Alternate Text

دۆلارو مام سەیدو شیکردنەوەکانی !

دڵشاد ئەنوەر‌ 23/03/2021

مام سەید کە پیاوێکی بەساڵاچووی نێو بازاری دراوی هەولێرە، وێبسایت و پەیج و میدیاکان زۆرجار بۆچوونەکانی لەبارەی بەهای دۆلارەوە بڵاو دەکەنەوە.

بۆچوونەکانی مام سەید مشتومڕیان دروستکردووە، هەندێک تانەی لێدەدەن، گەر هێندە شارەزای بازاڕی دراوە، بۆچی خۆی تا ئێستا مێزێکی بچووکی هەیە؟ هەندێکی تر بەتەنزەوە دەڵێن، وڵاتێک هێندە بازاڕەکەی شڵەقاو بێت، بۆچوونەکانی مام سەید دروستتر دەربچن لە بۆچوونی مامۆستایانی زانکۆ و ئابووریناسان!

خەڵکانێکیش سەرزەنشتی میدیا و میدیاکاران دەکەن، بۆچی مایک دەخەنە بەردەم مام سەید و دەرفەتی قسەکردنی پێدەدەن؟ خەڵکانێکی تریش مام سەید تۆمەتبار دەکەن بەوەی گڕی لە بازاری دراو بەرداوە! جارێک تانەدان لە مام سەیدو مێزە بچووکەکەی، یاخود گڕی لە بازار بەرداوە، ئەمانە قسەی سواون، بەهای دۆلار حکومەتی عێراقی دووچاری گرفتی گەورە کردووە، چ جای بەساڵاچوویەکی دراو گۆڕ! سەبارەت بە مێزە بچووکەکەی و نەبوونی دوکان، خۆ سەدان و بگرە هەزاران خەڵکی پیشەگەرمان هەیە، پیشەی دەست ناکەوێ، ئەمە واتای کەم توانایی پیشەگەرەکە نییە کە دەستی ناگاتە پیشەیەک. ئەوەی بۆ من جێی هەڵوەستە لەسەر کردنە دوو خاڵەکەی ترە، بۆچی مامۆستایانی زانکۆ و شارەزایانی دارایی وەک مام سەید نایپێکن؟ وەڵامەکەی ڕوونە و پێویستی بەگەڕان نییە، زۆربەی پسپۆڕان و شارەزایان نین لەناو بازاڕدا، بە تیۆری بابەتی دارایی و ئابوورییان خوێندووە، ئەم سەری مانگ بۆ ئەوسەری مانگ دۆلار و دراو دەبینن، لە کاتێکدا مام سەید وەکخۆی دەڵێت، سی ساڵە لە نێو بازاڕی دراودایە، هێندە هەڵبەز و دابەزی بە کرداری دیووە، گەر ڕۆژی وشەیەک فێربووبێ بەسە.

وەستای وا هەیە، هيندە بلۆکی خستووەتە سەر بلۆک و نەخشەی ئەندازیاری دراوەتێ و کردوویەتییە بینا، بە کرداری تواوەتەوە ناو پیشەکەیدا، بۆیە ئاساییە ئەم وەستا با نەخوێندەواریش بێت لە دە ئەندازیار شارەزاتر بێ. بۆیە هیچ سەیر نییە، شیکردنەوەی مام سەیدی قاڵبووی نێو بازاڕ دروستتر دەربچێ لە ڕای مامۆستای زانکۆ، کە تەنها بە تیۆری شتەکانی خوێندووە و کردار و تیۆر جیاوازن.

زۆربەی خاوەن بڕوانامە بەرزەکانی بواری ڕاگەیاندن، نازانن ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ورد و پرۆفیشناڵانە دابڕێژن، لە کاتيکداڕۆژنامەوانێک کە ڕۆژانە کاردەکات و بە کردار ئەزموونی وەرگرتووە، بۆی ئاسانە لە دە خولەکدا جوانترین ڕاپۆرت بکات. من گوێم لە قسەکانی مام سەید گرتووە سەبارەت بە بەهای دۆلار، ڕاستە زیادەڕۆیی دەکات، توشی پەرچەکردار دەبێ، بەڵام جێی سەرنجم بوو، هەمیشە بازاڕی دراو دەبەستێتەوە بە دۆخی سیاسییەوە، کە ئەمە زۆر ڕاستە، ناسەقامگیری بەهای دۆلار دەرئەنجامی کێشمەکێشە سیاسییەکانە و ئەمە کرۆکی گرفتەکەیە.

سەبارەت بە بایەخدانی میدیاکاران بە مام سەیدو دانانی مایک بۆی تا بە ئارەزووی خۆی قسە بکات، ليرەدا گرفت هەیە، دەکرێ ڕای نەقڵ بکرێ، بەڵام نەک مایکی بۆ فری بکرێ.

ئێستا گرنگترین هەواڵ بۆ خەڵک بووەتە بەهای دۆلار، چونکە پەیوەندیدارە بە ژیانی خەڵکەوە، دەکرا میدیاکان لە بەرنامەکانیان دا، شارەزای ئابووری و مام سەید و هاوشێوەکانی پێکەوە بکەنە میوانی بەرنامەکانیان، تا شارەزایان شیکردنەوەکانیان بخەنەڕوو، مام سەید و هاوشێوەکانیشی واقیعی ناو بازاڕ باس بکەن.