Alternate Text

لە لۆزانی سویسراو لە دیداری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی

مەلا بەختیار‌ 23/03/2021

ڕۆژی (٢٨/٥/٢٠٢٣)، لەپانێلەکانی دووەمین رۆژی یەکەمین دیداری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، کە تایبەتبوو بەیادی (100) ساڵی رێککەوتننامەی لۆزان و لەسویسرا بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار، سیاسەتمەدارو رۆشنگەر، لەپانێلێکدا بە بەشداری هەریەک لە سیاسەتمەداران هۆشیار زێباری، مستەفا هیجری و عوسمان بایدەمیر، بابەتێکی پێشکەشکرد و لەڕووی مێژوویی و لەروانگەی هاوکێشە و بەرژەوەنیدییە هاوبەشەکانی وڵاتانی کۆڵۆنیالیزم و سەرنجەکانی سەبارەت بەسەرکردایەتی کورد لەوکاتەدا، شرۆڤەی رێککەوتنەکەی کردو تێڕوانینی خۆیشی سەبارەت بەئەگەرو پێشهاتەکان لێکدایەوە.
ئەوەی بابەتەکەی سیاستمەدار و رۆشنگەر مەلا بەختیاری لەلای ئامادەبوانی کۆنفرانسەکە جیاکردەوە، ئەوەبوو کە بۆ یەکەمینجارە، سەرکردەیەکی سیاسی کورد، بە میتۆدێکی رەخنەییانە و لەکڵاورۆژنەیەکی نوێ و بەروانگەیەکی جیاواز، بەتایبەت لەچوارچێوەی ستراتیج و بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرسێ تەوژمی (کۆڵۆنیالیزم، کەمالیزم، بۆلشەویزم) و بەگەڕانەوە بۆ ئەو زەمان و زەمینەیە، شرۆڤەی رێککەوتننامەی لۆزان-ی کردو لەڕووی بابەتییەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو قۆناغە کرد و رەخنەکانیشی لەسەرکردایەتی سیاسی کورد لەوکاتەداو بەڕیشە مێژووییەکەی خستەڕوو. هاوکات لەگەڵ ئاماژەکردن بۆ لێکەوتە مێژووییەکانی ئەو رێککەوتنە، دۆخی ئێستای باشوری کوردستانیشی لێکدایەوە و جەختیشی لەو پەیامە کردەوە، کە: سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان، تەنها یەک بوون و یەک هەڵوێستی دەتوانێ گرەنتی پارێزراوی کوردستان بکات، لەبەردەم هەر ئەگەرو گۆڕانکارییەکدا کە لەناوچەکە بێتە پێشەوەو بەنمونەی مێژوویش، ئەو تێڕوانینەی خۆی سەلماند..
ئەمەی خوارەوەش دەقی بابەتەکەی سیاسەتمەدارو رۆشنگەر مەلا بەختیار-ە…
رۆژتان باش…

سوپاس بۆ سازدانی ئەم کۆنفرانسە لە ساڵڕۆژی سەدساڵەی لۆزانی شوم! ئومێدەوارین کە دوای سەد ساڵ، نەتەوەی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان، بەتایبەتی حزبە سیاسییەکانی باشور لەسیاسەتی نێودەوڵەتی تێگەیشتبین و بشزانین بەرژەوەندییە باڵاو ستراتیجییەکانی کورد، چۆن لەگەڵ تەوژمی نوێی جیهانگیریی و گۆڕانکارییەکانی جیهان بگونجێنین.
ئەمڕۆ، هەروەک دوێنێش وتم: هەندێک تایبەتمەندی کە لە لۆزان هەیە، باسیبکەم و رەنگە یەکەم کەس بووبم باسمکردبێ، ئەویش بەپێی زانیارییەکانی کە لەسەر ئەو مێژووە زۆرم خوێندۆتەوە، کاتێکیش هاتووم بۆ ئەم کۆنفرانسە، لایەنیکەم سێ هەزار لاپەڕەم خوێندۆتەوە. بەتایبەتی ئەم بابەتەی کە من باسیدەکەم، نیوەی لەسەر شۆڕشی ئۆکتۆبەر و بۆلشەویزم و لینین و ترۆتسکی و هتد…ە و چ پەیوەندییەکیشیان بەو دۆخەوە هەیە؟! بۆ ئەمەش پێویستم بەوەبوو بە کتێبەکەی (ئیسحاق دۆچەر)دا بچمەوە کە (١٧٠٠) لاپەڕەو سێ بەرگ بوو، دیسان هەموویم خوێندەوە، لەبەرئەوەبئەو قسانەی ئێستا دەیکەم، قسەی مێژوون!

