تەسلیمبوونی سەدام حسێن لەو نامەیەی (٤٠)رۆژ بەر لەداگیركردنی كوێت نووسی
مەریوان مەسعود 23/03/2021
زۆرجار، ئەو پرسیارەمان لا دروست دەبێت، ئایا سەدام حسێن-ی دیكتاتۆر، بۆچی بڕیاری داگیركردنی كوێت-ی دا؟، لەكاتێكدا زیاتر لە 30 وڵاتی زلهێز و بەهێزی جیهان دژی بوون؟ سەدام كەم ئەزموون بوو؟ یان راوێژكارەكانی حیساباتەكەیان هەڵە بوو؟ یان پێی وابوو دەبێتەوە قائیدی ئومەی عەرەبی و ئەمریكاش دواجار لێی قبوڵ دەكات؟، یان هەستی بەئیهانە دەكرد بەرامبەر ئەو سووكایەتییەی حاكمەكانی كوێت و خەلیج بەعیراقیییەكانیان دەكرد؟ یان ئەو كۆمەڵە هۆكارە چی بوون كە وایكرد سەدام حسێن بە هیچ شێوەیەك گوێ لە ئامۆژگاری و راسپاردەكانی ئەمریكا نەگرێت؟.
دیارە وەڵامەكەی بە چەندین شێواز پێمان گەیشتووە، بەڵام ئەوەی من ئەمجارە لە گۆشەكەم هەڵوەستەی لەسەر دەكەم، بەڵگەنامەیەكی گرنگە، كە سەدام حسێن-ی سەرۆك كۆماری عیراق تەنیا (40) رۆژ بەر لە داگیركارییەكەی بۆ وڵاتی كوێت، ناردویەتی بۆ تارق عەزیز-ی وەزیری دەرەوەی ئەو كاتی عیراق.
نامەكە، بە دەستوخەتی خۆی نووسراوە بە قەڵەمی سوور لەسەر كڵێشەی رەسمی (سەرۆكایەتی كۆمار- سەرۆك). ئەوەی سەیرە لەنامەكەدا، سەدام حسێن، زۆر بە بێ هێزی دێتە بەرچاو، هەروەها تەئكید لەوە دەكاتەوە كە عیراق دەیەوێت پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ئەمریكا هەبێت، كە ئەمەش پێچەوانەی ئەو هاژوهوژە ئیعلامییە بوو كە بەعسییەكان لەو كاتەدا دەیانكرد و دەیانوت ئەمریكا ئیستعمار و دڕندە و خراپەكارە.
سەرەتا لە نامەكەی بێ هیچ پێشگرێكی (بەڕێز یان بۆ) یان بێ هیچ سڵاوێك تەنیا دەنووسێت:
"وەزیری دەرەوە
وەك دەزانن عیراق دەیەوێت پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەبێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمریكا ئەوەی دەوێت؟، بەدڵنیاییەوە نەخێر، بەڵكو ئەو ئیش لەسەر دروستكردنی قەیرانی زیاتر دەكات بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییە دروست نەبێتەوە. ئەمە جگە لەوەی عیراق خاوەنی هەزاران قوربانییە و ئێستا ئیمكانیەتی پێدانی هاوكاری و مووچەی شەهیدانمان نییە، ئەویش بەهۆی نزمبوونەوەی نرخی نەوت و چاوچنۆكی هەندێك لە حاكمەكانی خەلیج بەتایبەت كوێت " .
سەدام حسێن، كوردەواری خۆمان وتەنی : دەستی لە خۆی بەرداوەو بڕیاری شەڕی داوە، بۆیە وردە وردە پاساو بۆ ئەوە دێنێتەوە و ئەوەتا لەبارەی كوێتەوە دەڵێت:
" ئێمە جەنگمان ناوێت، بەڵام كوێت رێگا دیپلۆماسییەكانی پشتگوێخستووە و هەوڵە ئەمریكییە- ئیماراتییەكان-یش هانی كوێت و ئەوانەی تریان داوە بە تەواوی رێگای دیپلۆماسی ونبكەن، ئێمە هۆشیاری دەدەین لەبارەی ئیهانەكردنی عیراق لەلایەن ئەمریكا و وڵاتانی ترەوە و جگە لە وەڵامدانەوەی هیچ شتێكی ترمان نییە بۆیان، جا ئەگەر ئەم وەڵامدانەوەو كاردانەوەیە وێرانكەریش بێت ".
بە پێی ئەو نامەیە بێت، سەدام حسێن، لە لووتكەی بێ هیوایی و بێ كەسی دایە و وەكو دەڵێن هیچ چارەیەكی نەماوە و دەبێت دەسەڵات جێبێڵێت، بەڵام ئەو وەكو دیكتاتۆرەكانی پێش خۆی هەرگیز بە ئاشتی كورسییەكەی چۆڵ نەكرد، بۆیە بەو عینادی و كەللەڕەقیەی خۆی مایەوە، ئەوەتا لە بەشێكی تری نامەكەیدا كە بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی نووسیوە بەئیمزای خۆی لە (22/6/1990)، دەڵێت:
" دوای سەركەوتنە یەك لە دوای یەكەكانمان بەسەر هێزەكانی ئێران لە بەرەی (فاو) و كە وایكرد ئێرانییەكان ناچار بە كۆتایی هێنان بە شەڕ بكات، ئەمە ئەمریكای دڵخۆش نەكرد، و لەو رۆژەوە هەندێك دامودەزگا زانیاری كۆدەكەنەوە لەسەر ئەوەی كێ ببێتە جێگرەوەی (سەدام) و هەر ئەم دامو دەزگایانە، كار لەسەر وروژاندن و هاندانی وڵاتانی خەلیج دەكەن دژی عیراق بەتایبەت كە هەڕەشەی ئەوەیان لێكراوە بەهیچ شێوەیەك هاوكاری عیراق نەكەن و قەرزی پێنەدەن و لە قەرزەكانی پێشووشی خۆش نەبن، ئەمەش وەكو گوشارێك لەسەر عیراق ".
