Alternate Text

پەیامەکەت گەیشت، فەرمو دوکانە سیاسیەکەت دابخە

محه‌مه‌د عه‌لی ‌ 23/03/2021

یەکەم: سکرتێری جڤاتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دەڵێت” ھەرحیزبێک لەداھاتودا دروستبێت، وەک ئەمانەی ئێستا دەبێت بەبنەماڵەو بازرگانی دەکات”. زۆر ڕاستگۆیانە پێماندەڵێت: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش بووه‌ به‌ حیزبی بنەماڵە و کۆمپانیایه‌كی سیاسیی كه‌ له‌پاڵیدا بازرگانی ده‌كات. لەڕاستیدا ئەمە زۆر ئاشكراترین و گەورەترین دركاندنی راستێتی نهێنییه‌كی ئاشكرایه‌ لەزمانی کەسێکەوە کە تاوه‌كو دوێنێ بانگه‌شه‌ی دەکرد “گۆڕان دەکەنەوە بە گۆڕانەکەی جاران“.


دوھەم: عەدنان عوسمان دەڵێت: خەڵکی ئومێدیان نەماوە بە کاستی پێشوو قەدیم بەباش و خراپیەوە. زەحمەت نەبێ بۆ ڕای گشتیی ڕوون بكه‌ره‌وه‌: ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەکەت، سێ ئەندامی تری خانەی ڕاپەڕاندن، چەندین ئەندامی جڤاتی گشتی و نیشتمانی، جێگری سەرۆکی ھەرێمەکەتان و ژمارەیەک وەزیری گۆڕان، سه‌ر به‌ كام كاستن و له‌ پۆلبه‌ندییه‌شدا له‌ خراپه‌كانن یان باشه‌كان؟!


سێیەم: دابەشکردنی عەقڵیەتی گۆڕانکاریی بەسەر بەتەمەن و گەنجدا، یەکێکە لە چەواشەکارییە باو و بێتامه‌کان. چونكه‌ ھەمومان دەزانین نه‌وه‌ی دووهه‌م و سێهه‌می یەکێتی و پارتی و گۆڕان، لەناو حیزب و حکومەت و حیزبیش، زۆرینەیان گەنج و شەھادەدارن و زۆربەشیان بەشێکن لەکێشە نەک چارەسەر. سەیرەکە لەوەدایە پێتوابێت گەنجێتی تەنھا لایەنی بایۆلۆجی و شەھادەو زۆر بڵێییە نەوەک فکرو ئیرادەی سەربەخۆ!


چوارەم: ئەم وتارەی سکرتێری چڤاتی گۆڕان بەئاشکرا ئیعلانی شکستی ئه‌خلاقیی سیاسیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانەو نائومێدکردنی ھەر ھەوڵێکیشە لە داھاتودا بۆ گۆڕانکاریی و تێپه‌ڕاندنی كه‌لتوری ته‌وریسی سیاسیی. لێرەوە ئەم وتارە باشترین خزمەتی خۆبەخش و بێ بەرامبەرە بە ئەجێندای پارتی و یەکێتی.


پێنجەم: تەواو بە پێچەوانەی بۆچوونه‌كه‌ی عه‌دنان عوسمان، گۆڕانكاریی و ئۆپۆزیسیۆنبوون ته‌نها مانای دروستكردنی حیزبی نوێ نییه‌. گەورەترین وانەش لە خوپیشاندانەکانی به‌غدا و باشوری عێراقدا ده‌یبینین: نائومێدیی گروپه‌ ناڕازییه‌كان له‌ مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتی حیزبیی و كاریگه‌ریی خۆپیشاندانه‌كان لەسەر دامەزراوە فەرمی و نافەرمی و ئاینیەکان، گەڕانەوەی ئومێدی گۆڕانکارییه‌ لەڕێگای خەباتی مەدەنیەوە، بۆیه‌ دەشکرێ گۆڕانکاریی گه‌وره‌ و كاریگه‌ر بەبێ حیزبیش بکرێت. عەدنان عوسمان تەواوی ڕوداوەکە بەلاڕێدادەبات، گوایە مەسەلەکە پشتکردنە له‌ کاستی سیاسیی!


شەشەم: سکرتێری جڤات جوگرافیای بەلاوە گرنگەو سیاسەت و گۆڕانکاری بە یاری دوگۆڵی تێگەشتوە! پێیوایە ئەوەی لە سلێمانی دروستبێت کاریگەری لەسەر شوێنەکانی تری ھەرێم نابێت. باشە بەڕێزت ئەندام پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بویت لەکوێ دەوامت دەکرد؟ مەگەر دامەزراوەکان لە ھەولێر نین و ناکرێ لەڕێگای نوێنەرەکانی پەرلەمان و حکومەتەوە کە لە پایتەختن گۆڕانکاری ڕوبدات وەک ئەوەی گۆڕان لە دوخولی ڕابردوی پەرلەماندا ئەنجامیدا؟


حەوتەم: عه‌دنان عوسمان یان خه‌ڵك به‌ گه‌مژه‌ ده‌زانێت یان ده‌یانگه‌مژێنێت، چونكه‌ زۆر سەیره‌ كه‌سێك خۆی لە ٢٠١١ەوە پێیوابووبێت ئەم جوڵانە سیاسییه‌ی سلێمانی دەرەنجامی نابێت، بەڵام پاش ئەو بەروارە: بوببێت بە ئەندامی لیژنەی نوسینەوەی دەستور، کاندیدبوبێت بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هه‌ڵپه‌ی ئه‌وه‌ی بووبێ ببێت به‌ وەزیر لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم و دواتریش بووبێت بە سکرتێری جڤات و بشنوسیت: ھەوڵەکانی سلێمانی سودیان نیە و گۆڕانكاریی له‌ هه‌ولێر ده‌كرێت! کەوایە و نەتانتوانیوە ململانێ بکەن لە ھەولێر، بۆ دوکانە سیاسیەکەتان داناخەن؟


ھەشتەم: عەدنان عوسمان زۆر تراژیدیانە حەقیقەتێکی تاڵ ئاشکرادەکات و بەخەڵکی دەڵێت: ئێمە شکستمان ھێنالەوەی ململانێ بکەین لەھەولێرو ئەندام پەرلەمان و ڕاوێژکار و وەزیرەکانمان لەپایتەختی ھەرێم سەرقاڵی بەرژەوەندی و خۆدەوڵەمەنکردن و بازرگانی کردنن نەوەک ململانێ. بە زمانێکی کۆمیدیش داوالەخەڵکی تر دەکات بچن لەھەولێر ململانێ بکەن و تیربھاوێژن، چونکە گۆڕان ناتوانێت ململانێ بکات و تیریشی پێنەماوە!