Alternate Text

یادی كۆمەڵەو پاساوی بێ بنەمای هەڵوەشاندنەوەی!!

مه‌لا به‌ختیار‌ 23/03/2021

(١٠ی حوزەیرانی ١٩٧٠ یادی (٥٢) ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانە. كە شیهابی شێخ نوری دامەزرێنەرێتی‌و هەر خۆیشی بە پەندی (كەم بژی‌و كەڵ بژی) لە زینداندا سەلماندی، كۆمەڵە لەسەر چ بنەمایەكی مێژوویی دامەزراوەو لەناو چ پرۆسەیەكی مێژووییشدا، دەتوانێ‌ ئەركەكانی راپەڕێنێ‌.
دوای جەزرەبە بەركەوتنی سەركردایەتی كۆمەڵە و گیرانی سەركردایەتیەكەی.. (كە دەیانتوانی خۆیان لەو كارەساتە بپارێزن) شەهید ئارام، بە پشتیوانیی خاڵە شیهاب‌و زۆربەی سەركردایەتی زیندانیكراوی كۆمەڵە، خۆی‌و كۆمیتەی هەرێمەكان، توانییان كۆمەڵە لە كارەساتی گیران‌و راوەدوودان.. پاشان، ئامادەسازی بۆ شۆڕش‌و هەڵگیرساندنی شۆڕش، رۆڵی شۆڕشگێڕانە بگێڕن.
ساڵانی (١٩٧٠-١٩٧٥) تەنهاوتەنها، سەركردایەتی كۆمەڵە بە خەباتی نهێنی، شانیان دایە بەر دامەزراندنی رێكخراوێكی چەپ. (١٩٧٥-١٩٧٧)یش، تەنها كۆمیتەی هەرێمەكانی كۆمەڵە، توانییان كۆمەڵە لە كارەسات بپارێزن‌و رێگاش خۆش بكەن، دەستەی دامەزرێنەر، دوای هاوئاهەنگی لەگەڵ كۆمیتەی هەرێمەكان ساڵی (١٩٧٦-١٩٧٧) پاشان لەتەك بزوتنەوەی سۆسیالیستی، لەخۆیان راببینن بڕیاری شۆڕش بدەن. هەروەكو مام جەلال بەردەوام دەیفەرموو.. ئەگەر لەناو وڵات شۆڕش بەرپانەكرایە، لەدەرەوەی وڵاتەوە شۆڕش بەرپا نەدەكرا.
ئەو هێزە كەمەی لە قامیشلوش مەشقیان پێدەكرا، زۆربەیان كۆمەڵە بوون. سەرقافڵەی هاتنەوەی مەفرەزەكانی قامیشلوش، بۆ كوردستان لە(١ی حوزەیرانی ١٩٧٦)، كە (٣٨) هەڤاڵ بون، فەرماندەكەیان شەهید برایم عەزۆ بوو.. (نەك ئەندامێكی دەستەی دامەزرێنەر) ئامر مەفرەزەو رابەرە سیاسیەكانیشیان، هەر كۆمەڵە بوون.
لەم وتارەدا، جێگەی شەن‌وكەوی تەواوی راستیەكان سەبارەت بە رۆڵی كۆمەڵە، نییە، كە چۆن هەتا هەڵیانوەشاندەوە، جۆشێنەری كوانوی شۆڕش‌و چالاكیەكان بوو.
لێرەدا.. تەنها باس لەوە دەكەم.. كە رێكخراوێكی وەكو كۆمەڵە، كە وەكو پێویستیەكی مێژوویی دامەزرا، لە شۆڕش هەڵگیرساندنیشدا.. لە زیندانەكاندا.. لە خەباتی ناو شارو خۆپیشاندانەكاندا.. لەكاتی كارەساتەكاندا.. سەرەڕای كۆمەڵێك هەڵەو لادان‌و بادان، سەلماندی چۆن شۆڕشگێڕترین رێكخراوی خەبات بووە.. دەتوانم بڵێم:
- ٪٨٠ی كادرو فەرماندەو پێشمەرگەی شۆڕش كۆمەڵە بوون.