سەدام حسێن، لە پێشبینییەكانی راست بوو، چونكە بە فیعلی ئەمریكا دەیویست خۆی و دارودەستەكەی لە عیراق نەمێنن و كۆتاییان بێت، بەڵام ئەو هەرگیز ئامادە نەبوو كورسییەكەی جێبێڵێت و تەسلیمی عیراقییەكانی بكات، بۆیە لە كۆتایی نامەكەشی بەروونی ئەوە بەدی دەكرێت، كە سەدام حسێن خۆی یەكلاكردۆتەوە بۆ شەڕ، هەرچەندە هەر چاوی لە ئاشتەوایی ئەمریكایە، و دیارە داوا لە وەزیری دەرەوەكەی دەكات كە تارق عەزیز بووە، هەوڵی خۆی بدات و نامەكەشی هەر بۆ ئەم مەبەستە نووسیوە، و جگە لەمەش ئەوەی لە ناخیدایە بەرامبەر ئەمریكا و سەركردەكانی خەلیج نووسیویەتی، بۆیە دەنووسێت:
" وەكو دەزانن هەموو هەڵمەتە ئیعلامییەكانی ئەمریكا دژی شەخسی سەدام و عیراقی مەزنە، لەگەڵ ئەم هەموو رێگرییەی لە پەیوەندییەكان، ئێستاش ئومێدمان بە پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لەگەڵ ئەمریكا بەرەچاوكردنی پاراستنی شكۆ و سەروەریمان لەمەش كەمتر قبوڵ ناكەین. بەڵام هەركەسێك سەركەوتنەكانمان بخاتە مەترسییەوە و گەلەكەشمان رووبەڕووی هەژاری بكاتەوە، ئەمە جێگای قبوڵ كردن نییە و مامەڵەی لەگەڵ ناكەین و ئەمەش بنەماكانی حزب و سەركردایەتییەكەیەتی ".
ئەمە دوا نامەی سەرشێتانەی سەدام حسێن بوو، دوای ئەوە بە (40) رۆژ، بڕیارەكەی داو رۆژی 2/8/1990 هێرشی كردە سەر وڵاتی كوێت-ی دراوسێ و بە ماوەی دوو رۆژ داگیركرد و هەموو وڵاتەكەی بە تاڵان برد و سەركردەكانی ئەو وڵاتەش رایانكرد بۆ سعودیە. دوای ئەوە سەدام حسێن زۆر لە خۆبایی بوو، تا لە رۆژی 9ی هەمان مانگ واتە هەفتەیەك دوای داگیركردنی ، كوێتی وەكو پارێزگای (19)یەمینی عیراق ناساند و هەموو نێردە دیپلۆماسییەكانی هەڵوەشاندەوە لەو وڵاتە.
لەلایەكی ترەوە، دەسەڵاتدارانی كوێت، بە میر شێخ جابر ئەحمەد ئەلسوباح –یشەوە لە شاری تائیف لە سعودیە حكومەتی مەنافایان دروستكردەوە.
ئەم داگیركارییە تا مانگی یەكی 1991 بەردەوام بوو، تا ئەمریكا و 34 وڵاتی هاوپەیمانی توانیان كۆتایی بە داگیركاری كوێت بێنن و سوپاكەی سەدام حسێن تەفروتونا بكەن و كوێت بگێڕنەوە بۆ كوێتییەكان. ئەمەش وایكرد كە سەدام حسێن بۆ هەتا هەتایە بێ هێز دەربكەوێت تا لە 9/4/2003 لە پرۆسەی ئازادیی عیراق بە یەكجاری لەناوبرا.
بۆ زانیاریتان، لە سەردەمی حوكمی عەبدولكەریم قاسم لە عیراق، لە 1961یش دوای ئەوەی كوێت سەربەخۆیی لە بەریتانیا وەرگرت، هەر یەك رۆژ دوای ئیعلانكردنی سەربەخۆیی قاسم، بروسكەیەكی پیرۆزبایی بۆ حاكمەكانی كوێت نارد، نەك بۆ پیرۆزبایی وەكو وڵاتێكی سەربەخۆ، بەڵكو داوای لێكردن بگەڕێنەوە سەر عیراق چونكە پێشتر كوێت خاكی عیراق بووە، ئەمەش بووە هۆی دروستكردنی قەیرانێكی تر لە ناوچەكە كە بە قەیرانی عەبدولكەریم قاسم دەناسرێتەوە، ئەم مشتومڕەش تا كۆتایی هێنان بە حوكمی قاسم درێژەی كێشا لە ساڵی 1963، هەرچەندە زۆربەی وڵاتانی جیهان و جامیعەی عەرەبی دانیان بە كوێت دانا وەكو وڵاتێكی سەربەخۆ، كەچی عەبدولكەریم قاسم، دەیوت نەخێر كوێت سەر بە عیراقە و دەبێت ببێتەوە قەزایەك سەر بە پارێزگای بەسرا.
https://knwe.org/KU/ArticleDetails/956