زوڵەیخا هەم گۆرانی دەچڕێ و هەم تەپڵەکەی ژێر باڵی دەکوتێ. بەڵام بە بیانوی ئەوەی حەیای خانەوادەکەیانی بردووە، شەوێک یەکێ لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بە خەنجەر دەکەوێتە گیان ئەم خانمە بەتەمەنە و تیرۆری دەکا.
لەدوای مەرگی زوڵەیخا و بێدەنگی تەپڵ و گۆرانیەوە ئیدی ناوچەکە پڕ دەبێ لە تیرۆرست و عەبوبەکرە خاوەن شیر و شەکرەکەی زوڵەیخا دەبێتە ئەبوبەکری بەغدادی و ئیدی دەبێتە تارمایی خەلیفەیەک لە عیراق و شام.
هەواڵەکان دەڵێن خەلیفە کوژرا. بەڵام هەرگیز مەرگی ئەبوبەکر بەغدادی کۆتایی تیرۆر نیە لە ناوچەکەدا، بەڵکو کۆتایی شانۆگەری ئەکتەرێکی توندوتیژ و منداڵێکی چەتوون و بەردهاوێژە لەنێو کۆمەڵێک باوکی خوێنڕێژتر و ستەمکارتر و توندوتیژتر.
هەرگیز ئەبوبەرکر بەغدادی لە ئاردۆگان و ئەسەد و خامنەیی و دەم و چاوەکانی بەغدای پایتەخت تیرۆرستتر نیە. کەم نین ئەو هێز و گروپانەی بەناوی دیموکراسی و نەتەوەیی و نەژادیەوە گەلانی ناوچەکە دەچەوسێننەوە. ئەوەی بەشێکی زۆری دیکاتۆرەکانی ناوچەکە کە هەموو کەرەستەکانی دیموکراسیشیان لەبەردەستە و دامەزراوە دیموکراسیەکان بەکار دێنن، بەڵام لێوانلێون لە توندوتیژی و ستەم و نادادی. لەم نێوەندەدا ئەبوبەکر بەغدادی تاکە کارەکتەرێکی نێو ئەم دنیا پڕ لە توندوتیژەیە کە دەمامکی کەوتوە و ڕوخساری خۆی نیشانداوین.
لەگەڵ کەوتنی خەلیفەیەکدا سوڵتانی سونی ناوچەکە دەمامکی هەڵماڵی و کەڵبەی بە ئاشکرا دەرکەوت، لە سوریا لەمێژە ئەسەدی باوک و کوڕ بەناوی شۆڕشەوە خوێنیان بەرهەم هێنا و لە ئێرانیش شۆڕش سێدارە و لە بەغداش کەوتنی پەیکەری دیکتاتۆر چەندین دیکتاتۆری بچوکی دوای خۆی دروست کرد کە عیراقیان کردۆتە زبڵدانی بێکاری و نادادی و گەندەڵی.
پێش بەغدادی زۆری تر کەوتن کە دەبوو کۆتایی شانۆگەریەکە ببینین. مەرگی بنلادن و پێشتریش موسعەبی زەرقاوی ڕۆڵی سەرکردە و وڵاتانی زلهێز و شوێنپێیان لە ناوچەکەدا بەڕوونی دیارە.
هەرگیز مەرگی ئەبووبەکر بەغدادی مەرگی تیرۆریزم نیە لە ناوچەکە و دنیادا. مادام ئایین کەرەستەیەکی ئاسانە بەدەست موسوڵمانە توندڕەوەکانەوە، مادام توندوتیژی لە ژووری نوستنەوە بۆ ژووری قوتابخانەی منداڵەکانمان ئامادەیە، مادام لە مینبەری مزگەوتەوە بۆ بارەگای حزب و کۆڵانە تاریکەکان توندوتیژی ئامادەیە، ئەوا ناوچەکە لەبارە لە ئەبوبەکرێکەوە بۆ ناوێکی تر و دەم و چاوێکی تر. مەرگی ئەبوبەکری بەغدادی کۆتایی شانۆگەرییەکە بۆ پیشاندان و نواندن و پرۆڤەکردن بۆ شانۆگەریەکی تر.
هەواڵەکان پێمان دەڵێن خەلیفە ئەبوبەکر دەکوژرێت. لە ناوچەکە ئەوان شیر و شەکر لە زوڵەیخاکان حەرام دەکەن و دواجار کەس نیە بچێتە ماڵی عەبوبەکرەکان چونکە لەگەڵ زەوی دا تەخت دەبێت و جەستەی خۆی و ژنەکانی و شیر و شەکر پێکەوە تێکەڵ دەبن.