Alternate Text

ئەگەر عیراق لەم میحنەتە رزگاری ببێت؟!

مه‌لا به‌ختیار‌ 23/03/2021

هەشت مانگە هەڵبژاردن کراوە، دەبینین بەغداد شلۆقە، رێککەوتن نییە، دوو جەبهە دروستبووەو لەم ماوەیەشدا سێ هەڵە دەبینم...
یەکەمیان: کورد جەبهەی نەبوو، وەکو هێزە کوردستانییەکان. ئەگەر ئێمە کوردایەتی و نەتەوایەتی و ئاییندەی کوردمان لەم بارودۆخەدا لا گرنگ بوایە، دەبوایە پێشئەوەی بچینە بەغداد خۆمان لەنێوان خۆماندا رێکبکەوتینایە. ئەمەش هیچ قسەیەکی تر قبوڵ ناکات. بەڵام کورد بەچوار ئەجندە چۆتە بەغداد، یەکێتی، پارتی، نەوەی نوێ و ئیسلامییەکان. چیمان کردووە؟ جەبهەکەی خۆمان بەهێز نەکردووە، پارتی لەگەڵ سەدرییەکان و سوننەکان جەبهەیەکی گرتووە! یەکێتیش لەگەڵ زۆربەی شیعەکان و هەندێک سوننەی لاواز، جەبهەیەکی تری گرتووە!
باوەڕم وایە هەڵەی یەکەممان، دروست نەکردنی هاوپەیمانییە لە کوردستان.. هەڵەی دووەممان، دابەشبونمانە بەسەر دوو جەبهەدا لە عیراق. کە هەردوو جەبهەکە، لە رەهەندی ستراتیجیدا ناتوانێ مافە دەستورییەکانی ئێمە بەدیبهێنێت! ناشتوانێ کێشەی نەوت و غازی کوردستان چارەسەر بکات. بۆ؟ پێرێ موقتەدا سەدر، بڕیارێکی دەرکرد کە لیستەکەی (٧٣) پەرلەمانتارن، لە پەرلەمان دەست بکشێننەوەو واشیانکرد. بەمشێوەیەش دەستێکی پارتی کەوت بەملاداو دەستەکەی حەلبوسی و خەنجەریش کەوت بەلاکەی تردا! هەر دوێنێ شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق دەڵێت: هاوپەیمانی سێ قۆڵی کۆتاییهات! دەبێ بگەڕێین بەدوای ئەلتەرناتیڤدا.
*سەرایە سەلامیش دێتە مەیدانەکە!
ئەم هاوپەیمانێتییە تەواو بوو، ئەی هاوپەیمانێتییەکەی یەکێتی چی دەکات؟ کە بەڕێزان مالکی و عامری و ئەوانی ترن، گریمان جێگەکانی پەرلەمانتارەکانی سەدر پڕ دەکەنەوە، ئایا دەتوانن بەبێ سەدرییەکان و پارتی و سوننەکان، حکومەت پێکبهێنن و (220) پەرلەمانتارەکە مسۆگەر بکەن؟ نەخێر ناتوانن. ئەگەر بیانتوانیایە سەدر پێی دەکرا، هەر لەبەر ئەوەش وازی هێنا، چونکە پێی نەکرا!
ئەگەر پارتی و سوننەکان بەتەنها بمێننەوەو رازی نەبن بەپێشنیازەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوا (220)ەکە مسۆگەر نابێت. ئەم بارودۆخەش وەک ماتماتیک لەبەرچاوانە. پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر مسۆگەر نەبوو، دۆخەکە چی بەسەر دێت؟
یەکەم: دەبێ بزانین ئایە موقتەدا سەدر، تەنها بەکشانەوە وازدەهێنێت؟ یان ئەلتەرناتیڤی هەیە. ئەگەر بەتەنها کشانەوەیەو دانیشتنە هەتا هەڵبژاردنێکی تر، ئەمە بابەتێکی ترەو مەیدانە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی. ئەگەر نەخێر لەهەفتەکانی ئاییندە ئەلتەرناتیڤەکەی دێتە پێشەوە، کە ئەویش خۆپیشاندانی گەورەیە. خۆپیشاندانیش کە دەستیپێکرد و دەستی لێکرایەوە، ئەوا (سەرایە سەلام)یش دێتە مەیدانەکەو وەکو دەشوترێت سەد هەزار چەکدارن و شەش مانگیشە خۆبەخش وەردەگرن. کەواتە لەبەردەم چەند رێیانكداین!
رێگەکانی ئاییندە بەرەو کوێ!
رێی یەکەم: ئەوەیە موقتەدا سەدر لەبەر هەر هۆیەک بێت، ماوەیەک زۆر بێدەنگ بێت، لەمکاتەشدا چوارچێوەی هەماهەنگی بتوانێت، دەنگی (220) پەرلەمانتار دابین بکەن و حکومەت پيکبهێنن.
رێی دووەم: ئەگەر نەتوانن دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئەوا فەراغێکی دەستوری دروستدەبێت. ئەوکاتە یان دەبێ بڕیار بدرێت هەڵبژاردنەوەیەکی پێشوەخت بکرێت، یان خۆپیشاندان لەعیراق دەستپێدەکاتەوە. واتا کایەکان هەمووی تێکەڵ و پێکەڵ دەبن لە عیراقدا.
بەشبە‌حاڵی خۆم ئاواتناخوازم جەنگی ئەهلی توشی عیراق ببێت، بەڵام توش ببێت تا ئەژنۆ خوێن بەرز دەبێتەوە، دۆخێکی زۆر مەترسیدار دروستدەبێت. کە هیچی لەقازانجی عیراق، کوردستان، دەستورو دیموکراسی نابێت. دۆخەکە بە گەشبینی نابینم. ئەگەرچی بەڕێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەبینم پێدەکەنن و تەوقە دەکەن و دڵخۆشن.
سەرەنجامی ئەم قسانەی منیش لەسەر ئاستی دونیا، ئەوپەڕی پێنج بۆ شەش مانگی تر دەخایەنێت. لەسەر ئاستی عیراقیش، هەر هەمووی مانگ یا مانگ و نیوێکی تر دەخایەنێت.