Alternate Text

ئاشتبوونەوەی سعودیە و ئێران چ کاریگەرییەکی لەسەر ڕەوشی عێراق و هەرێم دەبێت؟

عەبدول محەمەد‌ 23/03/2021

لەم چەند ڕۆژەی رابردوودا میدیای عەرەبی و جیهانی بایەخێکی زۆریاندا بە ڕێککەوتن و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دپلۆماتییەکانی نێوان سعودیە و ئێران.

زۆربەی هەرەزۆری ئەو قسانەی لەسەر بابەتەکە کراوە جەخدەکەنەوە لەوەی، رێککەوتنی ریاز و تاران کاریگەری ئیجابی دەبێت لەسەر رەوش و پێگەی عێراق لە ناوچەکە، چونکە عێراق ناوبژیوانی سەرەکی پرۆسەکە بووە.

ئەو دوو هێزە بەئاشکرا هەژموونیان بەسەر ناوچەکەوە هەیە، بۆیە هەر باشبوون و تێکچونێکی ئەو پەیوەندییانە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر عێراق هەیە، رابردووش سەلمێنەری ئەو قسەیەیە.

هەرچەندە کاربەدەست و سیاسییە دەستڕۆیشتووەعێراقییەکان بەردەوام ڕەتیاندەکردە، بەلام وەک ڕۆژی ڕووناک دیاربوو ،لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا عێراق ببووە گۆڕەپانی ناکۆکییەکان یان یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی ئەمریکا و ئێران و ئێران و سعودیەش.

سەرباری ئەوەی هەردوو وڵات هیوای ئەوەیان هەیە بەم ڕێککەوتنە کێشەو ناکۆکییەکانی نێوانیان سفر بکەنەوە، بەڵام ناشکرێت لەقەبارەی خۆی زیاتر متمانەی لەسەر بنیات بنرێت، چونکە دۆسیەکانی کێشەی ناوخۆی لوبنان و یەمەن وسوریا لە هەرە دۆسییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئێران و سعودیەن.

ئاشکراشە ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی نەبێت،وڵاتی هەرێمایەتی و ناوچەیی هەر بە یەک چاو سەیری هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن، بەو واتایەی هیچیان لەگەڵ سەربەخۆیی کوردا نیین، بۆیە دوور یان نزیک ئەم ڕێیکەوتنەی سعودیە و ئێران کاریگەریی دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستانیش، بەڵام گرنگ ئەوەیە سیاسی و دەسەڵاتدارانی کورد بتوانن بە ئیجاب و ئەرێنی ئەو کاریگەرییە لەبەرژەوەندی هەرێم بەرجەستە بکەن.

ئەگەر سەیری عێراق بکەیت حکومەتێکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییە، گروپە چەکدارەکان و هێزەکان حەشدی شەعبیش بە جۆرێک لە جۆرەکان نزیکن لە ئێرانەوە، دیارە کاتێک ئێران هەڵوێستی لەبەرامبەر بە سعودیە دەگۆڕێت ئەو گروپ و هێزانەش لە عێراق و سوریاو یەمەن و لوبنانیش کۆنترۆڵ دەکرێن و ڕێگەیان پێ نادات هیچ پەرچەکردارێکی ئەوتۆیان هەبێت زیان بگەیەنێت بەو ڕیسەی کە لە نێوان ریازو تایراندا دەچنرێت.

ئەگەر سەیر بکەین هەموو ناوچەکە ئاسۆیەکی تارادەیەک ڕوونی هەیە بەرامبەر بەم پێدراوە تازەیە، تەنها هێزە باڵادەستەکانی هەرێمی کوردستانە کە ناکۆک و نەسازاون لە نێوان خۆیاندا ئەویش لەزیانی کێ ، ئاشکرایە لە زیانی خەڵکی خۆێان و لەدوور مەوداشدا بە زیانی قەوارەی هەرێمی کوردستان، چونکە ئێمە لەم دۆسیانە جگە لە تەماشاکارێک هیچی تر نیین و هیچ کاریگەرێکمان نییە لەسەر ڕوداوەکان و لە هێج کام لەو بابەتانەدا نەبپرسمان پێ دەکرێت،نە ئاگاداری وردەکاریەکەشین و وەک خەڵکی تر لە میدیاکانەوە دەیبیستین.

بەدرێژایی مێژوو مەگەر بۆ بەکارهێنمان بووبێت وەک کارتێک، ئەگەرنا هیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە خۆشی لە کورد و دەسەڵاتەکەی نایەت، بۆیە ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە ببێتە هۆی خامۆشکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی یەمەن و سوریاو لوبنان و عێراق، دیارە ناوچەکەکە بەرەو ئۆقرەی هەنگاو دەنێت و هەر لایە سەرقاڵی چنیینەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەبێت .

لەبواری پەیوەندی وڕێککەوتنی ئابوری هاوبەش وڵاتانی ناوچەکە هەنگاوی گەورە دەنێن، جگە لەوەش یەکێک لەو دۆسیانەی هەردوو وڵات و وڵاتانی دیکەی ناوچە کاری لەسەر دەکەن دۆسیەی ئەمنی دەبێت هەندێکیان کارا دەکرێنەوە و هەندێکی تازەش دێنە گۆڕێ، بە تایبەت تاران و ڕیاز لەساڵی ۲٠٠۱ وە ڕێککەوتنێکی هاریکاری ئەمنیان ئیمزا کردووە و بەڵێنی کاراکردنەوەشیان داوە.

جێی داخە ئێمەی کوردیش بەهۆی ناکۆکییەکانی خۆمانەوە ئەبێت هەر تەماشاکاربین و هیچی تر.

دەستبەتاڵبوونی هێزەکان بە ناکۆکییە قورسەکانیانەوە، ئیتر خۆیان یەکلادەکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، ئەو کاتەش عێراق خۆی یەکلایی دەکاتەوە بۆبەهێزبوونی زیاتر و گەڕکردن بە هەرێمی کورستان، لە کاتێکدا هەرێم گیرۆدەی سەدان کێشە چارەسەر نەکراوو هەڵپەسێردراوە و هیچ ئاسۆیەکیش نییە بۆ چارەسەرکردنی.

ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی زلهێزەکانی ناوچەکە کێشەو ناکۆییەکانی ئێمە دەکات بەژێردەستووپێی ڕێککەوتنە سیاسی و ئابوری و ئەمنی یە زەبەلاحەکانەوە..