Alternate Text

ئەردۆغان کۆتایی حەکایەتەکە

سەردار عەزیز‌ 23/03/2021

ئەردۆغان بیباتەوە یان بیدۆڕێنێت، حەکایەتەکەی تەواوبوە. حەکایەتی ئەردۆغان، حەکایەتی دین نیە، وەک لە دەرەوە هەوادارانی هەوڵی وێناکردنی دەدەن، بەڵکو وەک لە ئەدەبیاتی تورکیدا ئاماژەی پێدەدرێت، حەکایەتی تورکی ڕەش و تورکی سپییە.
تورکیا هەمیشە بە دوو حەکایەت بەڕێوەچوە، یەکێکیان مۆدێرن، ئەویتریان کەلەپور یان ترادیشیون. کە لە پەنجاکان یەکەمجار دەرفەت دەڕەخسێت بۆ هەڵبژاردن، مۆدێرنە بەرامبەر ترادیشیون دەدۆڕێت. بەڵام چیرۆکی مۆدێرنەی تورکی هەمیشە چیرۆکی مۆدێرنەی زەبر بوە. مۆدێرنەی تورکی کە خۆی لە دەوڵەتگەرایی، سوپا، لاییک و ڕۆژئاواییەتیدا دەبینێتەوە، هەرگیز حیکایەتێکی ئاسان نەبوە. ئەم حیکایەت بە زۆری باوەڕوداران یان هەوادارانی خەڵکی شارە گەورەکان و شارە کەنارییەکان بوون، لە بەر کۆمەڵێک خەسڵەتی دیار وەک شاربون، گەشتیاریی، بیرۆکراسییەت و خوێندەواریی.

دیندارانی تورک هەمیشە هەستیانکردوە کە دەوڵەت بۆ ئەوان نیە، بۆیە خۆیان وەک تورکی ڕەش تەماشا دەکەن. لە کودەتای هەشتاوە، پۆستمۆدێرنەی تورکی دەستپێدەکات. دەوڵەت دەستبەرداری زۆر خەسڵەتی دەبێت بۆ بازاڕ. ئەو سەردەمە سەردەمی نیولیبرالیزمی تاتچەر و رێگن بوو لە ئاستی سیاسیدا. لە ئاستی فیکریدا جێگرتنەوە هایەک و فریدمان بوو بە مارکس و ئینجلز.
پاڵەوانی ئەم قۆناغە سۆفییەکی نیمچەکوردی، نیمچە لیبرالی بەناوی ئۆزالە. لەوێوە موسوڵمانە تورکەکان دەبنە بۆرژوای بچوک. بەڵام ئێستا زۆریان سەرمایەدارن و مناڵەکانیان شارنشین و خاوەن بڕوانامەی زانکۆ دەرەکیەکان و زمان زانن. ئەوانیش سپی بونەوە. نوخبەی ئاک پارتی پەرتبون. گەندەڵ بوون. حەکایەتەکە تەواوبوو. حەکایەتی داهاتو لە تورکیا، حەکایەتی دادپەروەریی و یەکسانیی و فرەیی دەبێت، بەڵام بە بونی ڕێگریی زۆر. ئێستا حەکایەتی ترادیشیونخوازەکان پێگەو ڕۆڵ و گەورەیی تورکیایە، ئەم حەکایەتە دەمێنێتەوە. هەوڵئەدم بۆی بگەڕێمەوە، ئەگەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانم بە دڵ بێت.