گرانتی نێودەوڵەتی ئەکادیمی لەنێوان خزمەت و چاوچنۆکی دا
د. رۆژین کمال محمد ئەمین 23/03/2021
لە جیهانی ئەکادیمیای پێشکەوتودا، گرانت وەکو شادەمار وایە
بۆ توێژینەوە و داهێنان. هەربۆیە لە کاتی گەڕانەوەم بۆ کوردستان دا بڕیارم دا کە هەموو
هەوڵێکم تەرخان بکەم بۆ بەدەستهێنانی متمانە و گرانتی نێودەوڵەتی بۆ تمویل کردنی بیرۆکە
و پڕۆژە توێژینەوە و چالاکیە ئەکادیمیەکانم لە خزمەت زانست و زانکۆ و کۆمەڵگا.
گرانت چی یە؟
بەشێوەیەکی گشتی،
گرانت بڕێک پارە (یان هەندێک جار پێداویستی ترە) کە بەخشەرێک (کەسێک یان دەزگایەکی
حکومی یان نا حکومی) دەیدات بە کەسێک یان لایەنێکی تر بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەیەک (ئەکادیمی
یان نا ئەکادیمی) کە خزمەتی ئامانجێکی هاوبەشی بەخشەرەکە و وەرگرەکە بکات. گرانت
دەبێتە هۆی دابین کردنی سەرچاوەی دارایی و مرۆیی و کەرەستە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە.
گرانت جۆری زۆرە
و بەشێوازی جیاواز و لە بەخشەری جیاوازی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەوە بەدەست دەهێنرێت.
گرانتی نێودەوڵەتی پڕۆژە توێژینەوە لەڕێگەی پێشکەش کردنی پڕۆپۆزەڵ یان ئەپڵیکەیشنەوە
بە شێوەی کێبڕکێ دەبەخشرێت بە باشترین و داهێنەرترین و کاریگەرترین پڕۆژە و تیمی پڕۆژە.
هەڵسەنگاندنی پڕۆپۆزەڵ و ئەپڵیکەیشنەکانیش بەپێی پێوەرە پێشوەخت بڵاوکراوەکانی خودی
بەخشەرەوە دەبێت. تا لایەنی بەخشەر بەناوبانگتر و ئاستبەرزتربێ و بڕی گرانتەکە زۆر
تربێ، پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن و جێبەجێکردن و بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی دەستکەوت
و لایەنە کارگێڕی و داراییەکانی پڕۆژەکە زیاتر و ووردتر دەبێ. هەندێک جار پێدانی
گرانت بۆ پڕۆژە بە بانگهێشتی ڕاستەوخۆ یان بەخشین ڕوودەدات ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەخشەر
متمانەی تەواوی بە توانا و سومعەی ئەکادیمی وەرگرەوە هەیە.
بڕی گرانتەکە و
هەموو ووردەکاریەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەبێت بەپێی پڕۆپۆزەڵ یان ئەپڵیکەیشنە پەسەندکراوەکەوە
بێت کە بە ڕێککەوتن یان گرێبەستی فەرمی و ڕاپۆرتی دارایی و ڕاپۆرتی دەستکەوتەکان،
ڕێکخستن و بەدواداچوون و ووردبینی بۆ دەکرێت.
