هەولێر پارکی زۆر و جوانی لێیە، تەنها لەنێوان پێنجسەت مەترەک و نزیک بەگەڕەکە میللییەکان، پێنج پارکی لێیە، منارە، شانەدەر یەک و دوو، گلکەند، دارستانی کوران، کە دەکرێ لەمەودوا ئەمیش بکرێتەوە و چیدی بەداخراوی نەمێنێتەوە!
دەسەڵاتدارانی شار، هەقە ئەو پرسیارە بکەن، بۆچی دانیشتووانی ڕەسەنی هەولێر نایەنە ئەو پارکانە، ئایا هۆکار چییە؟
بێگومان زۆربەی ئەو خەڵکانەی لەدەوروبەری یاخود نزیک بەو پارکانەن، لەخانووی سەت مەتری دەژین، بەبێ حەوشە و داروبار! سەرباری ئەمەش هێشتا نایەنە پارک!
دەکرێ ئێمە سوود لەئەزموونی ئێران وەربگرین، لەئێران پارکەکان ماڵی دووەمی خەڵکن، تایبەت لەوەرزی هاوینان، زۆربەی خەڵکی لەهەفتەی شەوێک لەم پارکانە دەنوون!
ئەگەر بمانەوێت، ئێمەش پارکەکان بکەین بەماڵی دووەم، دەبی توالێتەکانی زۆرتر و پاکوخاوێنتربن، هەموو خێزانەک بۆی هەبێ خواردن و تەدارکی دانیشتن و نووستن لەگەڵ خۆی بهێنێتە ژوورەوە، لەهەمووی گرنگتر هەڵگرتنی چاوەدێری پیاوانی ناوپارک ئەوانەی چەندین ناونیشانیان هەیە، لەسەر ئەو کچ و کوڕ و ژن و مێرد و کەپلانەی بۆ خۆیان دانیشتوون و قسە دەکەن، تەنانەت با یەکتریش ماچ بکەن!
ئەوکاتەی خەڵک هاتنە پارکەکان، بێگومان کێشەش دەبێ، بەڵام ناکرێ پاشەکشە بکرێ، با لەچواردەوری هەموو پارکێک دوو سەیارەی پۆلیسی لێبێ و لەکاتی ڕوودانی هەر شتەکی نەخوازراو، بگەنە شوێنەکە و کۆنتڕۆلی بکەن.
دەکرێ پارکەکان ۲٤ کاتژمێر کراوە بن و ئەو کەسانەی حەزدەکەن شەوێک لەپارک بنوون، یاخود گەشتیارن و پارەی هۆتێلیان نییە لەوێ بخەون!
بەمجۆرە، مرۆڤ زیاتر هەست بەئارامی و ژیان دەکات، بەهیوام بگاتە شوێنی خۆی!