لەم پانێلەدا لەسەر سێ بابەت قسە دەکەم: کۆڵۆنیالیزم، کەمالیزم، بۆلشەویزم.. ئەم بابەتانە چ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە هەیە، چ هەلومەرجێکی بابەتی، جیهانی، سەرمایەداری، نیشتمانی و نەتەوەیی دروستبوو کە ئەم سێ تەوژم و جەمسەرە مێژووییە، بە یەکەوە گرێ بدات. پێش هەمووشتێک بیروڕای خۆم لەسەر مێژوو وایە: وتنەوەی مێژوو سواوە! کۆتاییپێهاتووە. نوسینی مێژوو، وەکو نوسینی حەکایەتخوانی و سەرگوزشتە گێڕانەوە، کۆتاییهاتووە. بەڵکو نوسینی مێژوو دەبێت بە میتۆدی رەخنەیی بنوسرێت. سەرلەنوێ هەڵیبوەشێنیتەوە، لایەنە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکانی باس بکەیت و چاویش لە هەڵەکان نەپۆشیت! ئایدۆلۆجییەتت چی دەبێت و چی نابێت، لە چ حزبێک دەبیت یان نابیت، ئەمە بابەتیکی ترەو هی ئێستایە، بەڵام بابەتی مێژوو ئەوەیە کە رویداوە! ئەوەنییە کە تۆ ئێستا ئینتیمات بۆ چ حزبێک هەیە یان نییە! ئەوەی لەرابردوودا رویداوە هەموو لایەنەکانی بەوردی بخوێنیتەوە.

کۆڵۆنیالیزم… ئێمە هەموومان دیموکرات بوبین، چەپ و ئازادیخوازبوبین، هەرچییەک بوبین، لەو مێژووەدا دژی کۆڵۆنیالیزم بوین. بەڵام ئایا ئێستا کە مێژوو دەخوێنینەوە، ئەو کۆڵۆنیالیزمەی ئێمە دژایەتیمان کردووە، ئایا سەد ساڵ لەمەوبەر و ئەگەر بەپێی میتۆدی زانستی مێژوو بخوێنیتەوە، ئەگەر بچیتەوە ئەو زەمان و زەمینەیە، نەک ئێستا بە ئەبستراکت بە(تجرید)ی رووداوەکانی مێژوو بەئارەزووی خۆمان لێکبدەینەوە، ئەمەش وەکو عەرەب ناویدەبات: واتا هەڵبژاردنی هەندێک رووداوی مێژوو بە دڵی خۆمان! کە ئەمەش مەحاڵە بابەتی و مەحاڵە زانستی بێت.
کۆڵۆنیالیزم، بێگومان لەمێژوودا غەدرێکی گەورەی لەکورد و لەگەلان کردووە! بەڵام تەوژمێکی مێژووی بوو، ئەبوو سەربکەوێت. چونکە قۆناغەکە وابوو، سەرمایەداری گەشەی کردبوو، دونیا پێویستی بەبازاڕی تازەبوو، تەکنەلۆجیای تازە هاتە ناو شەڕەوە، بۆیە هەر بەئاسانی بەریتانیا دەتوانێت ئیمپراتۆریەتێکی (٥٠٠) ساڵە لەناو بەرێت.

سەرمایەداری کە بەریتانیا پێشەنگی بوو سەرکەوت. کە کاریگەرترین، زلهێزترین و چارەنوسسازترین هێزی دونیا بوو ئەوکاتە. هەر سەرکردەیەکی ئەوکاتەش خۆی لەگەڵ ئەو تەوژمە مێژووییەی سەرهەڵدانی کۆڵنیالیزم سازدابێت سەرکەوتوبووە. بەچاوپۆشین لەوەی تۆ کوردیت، عەرەبیت، فارسیت، تورکیت! بەڵکو نیشتمانەکەی خۆتت لاگرنگ بووە، لەو گۆڕانکارییەدا شوێنی بۆ پەیدا بکەیت یاننا. ئەمەش پرسیارەکە و هاندەرە راستەقینەکەیە! بەداخێکی زۆرەوە، کۆڵۆنیالیزم دوفاقییەتی گەورەی هەبوو لەهاتنیدا..

یەکەم: خۆیان سەد ساڵ زیاتر بوو سیستەمی دیموکراسیان بونیادنابوو. کەچی وەکو داگیرکەر هاتنە وڵاتانی ئێمە. ئەمە دەبێت بزانین، هەروەکو چۆن ئەمریکاش وەکو داگیرکەر هاتە عیراق. بەڵام ئایا ئێمە دەمانتوانی وەکو سەردەمی شێخ مەحمود، بڵێین: ئەمریکا داگیرکەرەو خۆمان ناگونجێنین لەگەڵیدا؟ ئێستا ئەمریکا، یان هەر وڵاتێکی تری زلهێزی دونیا بچێت بۆ هەر وڵاتێکی وەکو وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، ئایا رەوای هەقە سەرکردایەتی بەشەکانی کوردستان دژی ئەمریکا بن؟ ئایا ئەمە هیچ ئەنجامێکی دەبێت؟ یان تەنها دروشم دەبێت؟ یان تەنها خولانەوە دەبێت لەناو بازنەی تیۆری؟ خولانەوە لەناو بازنەی تیۆری بەبێئەوەی بێیتەدەرەوە، بۆ پراکتیکی ناو هاوکێشەکان، ئەنجامەکەی بێهودەیە و هیچ ناگەیەنێت!

بۆیە بەریتانیا کە لەسەرەتاوە هات، هیچ بەرنامەیەکی ئەنتی کوردی نەبوو، دژی کورد نەبوو! لەهیچ بەشێکی کوردستان، دژی کورد نەبووە. ئەوهات ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بڕوخێنێت و بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی باشتر لەفەرەنسا، لە ئەڵمانیا، لە ئیتاڵیا و دواتریش کە ئەمریکا دێتە ناو هاوکێشەکەوە، باشتر لە ئەمریکا، دابین بکات.

