Alternate Text

ئابوری کوردستان بەره‌و کوێ ؟

داره‌وان حاجی حامید‌ 23/03/2021

 

لەم سەردەمی قەیران و داکشان و هەڵکشانی ئابوری جیهاندا، قسە کردن لەسەر ئابوری کوردستان وەکو پایەیەکی هەرە سەرەکی بەهێزی پێگەو مانەوەوی لە بەرامبەر هەڕەشە و ململانێ دەرەکی و ناوەکیەکاندا ، لە پێشینەی قسە کردنە لەو کایانەی کە بنەمای پێکهاتەی هەرێمی کوردستان پێک دێنن .

 چونکە لەم قۆناغەدا کە جیهان پێیدا تێ دەپەڕێت ئابوری بووەتە بنەمای سەرەکی هەموو پێگەیەکی بە‌هێز. تەنانەت پتەوی و سەقامگیری و سەروەری سیاسی هەر قەوارەیەک ، ئیدی ئەگەر دەوڵەت بێت یان هەرێمێکی فیدرالی یان یەکەیەکی کارگێڕی و خۆسەری ، بەندە بە بەهێزی و سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابوری ئەو قەوارەیەوە ، بۆیە لە جیهانی ئەمڕۆدا پێگە و ئاستی بەهێزیی هەموو قە وارەو دەوڵەت و پێکهاتە سیاسیو دەسەڵاتییەکان بە ئاستی پەرەسەندن و هێزی ئابورییان دەپێورێت.

 لێرەوەیە ئەمڕۆ قسە کردن لەسەر ئابوری کوردستان و ئاییندەیی و چۆنێتی داڕشتنەوەی ئەگەر لە پێش قسە کردن لەسەر بونیادە سیاسیەکانی ئەو قەوارە جوگرافیاییەی کە بە کوردستان ناسراوە نەبێت ئەوا بێگومان هاوشانی دەبێتەوەو تا چەند دەبێت قسە لەسەر شوناسی سیاسی کوردی بکرێت ئەبێت هەمان گووتار هاوتاو شابەشانی شوناسی ئابوری بکرێتەوە کە دواجار دەبێتە زامنی سەپاندن و سەربەخۆبوونی پێگەکەیی و پاراستنی لە و هەڕەشانەی مەترسین بۆ لە ناوبردنی شوناسی سیاسی و نەتەوەیی کورد کە دوژمنانی بە درێژایی مێژوو بەردەوام بوون لە بەکارهێنانی وەکو چەکێک بۆ هەمیشە لاواز کردنی و تا ئاستی لە ناو بردنی شوناس و قەوارەی کوردی .

کوردستان بەگشتی و بە تایبەتی باشوری کوردستان خاوەنی پێکهاتەیەکی جوگرافیایی لەبارو خوڵقاوە بۆ کشت و کاڵی و ئاودێری و ئاژەڵداری و گەشت و گوزاری ، بەدەر لە قسە کردن لە سامانە سروشتیەکانی سەر زەوی و ژێر زەمینی کە لە پاڵ ئەوەی سەرچاوەیەکی گرنگی سامان و دەوڵەمەندی ئابوری کوردستانن لە هەمان کاتیشدا لە کاتی وەبەرهێنانیدا لە ناو خۆدا دەکرێت ببێتە هاوکارو هۆکارێکی دیکەی پێشخستن و پەرەپێدانی کەرتی کشت و کاڵی ، هەر بۆ نموونە سەرچاوە نەوتی و کانزاییەکانی کوردستان کە سەرچاوەیەکی داهاتن لە کوردستان بەڵام لە هەمان کاتدا لە جیاتی فرۆشتنی بە دەرەوە دەکرێت لە ناو خۆدا وەکو هێزێکی ووزەو تەکنەلۆجی بەکار بهێنرێت بۆ گەشە پێدانی کەرتی ئابوری کشتو کالی کوردستان بە ڕێگەی هاوچەرخ و لە ڕێگەی ئامێری تەکنەلۆژی نوێوە کە جولەی ئابوری لە بورای کشتو کالدا هەم خێراتر دەکات و هەم سەرچاوەی داهاتەکانیشی زیاتر برەو پێ ئەدات کە بەداخەوە تا ئەم ساتە لە کوردستاندا سەرچاوە سروشتیە ژێر زەمینیەکان وەکو ئامرازێک بەکار نەهاتووە بۆ خوڵقاندنی دەوڵەمەندی ئابوری لە بوراەکانی تردا بە تایبەتی لە بورای کشتو کاڵدا. 

