Alternate Text

ئێمەبووین مێشکمان دۆڕاند، سیلیکۆنمان بردەوە

هەڤین کەمال‌ 23/03/2021

بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی ولەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی شارستانیەت، مرۆڤ بەردەوام لە ھەوڵی باشترکردنی خۆی و جوانکردنی خۆیەتی بە چەندەھا ڕێگای جیاواز ، چ لەڕووی سیماوە بێت یاخود عەقل و فکرەوە بێت.

ئەمە سیفەتێکی ئەزەلی و ناچڕاڵە لە مرۆڤەکاندا کە دەیانەوێت بەجوانترین و سەرنجڕاکێشترین شێوە دەرکەون و دەوروبەر سەرسام بکەن.

ئەم ئارەزووی خۆدەرخستنە کە لەڕادەیەکی پەسەند و مەعقولدا دەبێت زۆر نورماڵ و ئاساییە، زۆر ئاساییە ئەگەر کێشەیەکت هەبێت لە ڕوخساردا یان لە شوێنێکی جەستەتدا و لەڕووی دەرونیەوە بێزارت دەکات هەوڵ بدەیت چاکی بکەیت و جوانتری بکەیت کە ئەمە مافی خۆتە وەک مرۆڤێک، بەڵام کارەسات کاتێک دەست پێدەکات کە مێشک و فکر فەرامۆش دەکرێت و تەنیا ڕووکەش جواندەکرێت و زیادەڕۆی تیا دەکرێت و مرۆڤ وەک کاڵایەک سەیر دەکرێت و دەبێت بە ئامرازێکی چێژ بەخشین لەلایەن ڕەگەزی بەرامبەرەوەوە . ئالێرەدا کۆمەڵگایەکی سەتحی و بێباک دروست دەبێت و ووردە ووردە بەرەو تێکچوون و فەنا بوون دەڕوات.

لەساڵی" ٢٠٠٦" دا ووڵاتێکی وەکو ھند بڕیاری دا کە ھەموو ھێزو توانایی یەکخات بۆ زیادکردنی ژمارەی زانا و بیرمەندەکانی، ھەروەھا پلانێکی تۆکمەی داڕشت بۆ ئەوەی ژمارەی توێژەرەوەو توێژینەوەکانی زیاد کات تا بتوانێت بگاتەوە بە ووڵاتەکانی وەکو ژاپۆن و چین و کۆریای باکوور لەبواری توێژینەوە تازەکاندا .

ئەگەر بێین دۆخی جیھان بە گشتی ھەڵسەنگێنین، ئاساییە ئەگەر ووڵاتە زلھێزەکانی وەک ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو بەریتانیا و ڕوسیا سەرقاڵبن بە توێژینەوە جیاوازەکان و ھەمیشە لەھەوڵدابن بۆ پێشکەوتنی زیاتر لەم سەدەیەداو لەم جیھانی سەرمایەدارییەی تێیکەوتوین.

چونکە ئەوە ڕوونە ھەموو توێژینەوەیەک و زانستێکی نوێ مانای ئەوەیە پێگەیی سەرمایەداری خۆیان زیاتر بەھێز دەکەن لە جیھاندا و دەتوانن زیاتر کۆنتڕۆڵی جیھان بکەن، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە ووڵاتێکی ھەژاری وەکو ھند کە زیاتر لەنیوەی دانیشتووانی لەژێر ھێڵی ھەژاریەکی زۆرەوە دەژین، بتوانن پارێزگاری لە زانا و بیرمەندەکانیان بکەن و بودجە دابین بکەن و ئالیەت دابنێن بۆ چۆنێتی پێشکەوتنی زانست و توێژینەوە تازەکان، بە بەراورد بە ووڵاتێکی وەکو ئێمە کە ساڵانە سەرمایەیەکی زەبەلاحمان ھەیە بەھۆی فرۆشیاری نەوتەوە ، جگە لە چەندەھا سەرچاوەیی تر.

کەچی ھەتا ئێستا دەسەڵات و کۆمەڵگەیی کوردی نەیانتوانیوە پارێزگاری لە ( بیرمەند و نوسەر و زانا و پزیشک و ئەندازیار و مامۆستا ..ھتد) بکەن و زەمینەسازییەک دروست کەن بۆ ڕێگرتن لە کۆچی ھەزارەھا مامۆستایی زانکۆ و پزیشک و نوسەر و دەرچووانی زانکۆ و کۆلێژە جیاوازەکان، ئەویش بە دابینکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆیان.

لە ڕاستیدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کەمتەرخەمی دەسەڵاتە کە گرنگی نادات بە زانست و ڕۆشنبیری و توێژینەوە لە بوارە جیاجیاکاندا، و ناتوانێت پارێزگاری لە زانا و بیرمەند و ڕۆشنبیرەکانی بکات ؟! یاخود سەتحیەت و ڕووکەشی تاکی کوردە کە وای کردووە ھیچ نرخێک بۆ زانست و فکر و ڕۆشنبیری نەمێنێت لە لای و تەنیا بایەخ بدات بە ڕووکەش و جوانی بکات ؟! یاخود کەشەکە بەگشتی نالەبارە و ڕژێمی سەرمایەداری جیھانی تاکێکی سەتحی و ڕووکەش پەرست دروست دەکات ، و ئەم جۆرە بازرگانیەمان بۆ ھاوردە دەکات !؟ لەوانەیە ئەمانە ھەمووی لەگەڵ یەکدا ھۆکار بن ، بەڵام تراژیدیا و ناسۆرێکە لەوەوە دەست پێدەکات کاتێک میللەتێک گەنجەکانی و چینە ھەرە ئاکتیڤەکەی ھێندەی سەرقاڵی سەردانی ئارایشتگا و سەنتەرەکانی جوانکاری و تاتۆ دروست کردن بن ، نیو ھێندە سەرقاڵی سەردانی کتێبخانە و سەنتەرەکانی چالاکی لاوان و ڕێکخراوەکانی گەشەپێدانی تاک نەبن . ھەتا ئێستاش عێراق بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی یەکێکن لەو ووڵاتانەی کە لەڕیزبەندی یەکەمان لە ڕۆژھەڵات بۆ کردنی نەشتەرگەری جوانکاری و بۆ بەکارھێنانی ئامرازەکانی جوانکردن و ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر ماددەی سلیکۆن و فیللەرو بۆتۆکس لە جەستەی خەڵکدا بەکاردەھێنرێت.