کوردستانیش، یەکێک بوو لەپێگە گرنگەکانی بەرژەوەندییەکانی ئەوکاتی سەرمایەداری، کە نەوتی تێدابووە. لەخانەقین، لەویلایەتی موسڵ و کەرکوک نەوت دۆزراوەتەوە و ئەمەش زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوکاتەو پێویستە بیزانین. لەکاتێکدا، ئەوکاتە یەک گوتاری کوردی نییەو هەموو رۆژنامەو گۆڤارەکانم خوێندۆتەوە، یەک گوتاری کوردی و یەک تێگەیشتنی کوردی نییە، کە بڵێت پێگەی کوردستان، بەرژەوەندی ئابوری کوردستان، نەوتی کوردستان، لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە دەگونجێنین. ئەمەش هەڵەیەکە لەلایەن بەریتانیای ئەوکاتەو هەم لەلایەن سەرکردایەتی ئەوکاتەی کوردەوە!
هەڵەکەی بەریتانیا ئەوەیە، تێناگەم میرنشینێکی عەرەبی بچکۆلە لە بەحرەین، لە کوەیت، لەهەرلایەک، نە لەرووپێوی جوگرافی و نە مرۆیی، نە لە هەڵکەوتەی جیۆپۆلەتیک، هیچی ئەمانە، بەهێندەی کوردستان گرنگ نەبوون ئەوکاتە، تێناگەم بۆچی بەریتانیا هێندە قوڵ و هەمەلایەنە لێکینەداوەتەوە ئەگەر هاوتای بەحرەین، کوەیت یان وڵاتێکی تری بچوک، دەوڵەتی بۆ کوردستان دروست بکردایە، ئێستا تەواوی هاوکێشەکان و رەهەندی ستراتیجی هاوکێشەکانیشی دەگۆڕی. بۆ لەمە تێنەگەیشت؟ بۆ چی دەوڵەت و میرنشینی بۆ ئەوان دروستکرد، بەڵام بۆ کوردی دروست نەکرد؟ بۆچی بۆ ئەوان توانی موسایەرەی سیاسەتی خۆی بکات و لەگەڵ دۆخەکەیان، بۆچی بۆ کورد بەقسەی کەمالیزم و پان عەرەبیزمی کرد؟! چونکە مەنگەنەیەک هەبوو، مەنگەنەی عەرەبی و مەنگەنەی کەمالیستی هەبوو، کوردیش خرایە ناو ئەو مەنگەنەیەوە. ئەمەش سەبارەت بە کۆڵۆنیالیزم و شێخ مەحمودە.

کەمالیزم… دەبێ بزانین سەرکەوتنی کەمالیزم، هەروەکو ئێستای تورکیا، چۆ ئێستا تورکیا زیرەکانە یاری بەناکۆکییەکانی نێودەوڵەتی دەکات، ئەوکاتە سەرۆکی تازە هاتووە سەرکاری تورکیا، کەمال ئەتاتورک، زۆر بەجوانی یاری بەناکۆکییەکان کردووە. یەکەمین تێگەیشتن و تەکتیکی ژیرانەی کەمال ئەتاتورک، ئەوەبوو یەکەمینجار چوو لەگەڵ سۆڤییەتی سەردەمی لینین و ترۆتسکی رێککەوت، کە ئەمەش بوو بە مایەیی نیگەرانییەکی زۆری کۆڵۆنیالیزم و بەریتانیا زۆرتر لەفەرەنسا.

بەریتانیاش بێڕادە هیلاک ببوو لەشەڕ، توانای ئەوەی نەبوو بچێت بەهیچ شێوەیەک رێگە لە تەوژم و توانای عەسکەریی و جوگرافیای ناو تورکیا بگرێت، بۆ ئەوەی نەهێڵێت کەمالیزم ئامانجە سیاسییەکانی بەدیبهێنێت. کەشتییەکانی هەتا نیل و بسفۆرو ئەو ناوچانە هێنا، بەڵام سوپای بۆ وشکانی دانەگرت، بۆیە ئەوکاتە لەسەر ئاستی دونیا و هەرێمایەتی، ناکۆکی گەورە لەنێوان شۆڕشی ئۆکتۆبەر و کۆڵۆنیالیزم هەبوو، لەنێوان بەلشەویکەکان و کۆلۆنیالیزم هەبوو، هەربۆیە زیاتر لە (٢٠) دەوڵەتی جیهانی، یەکیان گرتەوەو چوون تەداخولیان لەروسیا کرد، بۆ ئەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەناوبەرن! واتا لەکاتێکدا، شەڕێکی گەورە لەنێوان زلهێزەکانی دونیا و دەوڵەتی تازە دامەزراوی ئۆکتۆبەر بە پێشەوایەتی لینین هەیە، بەرژەوەندییە نێو نەتەوەییەکانی دونیا سەبارەت بە سەرمایەداری، کەتبووە مەترسییەوە! پڕوپاگەندەی شۆڕشی کرێکاران و گەلان دەکرا دژی ئیمپریالیزم و ئەدەبیاتی ئەوکاتەش دەڵێت: لەم نزیکانە شۆڕشی کرێکارانی جیهانی بەرپا دەبێت و بێگومان ئەمەش بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و وڵاتانی تر دەترسێنێت! لەترسی ئەوەشی نەکا تورکیاو هەندێک وڵاتانی تریش ئەوکاتە نەبن بەدۆستی ستراتیجی، هەم بەریتانیا، هەم فەرەنسا، هەم دەوڵەتانی تر، بۆیە بەرامبەر کەمالیزم نەرمیان نواند! بەڵکو پەیوەندییەکی باشیان پەیداکرد، بەتایبەتی کەزانیان لینین، چەک، ئاڵتون، نەوت و ئاسنیشی داوە بە کەمال ئەتاتورک.

