Alternate Text

New Title

دڵشاد ئەنوەر‌ 23/03/2021

هەرێم هیچ رێگەیەکی لەبەردەم دا نییە، جگە لە رێککەوتن لەگەڵ عێراق و ڕادەستکردنی نەوت، یاخود فرۆشتنی نەوت لە ژێر چاودێری عێراق دا.
هەرێم تێگەیشت لەوەی تەنها چارەسەر ڕێککەوتنە لەگەڵ بەغدا، بۆیە داوای دروستکردنی کۆمپانیایەکی هاوبەشی کرد بۆ فرۆشتنی نەوتی عێراق و هەرێم، بەڵام بەغدا ئەمەی ڕەتکردووە بە بیانووی هەبوونی کۆمپانیای سۆمۆوە. دواتر هەرێم ئەو پەیامەی گەیاند، سۆمۆ هیچ نوێنەرێکی کوردی تێدا نییە، بۆیە بەغدا بەڵێنی دانانی نوێنەری کوردی لەو کۆمپانیایە دا.
ڕەنگە ڕێککەوتنێکی کاتی بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوت بێتە ئاراوەو لێکتێگەیشتن دروستبووە، تا ئەوکاتەی بودجەی عێراق پەسەند دەکرێ، بەو پێیەی هەرێم پێویستی بەمەیەو داهاتی لەسەر ئەمەیە، ڕاگرتنی نەوت زیانیشی بە عێراق گەیاندووە، بۆیە بەرژەوەندی هاوبەش لەمەدا هەیە. 
چارەسەرکردنی کێشەکان لەمکاتەدا ڕیشەیی نین، بەڵکو لەحیم کردنن، چونکە زۆر کێشەی تری گرێدراو بە نەوتی هەرێم هەن، بەم دەم و دەستە چارەسەر ناکرێن و کاتیان دەوێ.
گرفتی چۆنیەتی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان، گرفتی قەرزەکانی سەر هەرێم و زۆری تریش کە بەغدا تێبینی لەسەریان هەیە، ئەمانە کێشەی قوڵن، چارەسەر کردنیان هەم کاتی دەوێ، هەم مشتو مڕیان زۆر بەدواوەیە، بەتایبەت گەر بەغدا نەوتی هەرێمی ڕادەست بکرێ، ئایا دەچێتە ژێر باری گرێبەستی کۆمپانیاکانەوە کە پێی ڕازی نییە؟ ئایا بەغدا دەچێتە ژێر باری قەرزە کەڵەکە بووەکانی سەر هەرێم؟
ڕێککەوتنی ریشەیی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسە ئاڵۆزانە، ڕەنگە دوو لایەنە قورس بێ، بەڵکو پێویستی بە فشاری دەرەکی و نێوەنگیری زلهێزەکان هەبێ، هەروەها دەرچواندنی یاسای نەوت و گازیش لە مڕووەوە هەماهەنگ دەبێ.