لەووڵاتێکی وەکو ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یاخود ئەوروپا ڕێژەی جوانکاری بە بەراورد بە ڕۆژھەڵات زۆر کەمە، لەبەرئەوەی تاکی ئەمریکی یاخود ئەوروپی بە بەراورد بە تاکی ڕۆژھەڵاتی نە ئەو توانا مادییەی ھەیە بیر لە جوانکاری بکاتەوە، نە ئەو کاتە زیادەیەشی ھەیە کە خۆیی بەشتی لاوەکییەوە مەشغوڵ کات و بیر لە ڕووکەش بکاتەوە.

ھەر بۆیە دەبینین ئەو کوردانەشی کە لە تاڕاوگە دەژین و بیر لەجوانکاری ڕووخساریان یان ھەربەشێکی تری جەستەیان دەکەنەوە، بەھەمان شێوە دێنەوە کوردستان و ئەنجامی دەدەن . زۆر ڕاشکاوانە دەتوانین بڵێن : ڕۆژھەڵات و بەتایبەتی ووڵاتەعەرەبیەکان بوونەتە بازاڕی ئەو بازرگانیەی کە لە ڕۆژئاواوە بۆمان ھاوردەکراوە و تاکی جیھانی سێھەمی کردووە بە کاڵایەک بۆ ساغ کردنەوەی ئامرازەکانی جوانکاری.

بە داخەوە ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوامبێت و فکر و عەقڵ بەرەو کاڵبوونەوە بڕوات و ھیچ بەھایەکی نەمێنێت، ئەوا کۆمەڵگای کوردی بەرەو ڕووکەشگەراییەک و سەتحیەتێکی زۆر دەڕوات و لەداھاتوویەکی نزیک دا ھیچ بەھایەکی فکری و ڕۆشنبیری و ئەخلاقی نرخی نامێنێت.

بۆیە زۆر ڕاشکاوانە دەتوانین بڵێین : چ ووڵاتێکە ! کە لەشەوێکدا یان لە ڕۆژێکدا ئەو پارەیەی سەرف دەکرێت بۆ کۆنسێرتی گۆڕانیبێژێکی بیانی یاخود ڤیستڤاڵێکی ڕەنگ یان بۆنەیەکی حزبی سەد ھێندەی ئەو پارەیە بێت کە زانایەک یان بیرمەندێک لەھەموو ژیانیدا بەدەستی دێنێت.

چ میللەتێکە ! ھێندە ڕووکەشانە دەژی، ھەمووی خەریکی جوانکارییە لە دەرەوە و لە ناخدا تووشی گانگرین بووە و مێشکی بەرەو پووکانەوە دەڕوات.

چ فکرێکە ! نمایشکارێک کەتەنیا لاشە پڕ سلیکۆن و ڕووخسارە پڕ بۆتۆکس و فیلەرەکەی نمایش کات لەسەر سۆشیاڵ میدیا بە سەدان ھەزار فۆلووەری ھەبێت، بەڵام باشترین نووسەر و بیرمەند سەد کەس بابەتەکانی نەخوێنێتەوە.

چ شیزۆفرینیایەکە ! میللەتێک ڕۆشنبیر و نوسەرەکانی قەڵەمەکانیان قاسە قەڵەم بێت و شتێک بنوسن و شتێکی جیاواز ئەنجامبدەن.

چ ڕۆشنبیریەکە ! کە زۆرێک لە سایتەکانی سۆشیاڵ میدیا قسەی نمایشکارەکانمان بۆ بگرنە چوارچێوە و وەکو پەند بۆمان دانێن.

چ داھاتوویەکە ! کەگەنجەکان ھەموو خەونیان ئەوەبێت چۆن ببن بە گۆرانیبێژێک یاخود بەند بێژێک یاخود نمایشکارێک لە جیاتی پزیشک و نوسەر و ئەندازیار و مامۆستا...ھتد.

چ دۆزەخێک چاوەڕوانمانە ! کە پارچە گۆشتێکی سمتی پڕ سلیکۆنی نمایشکارێک نرخی ھەزار ھێندەی مێشکی پڕ زانستی زانایەکی وەکو کۆچەر بیرکار بێت. ئاساییە هەموو مرۆڤێک هەوڵی خۆ جوانکردنی ڕوخساری بدات یاخود ئەو شوێنەی لە جەستەی بەدڵی نیە هەوڵ بدات جوانتری بکات، ئەوە مافێکی شەخسی خۆیەتی وەکو مرۆڤێک، بەڵام نابێت لەسەر حسابی بیر و فکر و هۆشی بێت و ئەوانە فەرامۆش بکات و تەنیا گرنگی بە ڕووکەش بدات.