سەیر بکەن، (١٩٢٠ - ١٩٢١) کە ئەمە تراجیدیا و عەیبەیەکی گەورەی مێژووە لەلای من، (١٩١٧) شۆڕشی ئۆکتۆبەر سەردەکەوێت و بەلشەفیزم دێتە سەر حوکم، دروشمی کرێکارانی جیهان دەگۆڕن و دروشمی کرێکاران و گەلانی دونیا یەکبگرن، کۆنگرەی گەلانی رۆژهەڵات بۆ پشتیوانی گەلان دەبەستن! خەباتی چین دەستپێدەکات، ناکۆکی گەورە دەکەوێتە نێوان ترۆتسکی و لینین، لەسەر ئەوەی ئایا پشتیوانی کۆمینتاغ بکەن بەسەرکردایەتی شانکای شیر، یان پشتیوانی حزبی شیوعی تازە دامەزراو بکەن؟ دواتر کە ماوتسی تۆنگ جیادەبێتەوەو شۆڕشی درێژخایەن رادەگەیەنێت، کێشەیەکی گەورەیە و هەتا چلەکان ئەمە دەخایەنێت. لە پڕوپاگەندەی پشتیوانی گەلان و چی و چییەوە، کەچی لەلایەکەوە لینین کاغەز دەنوسێت بۆ روسیای ئۆکتۆبەر وەڵامی نادەنەوە، لەملاشەوە دەوڵەتێک دێتە پێشەوە بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە، هیچ جۆرە مافێکی نەتەوەی کورد و کورد لەباکور بسەلمێنێت، کەچی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و لینین پشتوانی دەکەن. بێگومان ئەمە لەهاوکێشە نێودەوڵەتییەکانی ئەوکاتە، دەبێتە مایەی نیگەرانییەکی ستراتیجی گەورە بۆ بەریتانیا و فەرەنسا و هەوڵدەدەن بەڕە لەژێر قاچی رابکێشن. (ئەگەرچی باوەڕم بەوەنییە مێژوو دووبارە ببێتەوە) ئەمەش قسەی نمونەییە، بەڵام وەکو ئەوەی کە ئێستا خەریکە مێژوو دووبارە دەبێتەوە!

لەملاشەوە، روسیا و چین جەمسەرێکی گەورەن و لەگەڵ تورکیا بەهێزن، لەولاشەوە ئەمریکا و دۆستەکانی لەبەرامبەر تورکیا وەستاون و هەردوولایان هەوڵدەدەن تورکیا بکەن بەدۆستی ستراتیجی خۆیان! پێشبینی ناکەم مێژوو وەکو خۆی دووبارە ببێتەوە، بەڵام یاریکردن بەهاوکێشەکان لەدنیای سیاسەتدا، بۆ دەوڵەتێکی وەکو تورکیاش، کە ئێستا زلهێزی هەرێمایەتییە، یاریکردن بەهاوکێشەکان و ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان، لەزانستی سیاسەتیشدا رەوایە! بەڵام بەداخەوە سەرکردایەتی کورد، نە لەجەنگی جیهانی یەکەم و نە لەجەنگی دووەمی جیهانیدا، لەم راستییە تێنەگەیشتبوون. لەبەر ئەوە بەلشەویک، کە لینین سەرکردایەتی دەکات و دواتر بریندار دەبێت و نەخۆش دەکەوێت، پاشان ستالین خراپتری دەکات، بەلشەویک هەڵەیەکی ئێجگار گەورەی ستراتیجی کردووە لە پشتیوانیکردنی کەمالیزم، بەبێئەوەی بڵێت نابێت تەعەدا لەکورد بکەیت! بەبێ ئەوەی بڵێت سیاسەت تێدەگەم، ئابوری هاوبەش تێدەگەم، جوگرافیا و هەموو ئەمانە تێدەگەم، بەڵام قبوڵکردنی سەرکوتکردن تێناگەم! قەتڵوعام کردن لەدەرسیم، لەزیلان و ئەو ناوچانە تێناگەم..! سوپای تورکیا بەو هەموو دڕندەییەی خۆیەوە دەکەوێتە گیانی کورد، بەڵام لینین بۆ قبوڵی دەکات؟ بەلشەویک بۆ قبوڵی دەکات؟ شورەویی بۆ قبوڵی دەکات؟ دواتر بۆ ستالین قبوڵی دەکات؟ پاشان ستالین لەکۆتایی سییەکان، هەڵەیەکی گەورەتر دەکات و لەگەڵ هیتلەر رێکدەکەوێت! سەیر بکەن مێژوو چیدەکات؟ مێژوو چی تێدایە ئەگەر بەباشی بیخوێنیتەوە؟ بەڵام ئەگەر بەدۆگماتیزمی ئایدۆلۆجی بیخوێنیتەوە، ئەم هەقیقەتانە فەرامۆش دەکەیت! لەهەموو فەلسەفەیەکدا، لەهەر دینێکدا، دۆگماتیزم هەقیقەتەکانت لێدەشێوێنێت. بەپێچەوانەشەوە، مەنهەجی رەخنەیی، راستتیەکانت جوانتر بۆ دەردەخات، چونکە مەنهەجی رەخنەیی دۆگماتیزمی ئەقڵ تێدەپەڕێنێت.

