Alternate Text

مامۆستایانی ئاینی لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

علی عبدالصمد‌ 23/03/2021

ئاشکرایە ڕابردووی کورد و کوردستان ئاشنایەتی و تێکەڵاویەکی زۆری لەگەڵ ئاینی ئیسلامدا هەبووە و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم ئاینەشدا لەکۆمەڵگاکاندا، بیرو تێگەیشتنی جیاواز لەمەڕ دەق و تێکستە ئیسلامیەکاندا دروست بووە، بەپێی جیاوازی کلتور و ناوچە جوگرافیەکان. لەنێو نەتەوەی کوردیشدا وەک زۆرێک لەگەلانی دیکەی موسڵمان، ئاینی ئیسلام بەرکەوتەی لەگەڵ کۆمەڵگای کوردیدا هەبووە و ئەوەی کوردی لەزۆرێك لەنەتەوە و وڵاتانی دیکەی موسڵمان جیاکردۆتەوە، بریتی بووە لەو گوتارە ئاینیە کوردییانەی کە لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا بوونی هەبووە و بریتی بووە لەپێکەوەژیان و برایەتی و گیانی ئاشتەوایی نێوان ئاین و بیروباوەڕە جیاوازەکانی کوردستان، بەبێ بوونی ناکۆکی دژایەتی هیچ ئاین و بیروباوەڕێك بەرانبەر بەیەکتر. پیاوانی ئاینی کورد لەڕابردوودا و تا ساڵانی کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، خاوەنی تێگەشتن و لێکدانەوەی جوانی پڕ لەڕۆحی پێکەوەژیان و لێبوردەی بوون بۆ ئاین و حوجرەکانیان کردبووە ناوەندێکی گرنگی پێگەیاندنی فەقێ و مەلای ئاوێزان بوو بە بیر و ڕۆحیەتی خزمەتی کوردایەتی، لەپاڵ خزمەتکردن بەئاین و ئەدەب و شعر.

لەگەڵ ئەوەی بەشێکشیان کە مامۆستا و کەسایەتی ئاینی بوون، لەهەمان کاتیشدا کەسانی شۆڕشگێڕ و نەتەوەیی بوون و خزمەتیان بەدۆزی کورد کردوە و بۆ بەدەست هێنانی مافە ڕەواکانی کورد خەباتیان کردووە و دژی دوژمنانی گەلەکەیان وەستاونەتەوە. لەڕابردوو دا و ئەوانەی کە لەحوجرەکانەوە وانەی ئاینیان دەخوێند و دەبوونە زانای ئاینی، لەگەڵ ئەوانەشدا وانەکانی فەلسەفەو شعر و ئەدەبی کوردی و فارسیان دەخوێند و دواتریش بەشێکیان دەبوونە شاعیر و ئەدیبی داهێنەر و بەتوانا و لەگەڵ خزمەتکردن بەئاینیەکەیان، خزمەتی نەتەوە و ئەدەب و ڕۆشنبیری وڵاتەکەشیان کردووە. زۆرن ئەوانەی کە لەحوجرەکانەوە وانەی ئاینی و ئەدەبی و نەتەوەییان خوێندوە و فێرکراون و لەگەڵ ئەوەشدا نوسەر و ئەدیب و شۆڕشگێر و داهێنەربوون و دواتریش بوونەتە ئەستێرەیەکی گەشاوەی نێو دنیایی ئەدەب و خزمەتکردن بەئاین و نیشتیمانەکەیان، لەنموونەی ( نالی و مەولەی و سالم و مەلای گەورەی کۆیە و شێخی خاڵ و کەبدولکەریمی مودریس و عەلادین سجادی و مستەفا زەڵمی ) و دەیان نمونەی دیکەش، کە هەریەکێکیان لەگەڵ خزمەتکردن بەئاینەکەیان، خزمەتی گەورەیان بەئەدەب و فەرهەنگ و ڕۆشنبیری میللتەکەیان کردوە و لەڕێگەی بەرهەم و نوسراوەکانیشیانەوە، تۆوی ڕێز و خۆشەویستی و پێکەوەژیان و لێبوردەی و جوانیان لەنێو خەڵک و کۆمەڵگاکەشیاندا چاندووە، کەدوور بوون لەبڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی و کوشتنی گیانی پێکەوەژیانی ئاینەکان و بیروباوەڕە جیاوازەکان. لەئێستادا و لەگەڵ کەم بوونەوەی ڕۆڵی حوجرەکان و دوورکەوتنەوە لەو تێگەیشتنە ئاینیانەی کە زانایانی ڕابردووی کورد هەیان بووە بۆ ئاینی ئیسلام، بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا، گوتاری پێکەوەژیان و گیانی لێبوردەییان گۆڕیوە بۆ گوتارێکی توند و زمانێکی زبر بەرانبەر بە ئاین و بیروباوەڕ جیاوازەکان و تەنانەت دژایەتیکردنی مەزهەب و گروپە مسوڵمانەکانی نێو خودی ئیسلامیش و یەکتر تۆمەتبارکردن بەگومڕا و دەرچوو لەئاین.

