یادێکی بژوێن
ستران عەبدوڵا 23/03/2021
یادی راپەڕین یادێکی بژوێن و تەڕ و سەوزەڵانییە، هەر یادی ڕاماڵین و دەرکردنی بەعسی داگیرکەر نییە لە کوردستان
بەڵکو یادی ئیرادە و ویست و پێداگری گەلەکەمانە بەرامبەر بەوانەی پێیان وابوو بە تەعریب و تەعزیب دەتوانن مەحفمان بکەنەوە.
راپەرین هات ریسی گشتیانی کردەوە بە خوری و چەنینی خەون و خەیاڵی رەوای کورد دەستی پێکردو تا ئێستاش لەناو ئەم گێژاوەی رۆژهەڵاتدا ماوە و رێ دەبڕێ لە چاو کەوتن و کەتن و کەرتبوونی تاقیکردنەوەکانی هەڵبەز و دابەزی دەورووبەرمان.
بەڵێ وایە راوەستان قەوما و پاشەکشێی کاتی هات و گەلەکۆمەکێی دەرەکی کێبڕکێی لەگەڵ کەمتەرخەمی خۆیی دەکرد، بەڵام هێلە گشتییەکە هەروا تۆخ دەبێتەوە و گیانی بەرزی کوردایەتی راستەقینە و نزای نەتەوەی بەلەنگاز بۆتە ئەنگێزە وەبیرهێنانەوە کە پێمان دەڵێ ئەوی هەیە بیپارێزن و ئەوی چەوتە راستی بکەنەوە باشترە لەوەی خەمی لێ بخۆن و سەری دەسکەوتەکان بخوات.
روومان لە سیوپێنج ساڵەی یادی راپەرینە و گەلێکمان هەیە نزیکەی چوار دەیەیە ئازادە و رزگارە و خێر لەسەریایەتی و دەستەبژێرەکەی، بەتایبەتی ئەوی شەڕارەی راپەرینەکەی هەڵگیرساند، دەتوانێ خاوەندارێتی لەسەر بکات بۆ ئەوەی خاوەنی دوا رۆژەکەشی بێت.
یادی راپەرین هەروا راپەرین بێت