خاکی کوردستان و فۆرمە جوگرافیەکەی بە تایبەتی باشوری کوردستان پێكهاتەیەکە لە دوو ناوچەی گەرمیان و کوێستان . 

واتە بەشێکی کوردستان پێکهاتووە لە ناوچەی شاخاوی و گردوخاکی بە پیت و کەش و هەوایەکی کوێساتانی لە بار بۆ هەموو جۆرە بەروبوومێک کە لە وەرزە ساردو فێنکەکاندا گەشە دەکەن ، جگە لە چە ندین ڕووبارو چەم و زێ و کانی و سەرچاوەی ئاوی سروشتی کە لە هەمان کاتدا  زامنی بەرهەمهێنانی کشتو کاڵن لەو ناوچانەداو لە هەمان کاتیشدا دەکرێت ئەم سەرچاوە ئاوییانە وەبەر بهێرنێت  لە ڕێگەی کۆکردنەوەیان بە شێوەی بەنداوی بچوک و گەورە کە لە کوردستاندا توانای دروست کردنی دەیان لەو جۆرە بەنداونە هەیە بە تێچوونێکی کەم  لە لایەکەوە بۆ مسۆگەر کردنی بەردەوامی سەرچاوە ئاوییەکان ولە لایەکی تریشەوە  هەم بۆ خواردنەوەی دانیشتواان و هەم بۆ بەردەوامیدان بە کشت و کاڵ و دواتریش  بۆ بەرهـێنانی ووەزەی کارەباو مسۆگەرکردنی کارەبا بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان  بە بەردەوامی  و پاشان  لە بەکار هێنانی لە بە پیشە سازی کردندا و دامەزراندنی چەندین کارگە و هەروەها فرۆشتنیشی بە درەوەی هەرێم لە حاڵەتی زیاد بوونیدا کە بێگومان کە ئەگەر ئەو پرۆژانە کاری پێ بکرێت کوردستان کارەبای لە پێداویستی خۆی زیاتر دەبێت . جگە لەمانەش ئەم هەموو سەرچاوە ئاوییانە و پەرەپێدانیان دەبێتە هۆکاری پەرەسەندنی کەرتێکی دی ئابوری کە ئەویش بورای ماسی و خۆراکە ئاوییەکانە .

بەشەکەی تری کوردستان پێکهاتووە لە گەرمیان و ناوچە گەرمە سێرەکان کە چەندین گردو دەشتایی تا بڵێی بەرین وفراوانی بە پیتن بۆ هەموو جۆرە بەرووبوومێکی کشتوکاڵی ناوچە  گەرمەکان بە تایبەتی جۆرەکانی دانەوێلە. جگە لەمانەش کە ش و هەوای کوردستان و خاکە بە پیتەکەی ژینگەیەکی گونجاوە بۆ ئاژەڵداری و بەخیوکردن و بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە ئاژەڵ و پەلەوەرو باڵندەکان کە ئەمش چەندە سەرچاوەیەکی داهات و دەوڵەمەندییە هێندەش هۆکارێکی دی فەراهەم کردنی ئاساییشی خۆراکییە لە کوردستاندا.