کە دروستبوونی حیزب و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان و بڵاوبوونەوەی گوتاری سەلەفیەت و هاتنیان لە وڵاتانی کەنداو و سعودیەوە، بەشێکە لە هۆکاری ئەو گۆڕانەی کە لە گوتاری ئێستای پیاوانی ئاینیدا دروست بووە، بە بەراورد بەو گوتارە ئاینیەی کە لەلای پیاوانی ئاینی لە ڕابردووی کۆمەڵگای کوردیدا بوونی هەبووە. لەهەمان کاتیشدا ڕێکخراو و گروپە سەلەفی و توندڕەوەکان، کە لە وڵاتانی عەرەبیەوە هاتونەتە هەرێمی کوردستانەوە، تێگەیشتن و لێکدانەوەی ئاینی نێو کۆمەڵگا و کلتور و جوگرافیایەکی جیاواز دەهێنن و دەیانەوێت لەهەرێمی کوردستاندا کۆپی بکەن و بەمەش ئەو گوتارە ئاینی و پێکەوەژیانەی ڕابردووی کۆمەڵگای کوردی دەسڕێتەوە و گوتارێکی پڕ توندڕەوی و بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و دوور لە کلتور و شوناسی کورد دەهێنێتە ئاراوە. ئەمە لەکاتێکدا لەئێستادا کرانەوەیەکی زیاتری ئازادی کەسی و ئاینی لەنێو ئەو کۆمەڵگا و وڵاتانەدا هاتۆتە ئاراوە کە ئەم جۆرە تێگەیشتن و لێکدانەوانەیان تێیدا سەر هەڵداوە بۆ ئیسلام و جگە لە زەقکردنەوەی جیاوازییەکان و ناکۆکی و پێکدادانی ئاینی و مەزهەبی، هیچ سودێکیان بۆ پێکەوەژیان و ڕۆحی تەبایی و لێبوردەی لەنێو ئەو کۆمەڵگایانەدا نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە ڕێکخراو و گروپە ئیسلامییەکان تازە لەهەوڵی هێنانە ناوەی زیاتری ئەو جۆرە لەمۆدێلی ئایندارین بۆ نێو کۆمەڵگای کوردی، کە دژە بە شعر و ئەدەب و ئازادییەکان و جگە زیان سودی بۆ کۆمەڵگاکانی خۆشیان نەبووە. گوتار و زمانی بەشێک لەمامۆستایانی ئاینی لەئێستادا، تەواو زمانێکی توند و زبرە و بەشێکیان لەڕێگەی گوتار و پەیامە ئاینیەکانیانەوە، بیری توندڕەوی و پەڕگیری بڵاو دەکەنەوە و هۆکارێکن بۆ توندوتیژی ئاینی و نەمانی ڕۆحی پێکەوەژیان و لێبوردەیی لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا، ئەوە سەرەڕای بوونی دژایەتی کردنی یەکتر گومڕاکردنی خودی مامۆستایانی ئاینی بۆیەکتر و دروستکردنی تۆوی ڕق و کینە لەنێو مسوڵماناندا.

هەموو ئەمانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە چەند ساڵێکە ڕۆحی ئاینداری کوردی و تێگەیشتنە سەنگینەکانی زانایانی ڕابردووی کورد بۆ ئیسلام و ژیان، گۆڕاوە بۆ بیروباوەڕ و تێگەیشتنی زانایانی موسڵمانی وڵاتانی عەرەبی و کەنداو ، بەمەش بەرهەمەکانی زانایانی کورد فەرامۆشکراون و بەرهەم و تێگەیشتنی ئەوان دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان، کەخۆیانی ساڵانێکی زۆر خستبۆوە نێو شەڕی ئاینی و پێکدادانی مەزهەبییەوە.