گرنگی بدە بە منداڵەکەت
ئالان حهمهسهعید 23/03/2021
گرنگی بدە بە منداڵەکەت ، کاتەکان نابێت تەنها هەر بۆ کارکردن تەرخان بکرێت ، لەسەردانیکردنت بۆ قوتابخانە و گوێبیست بوونی مامۆستا بەڕێزەکان ، لەلایەنی پەروەردەیی و فێربوونی منداڵەکەت باشتر تێدەگەیت ، تێبینییەکانیان بەهەند وەربگرن ، مامۆستایان دڵسۆزترین کەسی منداڵەکانتانن ، ئامانجیانە دۆخی پەروەردەیی و فێرکاری منداڵەکانتان باشتربکەن ، ئەو ئەرکە تەنها لەسەرشانی مامۆستایان نییە بەڵکو خێزانیش رۆڵی زۆر گرنگ دەبینێت ، ئەوکاتەی توانیمان خێزان بە باشی ببەستینەوە بەناوەندەکانی خوێندنەوە سیستمێکی پەروەدەیی باشتر و تەواوکارمان دەبێت .
سەرکەوتنت بەوە دەستپێناکات لەکارەکەت چەند سەرکەوتوویت و منداڵەکانت فەرامۆش کردبێت ، گەورەترین سەرکەوتنت ئەوەیە لەناو ماڵەکەتەوە سەرکەوتووبیت. لەم دنیا پێکەوە گرێدراو وئاڵۆزەدا ڕەنگە منداڵی زۆربەمان توشی گرفت و کەموکوڕی ببن ، ژیری لە گرنگیپێدانیان و چارەسەری گرفتەکانیانە بە هێمنی ، تکایە گرنگی بەمنداڵەکەت بدە و هاورێی بە و سەردانی قوتابخانەکەی بکە ، گرنگترین ڕەگەزی سیستمی پەروەردە خێزانە ، پەیوەندییەکی تەندروست لەسەر بنەمای خەمخۆری دروستبکەن.
خوای گەورە منداڵی هەموو لایەکتان پارێزراو بکات و پەروەردەکاران و مامۆستایان تەندروست ساغ و تەمەن درێژبن.