ئەمە بابەتێکی گرنگ بوو سەبارەت بە من، لەلایەک کۆڵۆنیالیزم، لەلایەک بەرشەویزم، لەلایەکیشەوە کەمالیزم، کە چی لە لۆزان کرد؟! چونکە لۆزان سەرەنجامی ئەو ململانێ نێودەوڵەتییە و سەرەنجامی تێکهەڵچونی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان هاتە پێشەوە، کە سەرەنجام بەریتانیا بەهەموو نرخێک دەیویست خۆی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لەعیراق، فەڵەستین و وڵاتانی عەرەبی و کەنداو مسۆگەر بکات. خۆشتان دەزانن ناکۆکی لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسا هەبوو لەسەر ویلایەتی موسڵ.

بێگومان دەمەوێت دیقەت بدەین کە ویلایەتی موسڵ، واتا کوردستانی جنوبی (کوردستانی باشور)، نەک دەوروبەری موسڵ وەکو شەنگال و ئەو ناوچانە، چونکە ئەوکاتە لەناو موسڵ زۆرینە کورد بوون! دوای کوردیش عەرەب بووە، لەدوای ئەوانیش باقی پێکهاتەکانی تر بوون. بۆیە دەبێت ئەم راستییانە وەکو خۆیان بیزانین..

دوێنێ باس لەوەشکرا، کە کێشەی لۆزان زۆرتر پەیوەندی بەباکوری کوردستانەوە هەبوو، ئەمە راستە، بەڵام دواتر ململانێی گەورە کەوتە نێوان هەم دەوڵەتی فەرەنسا و بەریتانیا، هەم مەترسییەکانی روسیای ئەوکاتە هاتەوە گۆڕێ و ئەوان پێیان وابوو، ئەگەر کوردستان نەکەن بە بەربەستێک لەبەردەم روسیا بۆ ئاییندە، ئەوا ئەگەر روسییا بێت لەکورستانەوە هێرش دەکات بۆ باشوری عیراق و ناوچەکانی تر. بۆیە ویلایەتی موسڵیان زۆر لا گرنگ بوو، بەهەموو نرخێکیش بەریتانیا پاشگەزبووەوە لەوەی ویلایەتی موسڵی دابوو بەفەرەنسا، سەرلەنوێ لە سەردەمی (کلیمنسۆ) ویلایەتی موسڵیان لە فەرەنسا وەرگرتەوە. کەوابێ ئەو قسەیەش وردو راستە، کە رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو هاوکێشەکەدا نەبووە! بەڵام باکور و باشور، رۆژئاوای کوردستانیش وەکو درێژکراوەی باکور، لەناو هاوکێشەکەدا بوون.

دوا قسەشم ئەوەیە، کە: عەرەب هەمووشتێکیان کرد کورد بێبەش بکەن، بەتایبەتی عەرەبی عیراق. بەڵام سەیر ئەوەیە ئێستا کە باسی سایکس پیکۆ دەکرێت، دەیانەوێت لەو میحنەتەشدا خۆیان بەهاوبەشی کورد بزانن! لەکاتێکدا عەرەب لەسایکس پیکۆدا هیچ زەرەرێکی نەکردووە! بەپێچەوانەوە قازانجی کردووە و لەدوای سایکس پیکۆ چوار دەوڵەت بۆ عەرەب دروست دەکرێت، نەک یەک دەوڵەت! بەڵام میرنشینێک بۆ کورد دروست ناکرێت. بۆیە لەلایەکەوە بەڵاکەمان بەسەردا دەهێنن، لەلایەکیشەوە خۆیان بەمەزڵوم پیشاندەدەن بەرامبەر بەداگیرکەر و کۆڵۆنیالیزم و دەیانەوێت بڵێن: ئێمەش وەکو کورد، بەدبەخت بووین! لەکاتێکدا جگە لەکورد و ئەرمەن و فەڵەستین، لەسایکس پیکۆ هیچ گەلێک بەدبەخت نەبووە…

*لەبەشی دووەمی پانێلەکەشداو لە وەڵامی پرسیارێکی پانێلیستەکەدا، کە: بەڕێز کاک بەختیار، ئاماژەتان بۆ ئەوەکرد، کە بەریتانیا لەسەرەتاوە وەکو ئەندازیاری دابەشکاری دژی کورد نەبوون! لەخاڵێکی تریشدا باستان لەئایدۆلۆجییەت کرد، بەتایبەتی کۆمۆنیزم، کە چ زیانێکی هەبووە و ئەو پەیوەندییەی نێوان ئەتاتورک و لینین، رابەری شۆڕشی (١٩١٧)، بۆچونێک هەبوو کە دەیانوت با جارێک داوا لە یەکێتی سۆڤییەت بکەن، کە هەر کتێب و پەرتوک نەنێرێت بۆ کورد، بەڵکو چەکیشی بۆ بنێرێت! چۆن ئەمە دەخوێننەوە؟ ئایا بۆچی بەریتانیا رۆحیەتێکی دژە کوردی تێدابوو، کە بە جۆرێک لەجۆرەکانیش بەردەوام دەبێت؟ رایگەیاند:

