Alternate Text

میدیا و بەرپرسیاریەتی

بژار حەکیم‌ 23/03/2021

*میدیای کوردی لە ئەرکە پیشەیی و دروستەکەی خۆی لایداوە، چووەتە سەر فۆڕمی وروژاندنی بابەتی لاوەکی ئاراستەکراو، مۆدێلێکی خراپی کارکردنی هەڵبژاردووە، کە فووتێکردنە لەخواستی بەسەردا سەپێنراو.

*میدیاو میدیاکار نابێ لە هەواڵدا لایەنگیریی بکات، میدیا بڕیاری پێشوەخت نادات لەسەر رووداوەکان، بەڵکە رووداوەکە دەبێت وەک خۆی بگوازێتەوە.

*ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە باشووری کوردستان، بەرهەمهێنانی میدیایەکی بەرژەوەندیخوازە، هەواڵەکانی بەم ئاراستەیە دەداتە وەرگران، کە پێشوەختە هەواڵێکی ئامادەکراوی ئاراستەخوازی مەبەستدارە.

* کاتێک ئیتیکی رۆژنامەوانیی لەلای میدیاکار نابێت، میدیا دەچێتە سەر هێڵێکی لارخواز، هێز نییە بتوانێ راستی بکاتەوە، بۆیە ئەوەی ئێستا دەبینرێ، میدیای تاکەکەس کە بووەتە باو، بە میزاجێکی ئاراستەکراو هەواڵ دەدەنە وەرگران.

* ئەم سەردەمە ئێستا، سەردەمی خراپی میدیای کوردییە، هەموو هەواڵێکی تێدا ساخ دەبێتەوە، بەبێ رەچاو کردنی ئیتیکی رۆژنامەوانی و بەبێ بوونی بەرپرسیاریەتی پیشەیی و ئەخلاقی.

* ئێمەی میدیاکاران هەموومان بەبێ جیاوازی، لە بەرانبەر دروست بوونی ئەم قۆناغە خراپەی میدیا بەرپرسیارین.