ئەم دوو بەشەی کوردستان کە لە کاتێکدا لە ڕووی خۆرسکی و سروشتیەوە کوردستانیان کردووە بە ناوچەیەکی جوانی گەشتیاری بێگومان لە کاتی پەرەپێدانیداو بە تایبەتی لە گەڵ پەرەپێدانی کەرتی کشت و کاڵی و ئاودێری و ئاژەڵداریدا سیمایەکی گەشتیاری دی بە کوردستان دەبەخشیت کە ناوچە گەشتیارییەکانی زیاد ترو جوان ترو گەشاوەتر دەکات و دەبێتە هۆکاری ڕاکێشانی سالانە چەندین ملیۆن لە گەشتیار هەم لە ناوخۆی کوردستاندا و هەم لە ناوچەکانی عێرقدا و هەم لە ولاتە دراوسێکانیشدا بەوەش بوارێکی دی تازە لە کوردستاندا گەشە دەکات کە ئەویش بورای گەشتیارییە کە سەرباری ئەوەی لە ئێستاد لە زۆربەی ولاتاندا سەرچاوەیەکەی هەرە سەرەکی داهات و دەولەمەندییە لە هەمانکاتیشدا دەبێتە هۆی خولقاندنی هەزاران هەلی کار بۆ دانێشتوانی کوردستان و گەنجان لە هەموو بوارەکانی گەشتیاری و کارگێڕی و هۆتێل وخواردنگەو میوامنداری و بواری ڕیکلام و میدیا کە ئەبێتە هۆی خستنە کاری هەزران گەنجی دەرچووی کۆلێژو زانکۆکان . لە پێش ئەمانەشدا سامانی خەڵکی کوردستان لە دەرەوەی خاکی خۆی بە فیڕۆ نادرێت و ئەگەر کوردستان خۆی ببێتە خاوەنی ناوچەی گەشتیاری جوان و پێشکەوتوو بە نۆرمە جیهانیەکان ،  ئیدی هاوولاتی کوردستان پێویستی بەوە نابێت بۆ گەشت کردن ڕووبکاتە تورکیاو ئێران و لوبنان و ولاتانی دی و ئەو داهاتە لە ناو کوردستاندا سەرف دەکرێت و بۆ هاووڵاتییان ئەگەڕێتەوە.

لە کاتێکدا کە دەڵێین کوردستان خاوەنی ئەم هەموو هەل و بونیادە سەرەکی و ڕیالیستیانەیە کە ببێتە ناوچەیەکەی هەرە بەهێزو دەولەمەند  بەڵام بۆچی بە داخەوە تا ئێستا ئەم هەموو سامان و سروشتە گەوهەری و لەبارە بۆ بوون بە قەوارەیەکی دەولەمەند لە کوردستاندا نەخراوەتە گەڕ ؟ لە ڕاستیدا وەلامێکی سادەی ئەم ڕاستیە تاڵە پەیوەندە بە پەیرەوکردنی میتۆدو سیاسەتێک کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ژێر دەستەیی کوردستان و بوونە قوربانی ئەو دەسەڵاتانەی کە بەمەبەست کوردستانیان بێبەش کردووە لە کەڵک وەرگرتن لە جوگرافیاو سروشت و پێکهاتەکەیی و هەمیشە لە ژێر دەستەیی و دواکەوتندا هێشتوویانەتەوەو خودی ئەو دەسەڵاتدارانەش خاوەنی ستراتیژ و بەرنامەیەکی پەرەپێدان نەبوون بۆ خودی ولاتەکانی خۆشیان . وەلە لایەکی تیریشەوە هۆکاری دووەم بریتییە  لە بەداخەوە کەوتنە ژێر کاریگەری دەسەلاتی خود حوکمڕانی کوردستانی باشوور لە دوای راپەڕینی ١٩٩١ و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هەمان سیاسەتی دەسەڵاتی داگیرکاری پێشوو کە لە جیاتی ئابورییەکی داهێنەرو بەرهەمهێن پەیرەوی ئابورییەکی بەرخۆری و بەکاربەرو بەهەدەردانی سامانی نیشتمانی کردووە کە دواجار کۆمەڵگەیەکی لاوازو هەژار و تا ئاستی تەمەڵی خوڵقاندووە .