-دووخاڵ زۆر گرنگە کە پێویستە بیزانن، چونکە ماکی ئەو سەرکەوتنانەمانن، ئەویش یەکەم: تێگەیشتن بوو لەسیاسەتی نێودەوڵەتی، بۆیەکەمینجار بوو لەمێژوودا، کوردو سەرکردەکانی کورد تێبگەن کە جەنگی سارد تەواو بووە، گۆڕانکاری بەڕێوەیە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە، ئەمریکا و یەکێتی ئۆرۆپاش رۆڵێکی چارەنوسساز دەگێڕن. ئەوکاتە چین هەبوو، یەکێتی سۆڤییەت هەبوو، تورکیا هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەرکیز کرایە سەر ئەو دەوڵەتانەی دەتوانن چارەنوسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕن، لەژێر رۆشنایی کۆتاییەکانی جەنگی سارددا، ئاوابونی جەنگی سارد بەدیبهێنن.. بۆیە لەبەرەی کوردستانییەوە هەردوو جوامێر، مام جەلال و کاک مەسعود لەم بارەیەوە لێکتێگەیشتنیان هەبوو، ماوەیەکی زۆریش جەنابی مام جەلال تەرخانکرابوو بەناوی بەرەی کوردستانییەوە لەدەرەوەی وڵات ئەو رۆڵە ببینێت، هەم کاک هۆشیار و هەم کاک بەرهەم و باقی تری سەرکردەکان کە لەدەرەوە بوون، لەم بارەیەوە بەڕاستی رۆڵێکی مێژووییان گێڕا و توانیان لەدەرگاکان بدەن.. کۆمەڵێک نهێنیش هەیە کە ئێستا کاتم نییە باسی بکەم! کۆمەڵێک نهێنی، کۆمەڵێک ململانێ و هەندێک بارودۆخ، کە لەوکاتەدا ئەمریکا چۆن سەیری کردوین، روسیا و ئەملاولا چۆن سەیریان کردووین؟
ئەمەش خاڵی یەکەمە، کە دەبێ تێیبگەین و دەشبێ بزانین هێشتا دونیا و بەپێی روانینی من، چەند ساڵی ئاییندەش هێشتا چارەنوسی دونیا بەدەست زلهێزەکان و وڵاتە گەورەکانەوەیە، کە کاریگەری ئێجگار گەورەیان لەسەر دونیا دەبێت.

خاڵی دووەم: یەکگرتنی کورد بوو.. برایان و خوشکان، یەکگرتنی ئەوکاتە لە ساڵی (١٩٩٧ و ١٩٩٨) بەدواوە کورد یەکگرتوو نەبوایە، مەحاڵ بوو بتوانین ئەو هەرێمەی ئێستا دروست بکەین! چونکە دەوڵەتانی هەرێمایەتی، لەسەر چزبوون لەگەڵمان. ئامادەبوون لە کەلێنەکانمانەوە، لەناکۆکییەکانمانەوە بێنە ناومانەوە و درێغیشیان نەکرد، زۆر دەست و دەستتێوەردانیان هەبوو، بەڵام دوای یەکگرتنی کورد، کە کاریگەری زۆری هەبوو، بۆ ئەوەی بەربەستێک لەبەردەم دەستتێوەردان دابنێن. ئاشکراشە لای جەنابتان، کە جەنابی مام جەلال، ساڵی (١٩٩٧- ١٩٩٨) بروسکەیەکی کرد بۆ جەنابی کاک مەسعود و وتی: ئەم نیوەڕۆیە میوانتم…!

