Alternate Text

چراكانی نیشتمان

خەلیل عەبدوڵا‌ 23/03/2021

شەوكەت رەشید؛ ھونەرمەندی فرە بەھرە!
هونەرمەندێكی ناسراوی كوردستانە‌و وەك گۆرانیبێژ‌و ئاوازدانەر‌و موزیكژەن‌و شاعیر خزمەتی بەكاروانی هونەری‌و ئەدەبی كوردستان كردووە.
شەوكەت رەشید عیزەت ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیە‌و ساڵی 1933 لەگەڕەكی مەڵكەندیی شاری سلێمانی لەدایك بووە.
خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی لەشاری سلێمانی تەواو كردووە.
كۆتایی ساڵانی چلەكانی سەدەی رابردوو، قوتابخانەی مۆسیقای سەربازیی لەشاری كەركوك خوێندووە‌و شارەزایی لە ئامێری كلارنێت پەیدا كردووە.
ساڵی 1963 لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا تیپی مۆسیقای (سۆلاڤ)یان لە شاری کەرکوک دامەزراند.
ئەم هونەرمەندە لەگەڵ زۆربەی تیپە مۆسیقییەكانی كوردستاندا كاری كردووە لەوانە(مەولەوی، سلێمانی، سۆلاڤ، باواجی، هونەرو وێژەی كوردی، تەلەفزیۆنی كەركووك).
شەوكەت رەشید خاوەنی چەندین گۆرانییە كە تائێستا گوێگری تایبەتی خۆی هەیە.
وەك موزیكژەنیش بەئامێرە مۆسییقییەکان بەگشتی و كلارنێت بەتایبەتی خزمەتی كردووە‌و لەدوای قادر دیلان دووەم هونەرمەندی كورد بووە كە ئەم ئامێرەی بەكارهێناوە‌و داهێنانی تێدا كردووە‌و لەشێوازی هونەری رۆژئاوایی بۆ شێوازی هونەریی رۆژهەڵاتی سوودی لێوەر گرتووە‌و لەگەڵ هونەری كوردی موتوربەی كردووە.
ئاوازیشی بۆ گۆرانییەكانی خۆی‌و زۆر هونەرمەندی تر داناوە‌و خاوەنی چەندین ئاوازی ناوازەیە.
هەروەها شیعریشی نووسیوە‌و كردوویەتی بەگۆرانی.
هەر لە بواری خزمەتكردنی هونەری كوردیدا، ساڵی 1984 بەرنامەیەكی لە تەلەفزیۆنی كەركووك بەناوی (ئارەزوومەندان) پێشكەش كرد كە بایەخی بەدیداری هونەرمەندانی گەنج ئەدا‌و لەرێی ئەو بەرنامەیەوە چەند هونەرمەندێكی لاو دەركەوتن‌و ناسران.
هونەرمەند شەوكەت رەشید كاریگەری هونەری لەسەر خانەوادەكەشی هەبووە‌و هەر بۆیەش سێ‌ كوڕی رێچكەی هونەری ئەویان گرتووە‌و خزمەتیان بەبواری هونەریی موزیکی كوردی كردووە.
ئەم هونەرمەندە خۆشەویستە چەندین ئاواز‌و گۆرانی‌و تێكستی شیعریی جوانی وەك یادگاری لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، كە بەهەمیشەیی بە نەمری ئەیهێڵنەوە.
هونەرمەند دوای ساڵانێكی زۆر لەخزمەتكردن‌و بەكەلتووری كوردستان لە 17ی نیسانی1991 بەنەخۆشی كۆچی دوایی كرد‌و لەگۆڕستانی شێخ موحێدینی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.
دروود بۆ گیانی پاكی شەوكەت رەشیدی هونەرمەندی گەورەی فرە بەهرە.