Alternate Text

یادەوەرییەک لەگەڵ (هێرۆخان)

کاوە محەمەد‌ 23/03/2021

 پێرێ (١٣ شوباتی ٢٠٢٥) هەواڵی بڵاوبوونەوەی کتێبێکی خاتو (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)م بە ناونیشانی (بەکورتی) بەرچاوکەوت، ئەم هەواڵە خەیاڵی بردمەوە بۆ لای یادەوەرییەکی خۆم و (هێرۆخان) کە بۆ بیست ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٢٠٠٥) بوو و عیراق لەبەردەم دەنگدان بوو لەسەر دەستوور، کۆمەڵێک رۆشنبیر و چالاکوان بزووتنەوەیەکیان دامەزراندبوو بەناوی ریفراندۆم کە هاوکاتی دەنگدان لەسەر دەستووری عیراق، خەڵکی کوردستان رای خۆیان لەسەر مانەوە لەگەڵ عیراق یان جیابوونەوە لێی دەرببڕن، من ئەوکاتە سەرنووسەری رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) بووم، ئاگاداربووم کە (هێرۆخان) پشتگیرییەکی بەهێزی بزووتنەوەکەی دەکرد، بەڵام یەکێتی و پارتی لەگەڵی نەبوون.

دواتر هەردوولا دەستیان خستە ناوی و تا رادەیەک کاریگەریی نەرێنیان خستە سەری و شەوێکیان کە لەرۆژنامە خەریکی کار بووین و تەنها لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەکە مابوو تایپ و دیزاینکردنی تەواوبێت و بەڕێی بکەین بۆ چاپخانە، لەناکاو سکرتاریەتی بەڕێز (مام جەلال) تەلەفۆنیان بۆ کردم و وتیان مام دەیەوێ قسەت لەگەڵ بکات، ئیتر هاتە سەرخەت و بە دەنگێک کە دیار بوو دوای تووڕەبوونێکی زۆر ئەو تەلەفۆنەی بۆ کردووم، پاش چاکوچۆنییەکی سەرپێیی، وتی؛ لاپەڕەی یەکەمتان لەبەردەست ماوە ؟ وتم بەڵێ مامە گیان، وتی؛ ئێستا شتێکت بۆ دەخوێنمەوە لای خۆت بینووسە و دەمەوێت سبەی بە فۆنتێکی گەورە لە لاپەڕەی یەکەم بڵاوی بکەیتەوە، وتم؛ بەسەرچاو، فەرموو..

ئیتر ڕوونکردنەوەیەکی بە ناوی (یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان)ەوە بۆ خوێندمەوە کە ناوەڕۆکەکەی بریتی بوو لەوەی؛ یەکێتی لەگەل بزووتنەوەی ریفراندۆم نیە و ئێمە لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقین و هەر کەسێک ئەم کارە دەکات بەهیچ شێوەیەک تەعبیر لە سیاسەت و رای یەکێتی ناکات و...تاد.

منیش هەرچەندە هەموویم نووسی تا بینێرم بۆ تایپ، بەڵام لەناخەوە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەو ڕوونکردنەوەیە نەبووم، وتم؛ مامە گیان من ڕام وایە پەلە نەکەین لەبڵاوکردنەوەی (مەبەستم ئەوە بوو کە بەڵکو رۆژی دواتر هێوربێتەوە و رای بگۆڕێت)، وتی؛ تۆ هەقت نەبێت، بڵاویکەوە و تەواو..

دوای ماوەیەکی کەم کاک (قوبادی مام جەلال) پەیوەندی پێوەکردم، پرسیاریکرد وتی؛ ئەمشەو باوکم قسەی لەگەڵ کردوویت ؟ (دیار بوو ئاگاداربوون کە تووڕە بووە و مەبەستیەتی دژی هەڵمەتەکە ڕوونکردنەوە بڵاوبکاتەوە) وتم؛ بەڵێ کەمێک پێش ئێستا تەلەفۆنی بۆ کردم، وتی؛ دە باشە ئەوە دایکم دەیەوێ قسەت لەگەڵ بکات، ئیتر (هێرۆخان) پرسیاری لێکردم کە (مام جەلال) چی وتووە، منیش بۆم باسکرد کە بۆ چ مەبەستێک قسەی لەگەڵ کردووم و دەقی روونکردنەوەکەشم بۆ خوێندەوە، (هێرۆخان) وتی؛ ئەو ڕوونکردنەوەیە بڵاومەکەوە، وتم؛ ڕاستییەکەی منیش لەگەڵ بڵاوکردنەوەی نیم و بە پێویستی نازانم، بەڵام خۆت دەزانیت (مام جەلال) سکرتێری گشتی-یە و ئەمەش رۆژنامەی حزبەکەیە، قورسە من بە قسەی نەکەم و بڵاوی نەکەمەوە..