دوایی بیستمانەوە، کە کاک مەسعود، وتبووی خۆتان حازر بکەن، ئەمە مام جەلال-ەو دێت! خۆیان حازر کردبوو، هەتا نزیکی کۆیە لەپێشوازیدا وەستابوون، مام جەلال-یش بە دوو ئۆتۆمبیل رۆیشتبوو! بۆ ئاگاداریتان قبوڵی نەبوو پاسەوان لەگەڵ خۆیدا ببات. کە ئێمەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی ئەمەمان قبوڵ نەبوو. بەڵام مام جەلال وتی: من ناچم بۆ ئەوەی گەورەیی خۆم نیشان بدەم، بەڵکو دەچم بۆ ئەوەی لەگەڵ جەنابی کاک مەسعود و مەکتەبی سیاسی دابنیشین، بارودۆخەکە لێکبدەینەوەو بگەین بەرێککەوتن. بەڵێ چوو، دانیشتن، پاشان مامجەلال ئیزنی لەکاک مەسعود خواستبوو، وتبووی: بابچینە ژورەوە قسە بکەین! هەمووی سێ چارەکە سەعات، سەعاتێکی نەخایاندبوو، قسەیان کردبوو، ناوکی رێککەوتنی ستراتیجیان بڕیبوو.
لەو کاتەوە تا ئێستا، خۆشبەختانە شەڕی ناوخۆ، دووبارە نەبۆتەوە! تا گەیشتە رێککەوتننامەی واشنتۆن. نهێنییەکی رێککەوتنی واشنتۆنیش هەیە، کە مەعلومی کاک هۆشیارە زیاتر لەمن، ئەویش ئەوەیە، دوایئەوەی رێککەوتن لەسەر رێککەوتننامەی واشنتۆن (١٩٩٨) دەکرێت، دێنە بەردەم دەرگای وەزارەتی دەرەوە، خانم ئۆلبرایت لەناوەڕاستیاندا دەبێت و مام جەلال و کاک مەسعود چەپ و راستی دەگرن، پێشئەوەی دەرگا بکرێتەوە، ئۆلبرایت لە هەردووکیان دەپرسێت: ئێوە مانای ئەمە دەزانن، کە لەم دەرگایەوە لەگەڵ من دەچنە دەرەوە؟ ئەوانیش وەڵامی دەدەنەوە کە: بەڵێ، ئەمریکا بەم رێککەوتتنامەیەوە پەیوەست دەبێت و دەبێت جێبەجێ بکرێت! هەربۆیە کە هاتنەدەرەوە ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەیان بەست و رێککەوتننامەی واشنتۆنیان راگەیاند.
لەوکاتەوە تائێستا رێککەوتننامەی واشنتۆن، راستە کێشەی تێکەوت، بەڵام بناغەکەی ئەوەیە کە نابێت شەڕی ناوخۆ دروست ببێتەوەو دەبێت بەدیالۆگی سیاسی، ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن و ئەوەتا تا ئێستا بوونی ماوە! بەڵام بەداخەوە ئێستا دۆخەکە ئاڵۆزی تێکەوتووە و ئەوەش نیگەرانییەکی گشتی دروستکردووە! لەم کاتەشدا خۆتان دەزانن، میللەتەکەمان زۆر رەخنەی هەیە و ناڕەزایەتییەکی زۆر لەناو کورددا هەیە، نەیشارینەوە باشە! فشار بخەینە سەر برینەکان بۆ ئەوەی کێمی برینەکان دەربهێنین! ئەم ناکۆکی شەڕی ناوخۆییە، سایکۆلۆجییەتی هەستیاریی حزبایەتی ناوخۆیە، هێشتا بەقەتماغە دامانپۆشیوە، بەڵام ماکی برینەکە (ماکی برین، لەکوردیدا بۆ جەوهەری برین بەکاردێت)، بۆیە کاتێک نەشتەرگەری بۆ دەکرێت بۆئەوەی کێم دروست نەکاتەوە، دکتۆر ماکەکە دەردەهێنێت! ماکی ناکۆکی و ئەو کێشانە دەبێت بەڕاستی فشاری بۆ بەرین، هەتا دەریبهێنین. ئەو دۆخەشی دروستبووە، دەبێ تێیبپەڕێنین..
جارێک لەدهۆک ئەم قسەیەم کردو ئێستاش لێرە دەیڵێمەوە: نە پارتی بەوەوە بنازێت کە زۆرینەی هەیە! نە یەکێتیش بەوەوە بنازێت کە ئۆپۆزسیۆن بێت و ئەمە ناکات و ئەوە ناکات! دەبێ هەردووکی بخەنە لاوە، چونکە کە هاتە سەر کوردایەتی، زۆرینەو کەمینە ناخوات، بەڵکو رێککەوتن دەخوات! زۆرینە و کەمینە بۆ ناو کۆبوونەوەکان باشە! کە کێ دەنگی زۆرەو کێ دەنگی کەمە و ئەمەش بۆ تێپەڕاندنی بڕیارەکان دروستە. بەڵام کوردایەتی بەزۆرینە و کەمینە نییە. ئەمە ئەگەر بۆ حزبێک بێت ئاساییە، بەڵام بۆ ناو ئەم حزبانە نابێ، چەنکە حزب هەیە زۆر بچوکە، کەچی بڕیاری حزبەکان قبوڵ ناکات. بۆیە من لەچوارچێوەی ستراتیجییەتی کوردایەتی باسی دەکەم.
باوەڕیشموایە، ئێستاش بەداخێکی زۆرەوە، روسیا، نە لەزەمانی قەیسەری، کە ئەوکاتە کورد لەمەهابادو لەشوێنەکانی تر یاداشتیانداوە بە روسیای قەیسەری و داوایان کردووە کە پشتیوانیان بکەن، ئێمەش هەم لە قاجارییەکان، هەم لە عوسمانییەکان خۆمان رزگار بکەین و دەبین بەدۆستتان، بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە! لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەدواوە، چیرۆکەکەم باسکرد و لەهەموو دەورانی سۆڤییەتی، ماوەیەکی کەم لەگەڵ شۆڕشی ئەیلول دۆستایەتیان کرد، بەڵام دواتر رێککەوتنی ستراتیجیان لەگەڵ عیراق بەست و هەرە چەکە کوشندەکانی یەکێتی سۆڤییەت لەشۆڕشی ئەیلول بەکارهات و دواتریش لەشۆڕشی نوێ و شۆڕشی گوڵانیش بەکارهات! من باوەڕموایە شۆڕشی نوێ و گوڵانە! ناشمەوێت بچمە ناو ئەم وردە کاریانەوە، چونکە هەندێکجار مێژوو غەدری لێدەکرێت!
