Alternate Text

بۆ وەزیری پەروەردە، سەیرێکی پرۆگرامە سەقەت و خراپەکەی پەروەردەی ئیسلامی و ئاینناسی پۆلی 12 بکە

هەورامان وریا‌ 23/03/2021


 کتێبی پەروەردەی ئیسلامی و ئاینناسی بۆ پۆلی 12، یەکێکە لەو کتێبانەی بە زمانێکی کوردی سەقت و خراپ نووسراوەتەوە. زمانێک لە ئاستێکی زۆر نزمدایە و تەنها سەر لە خوێندکار دەشێوێنێت. رستەی درێژ و پەرەگرافی درێژتر کە وەک پێویست لێی تێناگەیت و پڕە لە هەڵەی زمانەوانی و ناڕێکوپێکی. ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەوەیە لە لاپەڕەی ناوەوەی کتێبەکە نووسراوە: "پێداچوونەوەی زمانەوانی لیژنەیەکی پسپۆڕ لە ئەکادیمیای کوردی".

لە راستیدا کارەساتە ئەوە بەرهەمی پێداچوونەوەی ئەکادیمیای کوردی بێت! غەدرێکی گەورەیە کتێبی لەم جۆرە، بەو زمانە وێرانەوە، بکرێتە پرۆگرام و بخرێتە بەردەستی خوێندکار. من لێرەدا تەنها لە لاپەڕە 9 و 10 کتێبەکەدا کە دوو لاپەڕەی دەستپێکی کتێبەکەیە، ئەم سێ نموونەیەی خوارەوە، وەک مشتێک لە خەروارێک،  دەخەمە بەردەست، بۆ ئەوەی لەو کارەساتە ئاگاداربیت کە لەو کتێبەدا روویداوە:

لاپەڕە 9: "تێڕامانی زۆرمان ناوێت تاکو ئەوەمان بۆ دەربکەوێت کە ئێمە توانای دابینکردنی هەندێ بارودۆخ و حاڵمان نییە، کە دوچاری کێشە و ناڕەحەتی زۆرمان دەکەن". ئەمە مانای چییە؟ یانی چی ئێمە توانای دایبنکردنی هەندێ بارودۆخ و حاڵمان نییە کە دوچاری کێشە و ناڕەحەتی زۆرمان دەکەن. ئێ باشە بارودۆخێک دوچاری ناڕەحەتیمان بکات، بۆچی و لە پای چی دابینی بکەین!! بارودۆخێک خراپ بێت و ناڕەحەتی لێبکەوێتەوە، بۆ دەبێت هەوڵی دابینکردنی بدەین؟ ئەم سەر لێشێواندنە چییە و چۆن کراوە بە مەنهەجی خوێندن؟

لاپەڕە 10: "زۆر کەسی دیکە لە ڕەفتارە نەرێنیەکان خۆیان و بێتواناییان لە گۆڕینی هەڵویستی کەسانی دیکە و بەردەوام بوونی ستەم و نادادوەری لە ژیاندا دوچاری دڵەڕاوکێ دەبن و ئازاریان دەدات". ئەم پەرەگرافە ئەوەندە سەقەتە نازانی باسی چی دەکات و مەبەستی چییە. ئاخر خوێندکار چی لەو رستە دوور و درێژ و سەقەتانە تێدەگات؟ ئەو پەرەگرافە لانی کەم لە 24 وشە پێکهاتووە، بێ ئەوەی یەک فاریزە یان خاڵ لە نێوانیاندا هەبێت. هەر بۆیە کاری خوێندنەوەی پەرەگرافەکەی زۆر قورس کردووە.

هەر لە لاپەڕە 10 نووسراوە: "لە ڕێی پشت بەستن بە ئەوو داوای یارمەتی لێکردنی هەست  بە پشت و پەنا و گەورەیی و توانایی دەکات و لەبەردەم کەم و کورتی و ناتەواویەکانی وەک مرۆڤێک چۆک دانادات". نەبوونی خاڵبەندی، رستەکانی بەسەریەکدا تێکەڵ کردووە و زەحمەتە خوێندکار لەم جۆرە رستانە تێبگات.