سوودەکانی گرانت چی یە؟
هەرچەندە بەدەستهێنانی
گرانتی نێودەوڵەتی ئەکادیمی، بە هەموو پێوەرێک، ڕێگایەکی زۆر سەختتر و ئاڵۆزتر و
ماندووکەرترە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژە و جگە لەوەش گرانتی نێودەوڵەتی
ملکەچە بۆ چاودێری و لێپێچینەوەی زیاتر، بەڵام بەقەدەر سەختی و ئاڵۆزیەکان، بەدەستهێنانی
گرانتی نێودەوڵەتی لە زانکۆ جیهانیەکان دا بە دەستکەوتی بەرزی ئەکادیمی (وەک بەدەستهێنانی
خەڵاتی ئەکادیمی) سەیر دەکرێت چونکە بەڵگە و شایەتیە بۆ بەرزی ئاست و متمانە و لیدەرشیپی
ئەکادیمی بەدەستهێنەر(ان)ی گرانت. لە هەڵسەنگاندنی ئەکادیمی دا (وەک لە کاتی دامەزراندنی
مامۆستای زانکۆ و بەرزکردنەوەی نازناوی زانستیان دا) ئەزموونی بەدەستهێنان و بەڕێوەبردنی
گرانت قورسایی تایبەتی هەیە و وەک یەکێک لە پێداویستیە سەرەکیەکان سەیر دەکرێت
چونکە بەشێوەیەکی گشتی، گرانتی نێودەوڵەتی لە کێبڕکێی ئەکادیمی دا دەدرێت بەو پڕۆژانەی
کە خزمەتێک دەکەن یان کێشەیەک چارەسەر دەکەن. هەر بۆیە لە جیهانی ئەکادیمیای ووڵاتانی
پێشکەووتودا، ئەو پڕۆژە توێژینەوانەی توانیویانە گرانتی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنن،
متمانە پێکراوتر و داهێنەرتر و تازەگەرتر و کاریگەرتر تەماشا دەکرێن لەو پڕۆژانەی
بە بوودجەی ناوخۆیی تمویل دەکرێن.
خۆشبەختانە، لە
٤ ساڵی پێشووی کارابوون و کارکردنم لە گروپ (دواتر) سەنتەری توێژینەوەی کەلەپووری
کولتووری دیجیتاڵی (کە یەکەم سەنتەری توێژینەوەی نێوپسپۆڕی هاوشێوە یە لەسەر ئاستی
هەرێمی کوردستان و عێراق کە شەرەفی دامەزراندنی و بەڕێوەبردنیم هەبوو لە ماوەی
پێشوودا بە پشتگیری و مێشک کراوەیی لیدەرشیپی ئەو کاتەی زانکۆ)، توانیمان متمانەی
نێودەوڵەتی و پاڵپشتی دارایی بۆ کۆی ١٦ پڕۆژە توێژینەوەی تاک و هاوبەشم لە خزمەت پەرەپێدانی
کەرتی کەلەپووری کولتووری کوردی و کۆمەڵگا و چەندین هەلی ئاڵوگۆڕی زانستی بۆ خۆمان
و هاوەڵانی پێشوم لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەدەستبهێنم بە کۆی نزیکەی (١ ملیۆن)
دۆلار کە نزیکەی (۳۳۸٫۰۰۰) دۆلاری تا ئێستا
ڕاستەوخۆ لەلایەن خۆمان و تیمەکەمەوە بەپێی گرێبەست و پڕۆپۆزەڵی پەسەندکراو بۆ
پێداویستی مرۆیی و نامرۆیی پڕۆژەکان خەرج کراوە و ئەوەی تریشی لەلایەن هاوبەشە
ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانمانەوە بۆ پڕۆژە و سەردانی ئەکادیمی و ئاڵوگۆڕی زانستی و
چالاکی تری هاوبەشمانەوە خەرج کراون. هەموو ئەمانەش پاش شەونخونی و ماندووبوونێکی زۆر و خۆڕاهێنانی بەردەوام
و تەرخان کردنی کاتێکی زۆری پشووم بۆ نووسین یان بەشداربوون لە نووسینی زیاد لە ۲٥
پڕۆپۆزەڵ و گرانت ئەپڵیکەیشن و چەند
ئەزمونێکی سەرکەوتن و شکست.
بۆ خودی خۆم، پاڵنەرم
بەدەستهێنانی گرانتی نێودەوڵەتی، هەمیشە زیاتر و فراوانتربووە لە ئامانج و
دەستکەوتی ئەکادیمی تاکەکەسی. بەدەستهێنانی گرانتی نێودەوڵەتی بۆ بیرۆکە و پڕۆژە
توێژینەوەکانم بواری داوم کە بازنەی خزمەتەکانم گەورەتر و فراوانتر بکەم و (کورد
واتەنی، بەدەستکاریەوە) بەبەردێک سێ چۆلەکە بگرم.