بۆ نمونە ئەو فیلمە دۆکیومێنتارییەی ئەم بەیانییە بینیمان، یەکلایەنە بوو، بەداخەوە خراپبوون. چونکە ئەو شۆڕشە وانییەو بەڵکو دەبوو هەمەلایەنە سەیری بکەین، چونکە یەکێتی (٢٦) هەزار شەهیدی لەم شۆڕشەدا داوە بۆ ئاگاداری جەنابتان. (١٦٢١) شەهیدمان لەسێدارە دراون.. لەم شۆڕشەدا چوار سەرکردەمان لە سێدارە دراون… لەبەر ئەوە ئەگەر هەمەلایەنە سەیری مێژووی دەوڵەتان بکەین، وەکو کاک مستەفای هیجری کە بەجوانی باسیکرد، دەبێت هەمەلایەنە باسی مێژووی خۆشمان بکەین، بەتایبەتی کە ئەو مێژووە هەزار دۆکیومێنتی لەسەرە!
سەردەمی سۆڤییەت، یەکێتی سۆڤییەت، هەڵوێستیان گەیاندە ئەوەی کە رێککەوتنی ستراتیجی لەگەڵ عیراق ببەستن. کاتێکیش جەنگی سارد تەواو بوو، بۆ ئاگاداری جەنابتان چین و روسیا دواهەمین وڵات بوون، کە دانیاننا بەکیمیابارانکردن و ئەنفالکردنی نەتەوەکەمان! یەکەمین وڵاتیش فەرەنسا بوو هاتە سەرخەت، پاشان ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتی ئۆرۆپا هاتنە سەرخەت، ئینجا روسیا و چین هاتنە سەرخەت و ئیدانەیەکی شەرمنانەیان کرد!
جارێک وەکیلی وەزارەتی دەرەوەی روسیا هاتبوو بۆ کوردستان، هاتە سلێمانی و لەمەکتەبی رێکخراوەکانیش کۆڕێکمان بۆ بەست، قسەیکرد لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئەمە باسی ساڵی (١٩٩٩) دەکەم، منیش لێمپرسی ئێوە: لەزەمانی قەیسەر دژمان بوون! لەزەمانی سۆڤییەت لانیکەم دەتوانم بڵێم دۆستمان نەبوون! لەدوای جەنگی سارد لەگەڵ سەدام بوون! بۆیەمپێمان ناڵێن ئێوە کەی پشتیوانی کورد دەکەن؟! وتی: کەی بەرژەوەندی ئابوری ئێوە لەگەڵ بەرژەوەندی ئابوری روسیا گونجا!
ئەمەش وەڵامێکی دیپلۆماسی بوو، واقیعیش بوو، بەڵام مەبدەئی نەبوو! هیچ دیموکراسییەک و مافی گەلانی تێدا نەبوو! ئێستاش روسیا بەهەمانشێوە سەیری دونیا دەکات! لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین ئەم زلهێزە گەورەیە فەرامۆش بکەین.
برای بەڕێزم کاک نێچیرەڤان کارێکی باشی کرد چوو بۆ روسیا، سەرۆکی روسیا و وەزیری دەرەوەی بینی و لەکاتی پاشکەوتی موچەو ئەو دۆخەی هاتەپێشەوە یارمەتیانداین، ئێستا کونسوڵگەریان لە هەولێر هەیە. چینیش تا ڕادەیەک باشترە، بەڵام ئەو کاریگەرییە سیاسی، عەسکەریی و ئەمنییەی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، بەڵام چین ئێستا لەهەموو وڵاتان زیاتر بەهێزی نەرم، کە تیۆرییەکی تازەیەو لە (٢٥)ساڵی رابردوو سەریهەڵداوە، بەو هێزە نەرمە کاریگەری خۆی داناوە و چۆتە ناو هەموو دونیا و هەر بەو هێزە نەرمە ئەمریکای ترساندووە! بۆیە وەکو کورد ناتوانین ئەم جەمسەرانە، لەڕوی ستراتیجییەوە، پشتیوانی ستراتیجی رزگاریی و دیموکراسی گەلی کورد بکەن یاننا، هەڵەیەکی گەورەیە ئەم جەمسەرانەی جیهان، چین، روسیا، یەکێتی ئۆروپا، ئەمریکا، فەرامۆش بکەین! بەڵکو دەبێت هەر دۆستایەتیان بکەین. ئەمەش وەکو ئەوە وایە سەرمامانە و هەڵدەلەرزین، لەدەرگایەک دەدەین بەڵکو بۆمان بکاتەوە و خۆمان گەرم بکەینەوە! نایکاتەوە، دووجار، سێجار دەبێ هەر لێیبدەینەوە، سیجار لێیبدەیت باشترە لەوەی بڵێین: تاقەتمان نەما لەدەرگاکە نادەین و لەسەرما رەقببینەوە! بۆیە دەبێ لێیبدەین هەتا دەرگاکەمان بۆ دەکەنەوە. بۆیە دەبێت بەمشێوەیە لەگەڵ ئەم دەوڵەتانە پشومان درێژ بکەین و سیاسەتی هاوسەنگی هەرێم لەگەڵ جەمسەرەکانی دونیا بپارێزین و دیاریشە ئەوەی کە زۆرتر یارمەتیدواین، زۆرتر دۆستمانە.