Alternate Text

ئەڵێی مەیمونی باتایت؟

داناز عەبدولڕەحمان‌ 23/03/2021

لە سلێمانیدا لە ساڵانی شەستەکانەوە هەتا ئێستا دەستەواژەیەک بەکاردەبرێت وەک و پلار و توانج و سوکە جنێو،بۆ کەسانێک کە هاروهاج و جموجۆڵیان زۆر بێت ،یان بۆ کەسانێک کردەیەکی قێزەون بکەن،یان ڕوخسارێکی کەمێک ناشیرینیان ی هەبێت.. دەستبەجێ ئەم گوزارەیان پێ دەوترا دە دانیشە ئەڵێی "مەیمونی باتەیت" دەموچاوت لەمەیمونی باتا ئەچێت..

بەڵام ئایا ئەبێ "مەیمونی باتا" چی بێت،بۆچی ئەو دەستەواژەیە لەکوێوە ژێدەری گرتووە..

بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا کۆمپانیای پێڵاوی باتا لە ساڵی 1932 کارگەیەکی خۆی لەعێراقدا لە شاری بەغدا دامەزراند،واتا دوای 36ساڵ لە دروستکردنی باتا ،پێڵاوی باتا هاتە عێراقەوە.. بەڵام ساڵی ١٩٦٤ ئەو کۆمپانیایە بەفەرمی شتومەکەکانی خۆی خۆماڵیکرد، لەژێر ناونیشانی(الشرکة العامة للصناعات الجلدیة والاحذیة)٠

کۆمپانیای باتا لە سلێمانی دەکەوتە شەقامی مەولەوی لە تەنیشت دەرمانخانەی کاوە،بەرامبەر بازاڕی زێوەر لەشانی چەپ و لەلای راست بەرگدرووی جوتیار و هەموویان پشتیان بە مەیانی دارەکەی حەمامی قشڵە بوو کە ئێستا بە بازاڕی دەبۆکەیە،باتەکە بەرامبەر دوکانی حاجی ملا شریف ی سەعاتچی بوو.

لە سەرەتایی پەنجاکاندا بەشێکی لە شاری سلێمانی لە شەقامی مەولەوی کردەوە.کەیەکەم بریکاری وەرگرتنی باتا خوالێخۆش بێت کاک "ئاوڕەحمان مام مەجی حاجی قادر" بوو ناسراو بوو بە ئاوڕەحمانی باتە..دواتر لە ساڵی 1967لە بەغداد فەرعێکی تری کردوە، بەڵام دواتر بەشێکی تر بەڕێوەدەبرا لە شەقامی پیرەمێرد و جادەی سجنی کۆن کە لەلایەن کاک "بەهادینی فایەق ی رەشید گۆمڵەیی"یەوە بەرێوە دەبرێت و ئێستاش بەردەوامە و دوکانەکەی هەرماوە..

مەیمونی باتا چی بوو؟

بەسەرهاتی ئەم مەیمونە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی شەستەکان.

دەستەواژەی ئەم مەیمونەی باتا یە لەوەوە پەیدابوو.. لە شەستەكاندا دەنگۆی زیاتر بڵاوبووە،وێنەی مەیمونێک لەشێوەی ریکلام دانابوو،دواتر مەمونێکی ئەلیکترۆنیان لە ناو جامخانەی پێشانگاکەدا دانا، کە پێڵاوێكی بەدەستەوە بوو جوڵەی پێدەکرا،کەئەم مەیمونە لەزۆربەی پێشانگاکانی باتادا هەیە لە جیهاندا،بۆ ڕاکێشان و سەرەنجی کڕیارەکان،خەڵکی بەدیارییەوە دەوەستان و پێدەکەنین بۆ ئەو سەردەمە شتێکی دەگمەن و ناوازە بوو،بۆیە مناڵان کاتێ کە دەچوون بۆ بازاڕ گڕویان دەگرت هەتا بتوانن بچن سەردانی مەیمونەکەی باتا بکەن.. مەسەلەی دانانی مەیمونەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ماوەیەک کۆمپانیای باتا،کەمێک گەندەڵی لەشتومەکەکانیدا کرد،بۆیە ماوەیەکی زۆر کەم بازاڕی و کەم فرۆشیاری ڕووی لەو کۆمپانیایە کردو،بۆ قوتار بوون داپۆشینی ئەو کەموکوڕیە گەورەیە، لەو نەهامەتی کەمفرۆشیی و کێشەیە،وێنەی ڕیکلامێکی گەورەی مەیمونیان دروستکرد،لەگەڵ مەیمونێکی ئەلیکترۆنی لەناوەڕاستی جامخانەکەدا دەنا و هەڵیان دەواسین. هەتا کڕیارەکان سەرلەنوێ بەلای بازاڕی خۆیاندا ڕابکێشنەوە.

هەرچەندە مه‌یموونەکە ‌کلک درێژه‌کەی له‌ناو جامخانه‌ی پێشانگاکەدا دەجوڵاند و ده‌که‌وته‌ سەما و قونه‌قون،هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی دەکرد،کڕیارەکان زیاتر سەرەنجیان دەدا و قاقا پێدەکەنین و باشتر لە دەوری خڕ دەبوونەوە..بەڵام مەیمونەکە نەیتوانی جارێکی تر بازاڕ گەرمی بۆ کۆمپانیای باتا دروستبکاتەوە..

باتا چییە؟

جۆرە پێڵاوێکی بەناوبانگی کۆمپانیای باتا بوو،

ناوی پێڵاوی باتا لە چیەوە ھاتووە ؟!

ناوی پێڵاوی باتا وەرگیراوە لە ناوی دامەزرێنەری کۆمپانیای باتا ( تۆماس باتا - Tomas Bata ) کە لە ساڵی ( 1894 ) دا ( تۆماس باتا ) بە ھاوکاری براکەی ( Antonin ) و خوشکەکەی ( Anna ) کۆمپانیای باتای بۆ دروست کردنی پێڵاو ، لە گوندی ( زلیــــــن ) باشووری کۆماری ( چیك ) دامەزراند .

ئێستا بارەگای سەرەکی کۆمپانیای باتا دەکەوێتە شاری ( لوزان - سویسرا ) .

کۆمپانیای باتا سەرجەم بەرھەمەکانی دەنێرێتە پتر لە 70 وڵات و بنکەی لە 27 وڵاتی جیاجیا دنیادا ھەیە، 5هەزار بازاڕی لە جیهاندا هەیە..ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن کڕیاری هەیە.

کۆمپانیای باتا ، ناوی لە کتێبی گینیس بۆ ژمارە پێوانەییەکان تۆمارکراوە،بە پڕفرۆشترین جوت پێڵاوی کە ( 14 ) بلیۆن جووت پێڵاو لەماوەی ( 126 ) ساڵ فرۆشراوە..

لە ئێستادا نزیکەی ( 30.000 ) کارمەندی ھەیە و جگە لە بەرھەمھێنانی پێڵاو ، جل و بەرگ و ئێکسسواراتیش بەرھەم دەھێنێت .
تێبینی وشەی پاتە کە لەکۆندا بە پێڵاوی لاستیک دەوترا و ئێستاش هەر وای پێدەوترێت.،چاوگی وشەکه لە باتا وە وەرگیراوە و بەوناوەوە ناونراوە ..