Alternate Text

با ریسەکە نەکەینەوە بە خوری

فارس نەوڕۆڵی‌ 23/03/2021

ئەم دۆخەی ئێستا،هەتا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە داواکاری و مافی قوتابیان و خوێندکاران و فێرخوازان و فەقێیانەوە هەیە، هەتا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە ماف و ژیانی خەڵکەوە هەیە،ئەوەی دژی بێت خوا دەیگرێت٫لە دوای ئەمەوە پێویستە هەموومان بە تێگەیشتن لە مێژووی کوردو ئەو پیلانانەی دژی کورد بەڕێوەچووە ئێستا بخوێنینەوە.

هەر نەتەوەیەک لە مێژوودا چەندین قۆناغی سەختی تێپەڕاندووە، ئێستای هەر نەتەوەیەک ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەو جیهانبینی ئێستای ئەو نەتەوەیەیە. کورد ئەو نەتەوەیە زۆرترین قۆناغی سەختی تێپەڕاندووە. ئەو کاتەی  لە لوتکە نزیک ببێتەوە هەر بۆ خۆی و لە ئەنجامی کورتبینی و نێرگسییەتی سیاسی ناوخۆیدا، لەبری ئەوەی هەوڵی سەرکەوتن بدات بە پێچەوانەوە بەربووینەتە یەکتر و کارتی دەستی ئەوانی دیکە. ئەمەش بۆتە هۆی شکستی هەر قۆناغێک. سەرچاوەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە نەمانتوانیووە خولیای مەزنایەتی بین، هۆکارەکەشی لە لاوازی پەروەردەوەیە٫ پەروەردە بە مانا فراوانەکەی٫ ئەو نەتەوانەش کە گەشتونەتە لوتکە بەهۆی سەرکردەکان و هەموو چین و توێژەکان و ڕۆشنبیران و بیرمەندانەوە بووە، کە لە ستراتیجدا هاوهەڵوێست بوون،سەرەڕای جیاوازییەکانیان!

 ئەم دۆخەی ئێستا زۆر هۆکاری بابەتی وخودی و ناوخۆیی و دەرەکی هەیە بۆیە پێویستە بە عەقڵانی و دوربینی هەموو لایەک چارەسەربکرێت، دۆخەکە زۆر ئاڵۆزوو توند نەکەین. ئەزمونمان هەیە هیچی لێ بەدەست ناهێنین باشترە نەرمتر ڕکابەری و داوای مافەکان بکەین،وەک مەولاناش دەڵێت(گوڵ لەسەر بەرد ناڕوێ ، ببە بەگڵ دەبێتە گوڵستان! 
ئێستا عێراق لە دۆخێکی هەستیاردایە ئەو هەستیارییەش پەیوەندی بە دەوڵەتانی خاوەن بەرژەوەندییەوە هەیە لە عێراقدا، لاوازترین ئەڵقەش کوردە کە بیکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانیان چونکە هیچ نەتەوەیەک لە دەرەوە ناکەوێ ئەگەر لە ناوەوە دانەڕزابێت!

ئەگەر دان بە ڕاستیدا بنێین پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگەی کوردی لە ئاستی سیاسیدا داڕزاوە. لەم سۆنگەیەوە دەبێ ئەوە بزانین فەوزاو کەوتنی هەر جێگایەک٫ شارێک لە هەرێم کەوتنی تاک بە تاکی کوردستانیانە٫لە لایەکی دیکەوە زەرەرمەندی یەکەم هاوڵاتیانی شارەکەیە ئەگەرسەیری ئەم چەند ڕۆژە بکەین و پرسیار لە کاسبکاران بکەیت٫لەبازگانەکان ،لەسەرتاش ،لەبۆیاخچی ،لە کۆگای جل وبەرگ ،لە چایخانەکان ئەوجا دەزانین دۆخی بازاڕ لەچی وێرانەیەکدایە. بۆیە داوام لە هەموو حزبەکان و ڕۆشنبیران و خوێندکاران هەیە خاڵێک بکەنە نمونەی باڵاو هاوبەش، ئەویش پاراستنی ئاسایشی هەرێمە. بسمارگ ووتی (ئێوە دەتوانن بڕیاری ئەوە بدەن کەی و لە کوێ دەست بەشەڕ دەکەن بەڵام نازانن ئەوشەڕە لەکوێ و کەی کۆتایی دێت). نمونەش لە وڵاتانی ناوچەکە دیارە.

بۆیە تکایە سەرەڕای هەموو داوا ڕەواکانتان وریابن ڕیسەکەمان نەبێتەوە بە خوری و لەم لاولاوە ئیستغلالی کێشەکانی ناوماڵی کورد نەکەن بۆ ڕوخاندنی ماڵی کورد، مێژووش بەزەیی بە کەسدا نایەتەوە!