Alternate Text

بەهۆی بڵندگۆوە خانووەکانی نزیک مزگەوتەکان هەرزانترن

سالار تاوگۆزی‌ 23/03/2021

خەڵکانێک کە ڕەنگە نوێژیش نەکەن، یان نەچنە مزگەوت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕووی دووەمی خۆیان دەرخستووە و هێرشیان کردووەتە سەر خاتوونێکی بەڕێز کە لە وەزارەتی ئەوقاف بەڕێوەبەرە و ناوی (جیلان سەباح)ە.

ئەمە دوای ئەوە هات بەناوی خاتوون (جیلان)ەوە هەواڵێکی بڵاوکرایەوە کە مزگەوتەکان ناچار دەکەن تا دەنگی بڵندگۆکانیان لە ئاستی نیوەدابێت؛ چونکە هاوڵاتیانیان نیگەران کردووە، بەتایبەتی ئەوانەی منداڵ و نەخۆشیان هەیە.

خۆی لەڕاستیدا ئەو بڕیارە زۆر باشە، دەبووایە دەستخۆشی لە بڕیاردەرەکەی بکرێت، نەک پلاری تێبگرن.

ئەوەی ئەو گوتوویەتی داواکاری خەڵکانێکی زۆرە، بەڵام لەبەر ترس و جنێو و پەلاماری هەندێک ئیسلامی و خۆ بە مسوڵمانزان ناوێرن بەڕاشکاوی باسی بکەن.

من یەکێکم لەو مسوڵمانانەی دەنگی بڵند و ناخۆشی مزگەوتەکەی لای ماڵمان بێزاری کردووم؛ بۆیە داوا لە ئەوقاف دەکەم، یەکەم مزگەوت کە دەنگی بڵندگۆکەی کز دەکرێت، با مزگەوتەکەی لای ماڵی ئێمە بێت.

ئەم هەنگاوەی ئەوقاف نابێت بەلاڕێدا ببرێت و بە فیتی هەندێک مەلا و بانگخواز و حیزب و لایەن و گروپی ئیسلامی سیاسیی لەپێناو جوڵاندنی هەست و سۆزی مسوڵمانان بۆ بەرژەوەندیی سیاسی و بازرگانیی دینی لێکبدرێتەوە.

لە ئیسلامدا مرۆڤ لە پێش هەموو شتێکەوەیە، تەندروستی و دەروندروستی مرۆڤ لە لای خودا زۆر لە بڵندگۆیەک گرنگترە کە کافرەکان دروستیان کردووە، وەک هەندێک توندڕەو دەیڵێن.

کاتی خۆیشی کە کافرەکان بڵندگۆیان هێنایە ناو مزگەوتەکانەوە، چەندین مەلا و موفتی لە دژی ڕاوەستان, دەڵێن لەو کاتەدا: موفتی مەککە چووەتە دەرەوەی شار تا دەنگی بڵندگۆکە نەبیستێت, تەنانەت هیی وایان هەبوو پێیوابوو کە شەیتان لەناو بڵندگۆکاندایە و دەنگەکان گەورە دەکات، تا دوایی کابرایەکی ئینگلیز بە فێڵێک قەناعەتیان پێدەکات بڵندگۆ بەکار بهێنن و ئەم داهێنانەی کافرەکان بکڕن, هەروەها بڵندگۆ، نە لەسەردەمی پێغەمبەرمان محمد (د.خ) هەبووە، نە فەرزە و نە سووننەت، لەکاتێکیشدا ببێتە هۆی هەزرانبوونی خانووی نزیک لەمزگەوت و کاریگەریی خراپ لە منداڵان و تەندروستی نەخۆش بکات و هەندێکجاریش ببێتە هۆی بێزاری خەڵک، ئیدی لابردنی باشترە.

لەچەندین وڵاتی عەرەبیش وەک سعودیە شێوازی بەکارهێنانی بڵندگۆ ڕێکخراوە, لە ئوردونیش بڕیارێک بۆ قەدەغەکردنی دەرچووە, لەوڵاتی دیکەش بڵندگۆ، تەنها لە ناوەوەی مزگەوت دانراوە و چیتر بە پێویست نازانرێت؛ چونکە لەسەر دەمێکدا کە بەهۆی مۆبایلەکەمانەوە، دەتوانین کاتی بانگ بزانین و وتاری هەر مامۆستایەکی ئاینی بەڕێزمان بووێت، بەدەنگ و ڕەنگ بیبینین، ئیدی کەڵکی بڵنگۆی مزگەوت چییە ؟!

بەڕای من با دەنگی بڵندگۆکانی دەرەوەی مزگەوت کز نەکەن، بەڵکو هەر لایبەن باشترە، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە تەکنۆلۆژیا بانگی ئەلیکترۆنیی بۆ فەراهەم کردووین.

ئەمە جگە لەوەی کە لە هەر گەڕەکێکی کوردستان چەند مزگەوتێک هەیە، هەر مزگەوتەو سەر بە لایەن و ڕەوتێکە، دەنگی بڵندگۆکانیشیان تێکەڵ دەبێت و هەریەکەو لە ئاوازێک دەخوێنێت، جارێ ئەوەی لای ماڵی ئێمە، بڕوا بکەن ئەوەندە دەنگی ناخۆشە، میوانەکانیشمانی بێزار کردووە.

لەکۆتاییدا، بڕیارەکەی ئەوقاف بە پەسەند دەزانم، ئەگەر لەداهاتوودا بە بڕیارێک بڵندگۆکان لابەن باشترە.

پێویست ناکات هیچ کەسێکیش لێکدانەوەی هەڵە بۆ بڕیارەکە بکات و بە دژایەتیکردنی ئیسلام پەسنی بکات.