دیسانەوە هەر لە لاپەڕە 10 نووسراوە: "مرۆڤ هەست بە تەبایی و ترس لە مردن و بەدی نەهاتنی ئاواتەکان و لەدەست دانی ئازیزان و دووچاربوون بە نەخۆشی و جۆرەها ئازاری دیکە دوچاری نائارامی و سەرسامبوونی دەکەن". ئێ باشە هەست بە تەبایی، بۆچی و چۆن مرۆڤ دوچاری نائارامی و سەرسامبوونی دەکات؟ دیارە تەبایی تەواو پێچەوانەی نائارامییە. بەکارهێنانی چەمکی تەبایی لە سیاقی ئەو رستەیەدا، زۆر هەڵەیە و کوفرێکی گەورەیە، بگرە رستەکە ئەگەرچی خۆی زۆر ناڕێکوپێکە، ئەوەندەی دیکە شێواندوویەتی.

هەر لە لاپەڕە 10 نووسراوە: "باوەڕو ئیسلام وەک ئاین ئەوەمان فێردەکەن کە بەڵاو ناڕەحەتییەکان دەکرێت بکرێنە دەرفەتی قاڵبوون و زیاتر تێگەیشتن لە ژیان و پاڵفتەکردنی دڵ و دەروون و بەرەو تەواوی چوون و لە خودا نزیک بوونەوە و دەستکەوتنی پاداشتی زۆر،" پاڵفتەکردنی دڵ و دەروون و بەرەو تەواوی چوون، مانای چییە و چی دەگەیەنێت؟ ئەوە رستە نییە، بەڵکو زیاتر لە مەتەڵێک دەچێت کە کەس لێی تێناگات. رستەی لەو جۆرە چۆن و بە چ شێوەیەک دەخرێتە نێو پرۆگرامی خوێندنەوە! پاشان لە تاقیکردنەوەش دەهێنرێتەوە و سەر لە خوێندکار دەشێوێنێت.

ئێستا نموونەی هەندێک پرسیاری وەزاری ساڵانی رابردوت بۆ دەهێنمەوە، تا بزانیت چ سەرلێشێواندنێک لە ئارادایە. 
لە دیدی............. ژیان بریتیە لە کۆمەڵێک دەرفەت
ا-باوەڕدار      ب-مرۆڤایەتی       ج-موسڵمان         د-بێ باوەڕ
بەپێی کتێبەکە وەڵامی یەکەم راستە. بەڵام وەڵامی سێیەم و چوارەمیش هەر راستە. چونکە دەکرێت لە دیدی بێ باوەڕێکەوە ژیان کۆمەڵێک دەرفەت بێت بۆ گەڕان و کەیف و خۆشی. لای موسڵمانیش دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ نوێژو رۆژو حەجکردن و ...هتد. بۆیە پرسیاری لەو شێوەیە هەڵگری رەهەندی فرە وەڵامە و هەمو وەڵامەکانیش راستن و ناکرێت بە هەڵە دابنرێن.

لەباوەڕداری هوشیار دوورە بە عەقڵێکی کێبڕکێ دەڕوانێتە ژیان.

ا-تەمبەڵی     ب-کاردواخستن     ج-بێ تاقەتی و بێزاری      د-دوودڵی
باشە ئەو پرسیارە هیچ مانایەکی هەیە تاکو وەڵامی هەبێت؟ کوا پرسیارەکە دەربارەی چییە؟ تا وەڵامێکی بۆ هەڵبژێرین. ئەوە لە مەهزەلە زیاتر بەولاوە هیچی تر نییە. لەوەش کارەساتتر و مەهزەلەتر، ئەوەیە لە کتێبەکەدا وەڵامی دووەم بە راست دانراوە!! وای لەو پرسیارە و وای لەو وەڵامە. 

لە راستیدا بەشێکی پرسیارەکانی دیکەش، بە هەمان شێوە یا هەڵگری فرە وەڵامن یاخود مانایان نییە و سەقەتن. لە کۆتایدا لە دوو لاپەڕەی کتێبەکەدا "9 و 10"ئەو هەمو هەڵە و کەموکورتییە هەبێت، ئەبێ لە تەواوی کتێبەکەدا چی هەبێت! هەر بۆ زانیاریت کتێبەکە سێ جار چاپکراوە. من لە تەماشاکردنێکی خێرای ئەو دوو لاپەڕەیەدا، هەستم بەو ناتەواویانە کرد. ئەی باشە لیژنەکەی ئەکادیمیای کوردی، دوای سێ جار چاپکردنی کتێبەکە، ئەگەر پێداچوونەوەیان بۆ کردووە، چۆن دەرکیان بەو هەڵە و کەموکورتیانە نەکردووە؟ ئەوە وەڵامەکەی بۆ بەرێزت بەجێدەهێڵم.