وتی؛ ئێ دە باشە تەلەفۆنی بۆ بکەوە و قسەی لەگەڵ بکە تا قەناعەت بهێنێت بە بڵاونەکردنەوەی، وتم، ئاخر ئەو لەو حاڵەتی تووڕەبوونەدایە و ئێستاش شەو درەنگ داهاتووە و زەحمەتە بتوانم ئێستا قەناعەتی پێ بهێنم، خۆت باشتر دەزانی ئەکید ئەم کاتانە دەچێتە ژوورەکەی خۆی و کەس زاتی ئەوە ناکات تەلەفۆنی بۆ بباتە ژوورەوە یان قسەی لەگەڵدا بکات، جگە لەوەش تۆ خێزانی ئەویت، باشترە خۆت قسەی لەگەڵ بکەیت و ڕازی بکەیت، وتی؛ باش، بزانم هەوڵێک دەدەم..

دوای نزیکەی سەعاتێک (مام جەلال) تەلەفۆنی بۆ کردمەوە و وتی؛ خۆ لاپەڕە یەکتان نەناردووە بۆ چاپ ؟ وتم؛ نەخێر، هێشتا لەبەردەستە (لەڕاستیشدا بۆیە بەڕێکردنیم بۆ چاپخانە دواخست، بە ئومێدی ئەوەی (هێرۆخان) کارێک بکات کە روونکردنەوەکەی تیادا نەبێت)، وتی؛ دە باشە روونکردنەوەکە دامەبەزێنە..

ئیتر دڵخۆشبووم کە کاری ئەو شەوەمان بەو سەرەنجامە گەیشت و روونکردنەوەکەمان لەسەر لاپەڕەکە لابرد، چونکە کەوتبوومە دۆخێکی زۆر ناخۆش، لەهەر حاڵەتێکدا یان دەبوو قسەی (مام) یان (مامۆژن) بشکێنم، بەڵام دواتر باشبوو (هێرۆخان) لەو بێنەوبەردەیە ڕزگاری کردم.

پاشان بەدوای ئەوەدا چووم کە بۆچی (مام جەلال) وا تووڕەبووە و ئەو ڕوونکردنەوەیەی نووسیوە، لە هاوڕێیانی کەناڵی (کوردسات)م بیستەوە و پێش بڵاوکردنەوەی ئەم یادەوەرییەش لە کاک (باست حەمە غەریب-م تەئکید کردەوە) کە چیرۆکی ئەو تووڕەبوونەی (مام جەلال) بەهۆی ئەوەوە بووە کە؛ لەچوارچێوەی پشتیوانیی (هێرۆخان) بۆ بزووتنەوەی ریفراندۆم، لە کەناڵی (کوردسات) بەرنامەیەک تەرخانکرابوو بۆ پشتگیریکردنی هەڵمەتەکە و کاک (باست حەمە غەریب)ی راگەیاندکاری دێرین و بە ئەزموون پێشکەشیدەکرد، ئەو شەوە (مام جەلال) بە سودفە بەرنامەکە دەبینێت کە دوو ئاڵای کوردستان لەملا و ئەولای کاک باست دانراوە، بێ ئەوەی ئاڵایەکی عیراقیش دانرابێت، (دیارە پێشتر هاوڕێیانی کوردسات رەزامەندیی مام جەلالیان بۆ بەرنامەکە وەگرتبوو و لەسەرەتاکەشیدا نووسیبوویان کە ئەم بەرنامەیە تەنها بزووتنەوەی ریفراندۆم لێی بەرپرسیارە)بەڵام (مام جەلال) لەوە تووڕە دەبێت کە ئاڵای عیراقیشیان دانەناوە، بۆیە کە ئەمە دەبینێت بە سکرتێرەکانی دەڵێت؛ بە زوویی (باست)م بۆ وەرگرن، ئیتر کە لە کۆنترۆڵەوە بە کاک باست دەڵێن؛ (مام جەلال) داواتدەکات، سەرەتا وا دەزانن (مام جەلال) دەیەوێ لە پەخشی ڕاستەوخۆدا قسەبکات، بێ ئاگا لەوەی کە (مام جەلال) لە بەرنامەکە تووڕەیە، باش دەبێت کە دەنگەکەی ناخەنە پەخشەوە و کاک باست ناوبڕێک دروست دەکات و دێتە دەرەوەی ستۆدیۆ و ئیتر (مام جەلال) بە تووڕەییەوە قسەی لەگەڵ دەکات...و

تەلەفۆنەکە دادەخاتەوە، راستەوخۆ دوای ئەو رووداوە، روونکردنەوەکە دەنووسێت و پەیوەندی بە منەوە دەکات و کێشەکە دەکەوێتە لای ئێمە لە (کوردستانی نوێ) .. لێرەدا مەبەستم لە گێڕانەوەی ئەم یادەوەرییە تەنها ئەوەیە بڵێم (هێرۆخان) زۆرجار خاوەنی رای خۆی بووە و لەچەندین پرس و قۆناغدا تەنانەت لەگەڵ خودی مام جەلالیشدا رای جیاوازی هەبووە و لە کۆبوونەوە و بۆنەکاندا بە ئاشکرا دەریبڕیوە..

ڕۆحی (مام جەلال) شادبێت و تەمەنی (هێرۆخان)یش درێژبێت..