Alternate Text

کابینەی نۆ.. کابینەی چاکسازیی؟

محه‌مه‌د عه‌لی ‌ 23/03/2021

یەکەم: بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا، ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندوە (نەوت ڕادەستی بەغدا ناکەن). ئەمەش بەو مانایەی لەسەرەتای ساڵی داھاتووەوە گەڕێکی تر لە قەیرانی نێوان ھەرێم و بەغداد بەڕێوەیە و موچەی فەرمانبەران لەبەردەم ھەڕەشەی جدیدا دەبێت.‎
دووەم: وتەبێژی حکومەت داوای ھەشتا ملیار دۆلاری قەرزی حکومەتی ھەرێم لەعێراق دەکات! بەڕاست بۆچی قەرزارە؟ ئێوە لە ٢٠١٤ەوە، نەک داھاتی نەوتی ھەرێم و کەرکوک و ھەندێ ناوچەی موسڵتان رادەستی بەغدا نەکردووە، بەڵکو داھاتی ناوخۆ و خاڵە گومرگییەکانیشتان سەرنگومکردووە. ئیتر بۆ ئێوە قەرزاری حکومەتی ناوەندی نەبن نەک بەپێچەوانەوە؟ ئەم بیرۆکەیە ھیچ مەنتقێکی دانوستان و گفتۆگۆی بەرھەمداری تیا نییە، لەکاتێکدا کەسێک تۆزقاڵێک ئاگای لە دۆخی سیاسیی عێراق بێت ئەزانێت عادل عەبدولمەھدی لەچی دۆخێکی ئیحراجیدایە بەھۆی ئەو بودجەیەی بۆ موچەخۆرانی ھەرێمی دەنێرێت چی جای ۸٠ ملیار دۆلار!
‏‎سێیەم: بەبێ ڕادەستکردنی داھاتی نەوت و ناوخۆ و لەمانگی ١١ی ٢٠١٧ەوە، حکومەتی عێراقی مانگانە ٣١٧ملیار دینار ڕەوانەی ھەرێم کردووە تاوەکو مانگی یەکی ٢٠١٩. لەوساتەشەوە تاوەکو ئێستا مانگانە ٤٥٤ ملیار دینار رەوانە دەکات، دیسانەوە بەبێ ڕادەستکردنی ھیچ داھاتێکی نەوت و ناوخۆی ھەرێم بە بەغداد. زەحمەت نەبێ پێمان بڵێن: عێراق داگیرکەر و شۆڤێنی و دژەکوردە یاخود ئێوە بازرگانی بەکوردبونەوە دەکەن و بوون بە بەڵا بۆ عێراقی پاش ٢٠٠٣و بەھەدەردانی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی ھەرێم و ھەژارکردنی دانیشتوانی و وێرانکردنی ژێرخانە ئابوورییەکەی؟ 
‏‎چوارەم: جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (د.بەشیر) دەڵێت: (حکومەتی ھەرێم بیست و چوار ملیار دۆلار قەرزارە، ئەگەر حکومەتی عێراق قەرزەکانی بۆبداتەوە، ئەوا قەرزەکانی لەسەر نامێنێت.). واز لەمەنتق و نامەنتقی ئەم تەرحە و لایەنە کۆمیدییەکەشی بھێنن، با ئەو پرسیارە سادەیە بکەین، ئاخۆ ئەم قەرزانە بۆچی کراون؟ ئەی بۆچی حکومەتی عێراقی قەرزی ھەرێم بداتەوە؟  
پێنجەم: وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ھەرێم لە ٧ی١١ی٢٠١٧ لەتویتێکدا و بەئینگلیزی و زۆر ڕاستگۆیانە نوسی (نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ چەندین ساڵی داھاتوو فرۆشراوە و پارەکەشی وەرگیراوە)، ڕەنگە ئەمە خاتیمە و قفڵی ئەم بابەتە بێت، جا ھەرچییەک لەدوای ئەمەوە ئەوترێت و قسەی لەسەر ئەکرێت تەنیا بۆ کات کوشتن و لێڵکردنی سەرنجی خەڵکی کوردستان و چەواشەکردنیەتی.
‏‎شەشەم: بەم دۆخەوە، کابینەی نوێ خەڵکی کوردستانی بەتەمای ئەنجامدانی کۆمەڵێک چاکسازیی بنەڕەتیی کردووە، قسەی سەیر و سەمەرەش لەم چوارچێوەدا زۆر کراوە و ئەکرێت:
-قوباد تاڵەبانی: بەلجیکا و ھۆڵەندا سەرسامن بە چاکسازییەکانمان. لەکاتێکدا تاکە پرۆژەیان لە بواری چاکسازییدا، سیستمی بایۆمەتری بوو ئەویش بە ئیعتیرافی خۆیان شکستی ھێنا. 
_علی حەمە ساڵح، لەقوباد تاڵەبانی حەماسییتر و دورتر ڕۆیشت و وتی: ئەگەر لە دوو مانگی یەکەمی حکومەتدا پرۆژەی چاکسازیی تێنەپەڕی، ڕێککەوتنی گۆران و پارتی جگە لەدرۆیەکی گەورە ھیچی تر نیە. وا دوو مانگەکە بەزیادەوە لایداوە و ھیچیش ڕوینەداوە. لەداھێنانێکی کەم وێنەشدا، کاک عەلی لەبری ئەوەی داوا لە پەرلەمان یان دادگا بکات بۆ لێپێچینەوە لە مەلەفێکی گەندەڵی، نوسراوەکەی ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەت کردووە؟! کێشەیەکی گەورەیە بەناوی دژایەتی گەندەڵی ببێتە بەشێک لە پیلانی تەسفیەی سیاسیی کوتلەکانی حزب!
‏‎حەوتەم: ھەر لەچوارچێوەی سەمەرەکانی چاکسازییدا، دامەزراندن کە چەند ساڵێکە بۆ سەدان دەرچووی زانکۆ ڕاگیراوە، سەرۆکی حکومەت بە سەرۆک حزبێکی وتووە: ئەگەر ببیت بە پارتی ٥٠٠ کەست بۆ دادەمەزرێنم!
ھەشتەم: وەک ئەرکی پەرلەمانتاریی و لەبری بەدواداچوون بۆ ئەوداھاتە ونبوانەی سەرەوەو کەمکردنەوەی موچە و ئیمتیاز و خانەنشینیی پلە تایبەتەکان، ھێڤیدار ئەحمەد لەداھێنانێکی کەموێنەدا بیرۆکەی خستنەوەی نەوەی زیاتر دەکات، بۆئەوەی بودجەی ھەرێم لەبەغدا زیاد بکات! ئایا کێشەی ھەرێم دزینی داھات و سامانی نیشتمانییە یان کەمیی ڕێژەی دانیشتوان؟ لەحاڵەتی زۆربونی ژمارەی دانیشتوان، ئایا لایەنەکانی خوێندن، دۆزینەوەی کار، تەندروستی و دابینکردنی خانوبەرە و نیشتەجێبوون  چۆن چارەسەر دەکەیت؟ پێموایە خستنەڕوی ئەم بابەتە لەم کاتەدا بەلاداڕێدابردن و لەبیربردنەوەی پرۆژەی چاکسازییە کە لە پەرلەمانە و بڕیاربوو لەم وەرزەدا گفتوگۆبکرێت، بەڵام بەبڕیارێکی  بارزانی ڕاگیراوە و ھیچ لایەنێکیش ورتەی لێوەنایەت!