١) چۆلەکەی یەکەم: گرانتی نێودەوڵەتی بووەتە هۆی دابین کردنی کات
و سەرچاوە بۆ ترکیز کارکردنمان لە بوارە توێژینەوەکانی (کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی و پەیوەندیان بە تەلارسازی
دیجیتاڵی و شاری زیرەک و پیشەسازی داهێنەرەوە) کە لە خوێندنی ماستەر و دکتۆراکەم لەکەنەدا
دەستم پێکرد و لە کارکردنەکانم (وەک توێژەری سەردانکەر) لە زانکۆکانی نیوزلەندا و
بەڕیتانیا و قەتەر فراوانم دەکرد. هەرچەندە ئەم بوارانە لە هەرێمی کوردستان دا زۆر
نامۆن لەناوەوە و دەرەوەی ئەکادیمیا دا، بەڵام ئەگەر وەکو پێویست توێژینەوە و پەرەپێدانیان
تیا ئەنجام بدرێت، ئەوە جگە لە بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتی کۆمەڵگا، چەندین هەلی
کار لە پیشەسازی داهێنەر و بوارە هاوچەرخەکاندا بۆ گەنجانمان دروست دەکات.
٢) چۆلەکەی دووەم: دروست کردنی هەلی کار بۆ
زیاد لە ۱۰ گەنجی بەتوانا (کە زۆرینەی ژنن) لەئەندامانی
پێشوو ونوێی تیمەکەم وهەلی ڕاهێنانی ئەکادیمی و پیشەیی (بەتایبەتی لە بواری پیشەسازی
داهێنەر) و ڕەخساندنی هەلی ڕاهێنان بۆ هەزارەها خوێندکار و دەرچووان و ئەکادیمیستان
و مامۆستا و توێژەر و کەسانی پیشەیی لە ناوەوە و دەرەوەی ووڵات لەسەر دەستی پسپۆڕی
ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی یان کوردی و عەرەبی یان
کوردی بەتەنها، ئەمەش بۆ بەردەستخستنی زانست و ناوەڕۆکی نوێ و خزمەت بۆ زۆرترین ئەندامی
کۆمەڵگا بە زمانی شیرینی
کوردی.
هەر بۆ نموونە،
گرانتە نێودەوڵەتیەکانی پێشوومان توانیویەتی کۆی (٧٣) هەلی ڕاهێنان (بە ئامادەبوون
و بە ئۆنلاین) لەبواری داهێنەرانە و توێژینەوە و بەدەستهێنانی گرانت بڕەخسێنێت بە
کۆی (٥٠٥٥)بەشداربوون لە ناوەوە ودەرەوەی ووڵات. جگە لە سوود گەیاندنی چەندایەتی ڕاستەوخۆ
بەڕانکی زانکۆ، سوودە چۆنایەتیەکانی ئەو ڕاهێنانانەمان ئەوەندە زۆر و هەمەچەشنە کە
چەندین جار و لە شوێن و کەسی جیاوازەوە (کەهەندێک لەو بەڕێزانە ناشناسین) فیدباکی
سوودبەخشی ڕاهێنانەکانمان پێ دەوترێت بۆ وەرگرتنی زانیاری نوێ و داوای بەردەوامی
دان و زیادکردنیانمان لێ دەکرێت.
٣) چۆلەکەی
سێ هەم: خزمەتکردنی (کردەیی نەک تیۆری) کۆمەڵگا بەشێوەی ڕاستەوخۆ، لە ڕێگەی ئەنجامدانی
پڕۆژەی نێوپسپۆڕی کەلەپووری کولتووری داهێنەرەوە. تا ئێستا بەو گرانتانە، تیمەکەم
و هاوبەشەکانمان توانیومانە ٤ پڕۆژە ئەنجام بدەین کە ئەکادیمیەکانی زانکۆ
بەناوبانگەکانی وەکو یوسی ئێڵ و ئۆکسفۆرد و ڕێدینگ و لیستەر و جۆن هۆپکنز و گلاسگۆ
و و ئەریزۆنا ومەساریک و چەندین زانکۆی تری نێودەوڵەتی بە داهێنەر ناویان دەبەن و
پڕۆژەکانمان لە مۆزەخانەی سلێمانی و سەرای سلێمانی و چەندین شوێن و بۆنەی تر لە
ناو شاری سلێمانی و هەولێر نماییش کراون و دەکرین و بەشێوەی مەجازیش بەردەست خراون
لە ڕێگەی کۆی (٣٣) چالاکی ناو کۆمەڵگا و پانێڵ و دیدار بە بەشداری زیاد لە (٢٢٥٧٢)
سەردانکەر وبەشداربووی ناوخۆیی و بیانی. جگە لەوەش کار و پڕۆژەکانمان بەشێوەی ناڕاستەوخۆش
خزمەتی کۆمەڵگای کردووە لە ڕێگەی پەرەپێدانی توانای خۆماڵیەوە بەهۆی ڕاهێنانەکانمان
و ڕاوێژدانی خۆبەخشانە بە چەندین ئەکادیمیست و پیشەیی و گەنجی ئەم ووڵاتە بۆ پشتگیریکردنی
بیرۆکە و پڕۆژەکانیان.
