Alternate Text

گرێبەستی بەئەلیکترۆنیکردنی سیستمی فەرمانگەکانی خانووبەرە "خوێندنەوەیەکی یاسایی

د.سانا کمال عبدالله‌ 23/03/2021

لە بەرواری ( ٣/٩/٢٠٢٤ )دا سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێم نوسراوی ئاراستەی وەزارەتی داد کردوە بەمەبەستی بەئەنجامدانی گرێبەستی دابینکردنی سیستەمی زیرەک بۆ بەرێوبەرایەتیەکان و تێبینەرایەتیەکانی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی سیستمی تۆمارکردنی خانوبەرە لە هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت.

ئەم بابەتە نزیکە لەبابەتی بەئەلکترۆنیکردنی فەرمانگەکانی دادنوس لە هەرێمی کوردستان  کە دواجار بووه هۆی ئەوەی ئەرکی دارایی لەسەر هاوڵاتیان زیاتر بێت و رێژەی پارەدان بە کۆمپانیاکانی ڕێکخەری کار و باری فەرمانگەکان  زۆر زیادی کرد و قورساییەکی زیاتری خستە سەر شانی هاوڵاتیان.

لێرە پرسیارێک دێتە پێشەوە ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو پێیەی کار بەڕێکەرە دەسەڵاتی ئەنجامدانی گرێبەستی لەو جۆرەی هەیە؟

حکومەتی کاربەرێکەر " بریتیە لە حکومەتێکی کاتی کە لە ئەنجامی دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتی ئێستا یان کۆتایی هاتنی ماوەی دەسەڵاتەکەی، یان وەرگرتنەوەی متمانە لێی لەلایەن پەرلەمانەوە" پێکدێت، ئامانجی ئەم حکومەتە دڵنیابونە لە بەردەوامی کاری حکومەت تا پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ.

 دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر دەسەڵاتێکی سنوردارە، بەوپێیە دەستەڵاتەکانی قەتیسکراوە لە بەڕێوەبردنی کاروباری پێویستی رۆژانەی وڵات کە ناتوانرێت دوابخرێت، وەک پێدانی مووچە و بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی ڕۆژانە و مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی نائاسایی.

بەپێى دەستوری عێراقی ساڵی ( ٢٠٠٥ ) هیچ دەقێکی دەستوری ڕوون نییە کە باس لەم بابەتە بکات، بەڵکو تەنها دەقی مادەی ( ٦١ ) بڕگەی هەشت هەیە کە باس لە دەستەواژەی "بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە" کراوە، کە ( ٣٠ ) ڕۆژى دیاری کردووە لە ئەگەری وەرگرتنەوەی متمانە لە حکومەت.

وە هەروەها لە مادەی ( ٦٤ ) بڕگەی دووی دەستوری عێراقيدا باس لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات، لە دەقەکەدا هاتووە کە ئەنجومەنی وەزیران بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی کاروباری ڕۆژانە.

لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ژمارە ( ٢ )ی ساڵی ( ٢٠١٩ )دا هاتووە، لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، یاخود متمانە لێسەندنەوە لە حکومەت و کۆتاییهاتنی پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران بەردەوام دەبێت لە بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە تاوەکو حکومەتێکی نوێ پێکدەهێنرێت.

بەپی دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەرێکەر، ناتوانێت بارگرانی نوێ بخاتە سەر گەنجینە، یاخود ڕێکەوتن ئەنجام بدات کە رایکردنی کاروباری رۆژانەی هاوڵاتیان پێویستی پێی نەبێت، یاخود قەرزی دارایی بکات یان بیانگوازێتەوە، تەنها لە حاڵەتانەی کە بەڕێوەبردنی کار و باری ڕۆژانە پێویستیەتی بۆی هەیە ئەو کارە ئاماژە بۆکراوانە ئەنجام بدات.

بەو پێيەبێت حکومەتی کاربەرێکەر بە وەزارەتەکانیەوە دەسەڵاتی ئەنجامدانی هیچ جۆرە گرێبەستێکیان نییە بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی فەرمانگەی خانووبەرە لە هەرێم، وە دەکرێت پێشبینی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە بکرێت ئەگەر تانەی لێ بدرێت لە دادگا.

نەک تەنها ئەمە بەڵکو دەکرێت لێپیچینەوە لە حکومەتی کاربەرێکەر بکرێت بەو پێیەی بەر پرسیاردەبێت لە کاتی بەزاندنی دەسەڵاتەکانی بە پێی مادەکانی ٣٢٩  لە یاسای سزادانی عیراقی.