- زۆربەی هەرە زۆۆری شەهیدەكان، كۆمەڵە بوون.
- زۆربەی هەرە زۆری زیندانیەكان، كۆمەڵە بوون.
- تەواوی چالاكیە عەسكەریكانی ناو شارەكان، كۆمەڵە بوون.
- راپەڕینی ناو شارەكان، كۆمەڵە پێشڕەوی بوو.
- زۆربەی سەركردە شەهیدەكان، كۆمەڵە بوون.
- زۆربەی فەرماندە شەهیدەكان، هەر كۆمەڵە بوون.. تاد.
كۆمەڵە بەرگەی هەموو كارەساتەكانی گرتووە.. بەبێ‌ ئەوەی جگە لە سەركردەو ئۆرگانەكانی كۆمەڵە، لە هیچ وڵاتێك‌و لە هیچ سەركردەیەك‌و لە هیچ لایەنێكەوە، هاوكاری كرابێ‌. بەڵكو دژایەتیش دەكرا. تەنانەت كەسوكاری شەهیدەكانیش، بە پیتاكی هاوڕێیانی كۆمەڵە، هاوكاری دەكران!
ئایا، لە ئەنفالەكاندا، بۆچی پارتی، سۆسیالیست، حیزبی شیوعی.. زەحمەتكێشان، كە كۆمەڵە لەهەمویان بەهێزتر بوو.. بۆچی ئەوان توانییان لە ئەنفالەكاندا خۆیان رابگرن‌و هەرەسیان نەهێنا؟ ئەی بۆچی سەركردایەتی كۆمەڵە، لەڕووی دەرونی-سیاسیەوە روخان‌و كۆمەڵەیان لە پلینیۆمێكدا (نەك كۆنگرەش!) هەڵوەشاندەوە؟
هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵە، بەبێ‌ ئەوەی پاساوی بابەتی لەپشت هەڵوەشاندنەوەكە بوبێ‌، دەریدەخات، ئەگەر مام جەلال‌و بەشێكی مەكتەبی سیاسی نەبوایە، كۆتاییان بە شۆڕشەكەش دەهێنا، یان بە كەمترین دەستكەوت لەگەڵ رژێمی بەعسدا، رێكدەكەوتن.
ماوەی نێوان هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵە (١٩٨٩)‌و داگیركردنی كوەیت ساڵێك‌و بەرپاكردنی راپەڕین (١٩٩١)، تەنها دوو ساڵ بوو. لەو دوو ساڵەدا، كۆمەڵە دەیتوانی درێژە بە خەبات بدات. چونكە زۆربەی پارتیزانەكان كادری كۆمەڵە بوون. رێكخستنەكانیش، كە لەخزمەتی پارتیزانەكان بوون، زۆربەیان كۆمەڵە بوون. واتا:
ئەگەر كۆمەڵە خۆیان راگرتبا، ئەگەر سەركردایەتی كۆمەڵە، بەرگەی روداوەكانی گرتبا.. لە راپەڕیندا كۆمەڵە دەیتوانی بەهێزترین رێكخراوی چەپ بێ‌. نەك تەنها دەیتوانی هەڵەو كەموكوڕیەكانی خۆی چارەسەر بكات، بەڵكو رێگەیشی دەگرت لەناو یەكێتیدا، بەرە بەرە هەڵە لەسەر هەڵە كەڵەكە ببن‌و بشگەنە بنبەستیش!
لە یادی كۆمەڵەدا.. دەبێ‌ دوور لە سۆزو رق، بە هەڵسەنگاندنێكی زانستیانە، بڕوانینە ئەو مێژووەو پاساوە بێ‌سەروبەرەكانی هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵە، بدرێتە بەر نەشتەری رەخنەی لۆژیكی. رۆژگارەكەش سەلماندیان، نەبونی هێزێكی چەپی بەهێز، چەند زیانی بۆ خەباتی دیموكراسی‌و دادپەروەری هەیە!