ئەم سوودانەی سەرەوەش
تەنها مشتێکە لە خەروارێکی هەمووئەو دەستکەوتە زانستی و پیشەیی و کۆمەڵایەتی و
ئابووریانەی بەهۆی گرانتی نێودەوڵەتیەوە تیمەکەمان توانی بۆ کۆمەڵگاکەمانی
بەدەستبهێنێ بەجۆرێک کە پارەی دەرەکی بخەینە خزمەتی پەرەپێدانی کەرتی کەلەپووری
کولتووری خۆماڵی و پیشەسازی داهێنەر بۆ داهاتووی کۆمەڵگا و گەنجەکانمان.
لە هەموو ئەو دەستکەوتانەش
دا، تیمە ماندوونەناسە گەنجەکەم و چەندین کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر لە ناوەوە و دەرەوەی
ووڵات تەواو هاوبەش و خاوەندارن. ئەندامانی پێشوو و ئێستای تیمەکەم خاوەنداری
تەواوی دەستکەوتەکانن بەهەموو ماندووبوون و پابەندێتیان بە پڕۆفیشناڵیزم و ئیتیکی
کار و کوالێتی بەرز کارکردن بەستانداردی نێودەوڵەتی بەجۆرێک کە هەمیشە بەخشەرە نێودەوڵەتیەکان
پێمان دەڵێن کە چەندایەتی و چۆنایەتی پڕۆژە و چالاکیەکانمان زۆر سەرو داواکراو و پێشبینیەکانیانە.
دڵسۆز و خەمخۆرەکانیش لە ناوەوە و دەرەوەی ووڵات هاوبەش و خاوەنداری هەموو ئەو دەستکەوتانەن
بەوەی کە چۆن پشتگیری و هاندان و هاوکاری بەردەوامیان بۆمان تا ئێستا توانیویەتی
بمان پارێزێت لە کاریگەرە نەرێنیەکانی ژینگەیەکی ژیانکردن و کارکردن دا کە (بە
داخەوە) مشەخۆری و هەلپەرستی و بێ نرخ کردنی ماندووبوون و پێنەزانینی دەستکەوت تیای
دا بووەتە عورف.
ئاستەنگەکانی بەڕێوەبردنی گرانت چی یە؟
ئاستەنگ و بەربەست
و ئاڵۆزبوونەکانی بەردەم بەڕێوەبردنی گرانتی نێودەوڵەتی ئەکادیمی لەهەرێمی
کوردستان دا زۆر و فرە ڕەهەندن. بەڕێوەبردنی گرانتی نێودەوڵەتی بە ئیتیک و ستاندەرد
و کوالێتی بەرز و گونجاندنی پەسەندکراویان
لەگەڵ سیستمی کارگێڕی ودارایی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دا بەو هەموو کێشە و ناجێگیریە
کارگێری و دارایی و سیاسیەوە زۆر لەوە زیاتر
و ئاڵۆزترە کە بتوانم لەچەند دێڕێکدا کورتی بکەمەوە. ئەوەندە بەسە کە بڵێم هەموو
ئاستەنگ و ئاڵۆزبوونەکانی بەسەر خۆم و تیمەکەم دا هاتوون گەیاندومی بەو باوەڕی ئەوەی
کە ناوی "ستافی" پڕۆژە بگۆڕم بە "فیدائی" پڕۆژە!
ئەوەی لەلای
زانکۆ و ئەکادیمیە جیهانیە بەناوبانگەکان بە متمانەی زانستی و لیدەرشیپی و دەستکەوتی
ئەکادیمی ئاستبەرز ئەژماردەکرێت، لە هەندێک زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دا
هەراسان و دژایەتی دەکرێت!
لە ناو ئاستەنگ
و بەربەستەکانیش دا، گەورەترینیان کەمی هۆشیاری و بێ ئاگایی زۆرینە و چاوچنۆکی و هەلپەرستی
کەمینەیەکی باڵادەستە لەناوەوە و دەرەوەی کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و
باقی عێراقیش دا.
سەرباری تێپەڕبوونی
چەند ساڵێک و ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەک بەگرانتی نێودەوڵەتی و بڵاوکردنەوەی زانیاری
دەربارەی دەستکەوت و کاریگەریەکانی پڕۆژەکان
و سەرباری ئەنجامدانمان بۆ ژمارەیەکی بەرچاو ۆرک شۆپ و سیمینار دەربارەی گرانتی نێودەوڵەتی
ئەکادیمی و سەرباری جەختی بەردەوامی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ
زانکۆکان بۆ بەدەستهێنانی گرانتی نێودەوڵەتی لە زۆربەی بۆنە ئەکادیمیەکان دا، بەڵام
ئاستی زانیاری و هۆشیاری دەربارەی گرانت و سوود و کاریگەریەکانی لەناو هەندێک لە زانکۆکان دا (کە باڵاترین دەزگای خوێندن
و توێژینەوەن) هێندە کەمە کە بەربەست وئاستەنگی زۆری دروست کردووە بۆ ئەو ئەکادیمیستە
کەمانەمان کە پڕۆژە توێژینەوەکانمان متمانە و گرانتی نێودەوڵەتی زانکۆ و دەزگا ئەکادیمیە
جیهانیەکان بەدەست دەهێنێ. ئەم کەمی هۆشیاری و زانیاریەش دەرگای بۆ چەندین هەلپەرستی
و چاوچنۆکی لەناوەو دەرەوەی کەرتی خوێندنی باڵا دا کردووەتەوە بۆ تانەدان و هەوڵی
بەلاڕێبردن و خراپ بەکارهێنانی گرانتی نێودەوڵەتی کە پێویستە بەپێی پلان و ووردەکاریەکانی
ناو پڕۆپۆزەڵە قبوڵکراو و ڕێککەوتنە یاساییەکانی لەگەڵ بەخشەری نێودەوڵەتی دا ئیمزا
کراوە جێبەجێ بکرێ نەک میزاج و بەرژەوەندەی تایبەت، ئەمەش چونکە خراپ بەکارهێنانی
متمانەی بەخشەر و گرانتی نێودەوڵەتی ئەگەر لە کورتخایەنیش دا بێ لێپرسینەوە تێپەڕببێ،
ئەوە لە درێژخایەن دا شتێکی زۆر مەترسیدارە و ڕووخێنەرە و خراپ بوونی سومعە و
خستنە ناو لیستی ڕەشی لێ دەکەوێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش، شکاتی هەر کەسێک و لێکۆڵینەوەیەکی
بابەتیانە و ووردی بەخشەر بەسە بۆ لەدەستدانی متمانەی هەتا هەتایی یان کاتیی وەرگر
لەلایەن بەخشەری نێودەوڵەتی بیرتیژەوە.
چارەسەر؟
لە کۆتایی دا، سەرباری
ئاستەنگ و بەربەستەکان و دژایەتیەکان، ئامۆژگاریم بۆ ئەکادیمیستە کەمەکانی بواری
گرانتی نێودەوڵەتی ئەوەیە کە مێژوو پڕە لەوانە و نموونەی دژایەتی کردنی (بە مەبەست
یان بێ مەبەستی) ئەو کەسانەی کە ویستوویانە تازەگەری بکەن و کاری نوێ بهێننە ژینگەی
ژیان و کارکردنە چەقبەستو و تەقلیدیەکانیان. بۆیە کۆڵنەدان و پشوو درێژی تاکە ڕێگەیە
بۆ بەردەوامی دان و هۆشیار کردنەوەی گشتی و پیشاندانی نمونە، هیچ نەبێ تا ئەو کاتەی
ووزەیان پێیە یان دەتوانن مەشخەڵەکەیان بدەنە دەست دوای خۆیان.