تێڕوانینی مێژووییانەی كورد بۆ بەغدا
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد 23/03/2021
جارێكیتر نە بەغدا دەتوانێت كورد رەدبكاتەوە و
پەراوێزی بخات، نە كوردیش دەتوانێت بەهەمان كەرەستە مێژووییەكانی لەگەڵ بەغدا بیباتەوە،
بەڵكو دەبێت تێڕوانینێكی هەنوكەیی بێت كە بەغدا لەئێستادا بەهای سیاسی و جوگرافی و
ئابوری و ...هتدی بۆ كورد چەندە؟
تێڕوانینی عەقڵانی بۆ بەغدا "بەغدا وەك دەسەڵات
و ناوەند" ئەوەیە ئێمە وەك واقیع و ئەوەی هەیە بڕوانینە بەغدا. هەمیشە وابووە
تاكی كورد بە ڕێگای جیاواز جیاواز بەغدا دەخوێنێتەوە، دەكرێت لای هەندێك بەغدا وەك
دەسەڵات و وەك بەرامبەرێكی ناكوردی بخوێنرێتەوە و بچێتە خانەی بیری ناسیۆنالیستی و
ململانێی ناتەندروست و ڕەدكردنەوەوە، پاشان دەكرێت دیدێكیتر بەغدا وەك زەروریەتێك
بۆ كورد سەیر بكات و وەك بەشێك لە واقیعی جوگرافیایەك سەیری بكات كە هەردوولا تێیدا
بەشدارن و ناتوانن چیتر یەكتر جێبهێڵن.
هەڵەیەكی ئاشکرا بۆ هەر تاكێك كە بییەوێت لە بەغدا
تێبگات، یان لانی كەم خوێندنەوە بۆ بەغدای ئێستا "وەك دەسەڵات" بكات، ئەوەیە:
بەغدای ئێستا ببەینەوە ڕاڕەوە مێژووییەكەیی و تەواوی ویست و نییەتی بەغدا بەرامبەر
كورد بە نەزەر و ویستی مێژوویی وەربگرین. ناكرێت جارێكیتر كورد بە بیری مێژوویی و
گەڕانەوە بۆ مێژوو بینای پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا دروست بكاتەوە و مامەڵە بكات،
بەغدای ئێستا واقیعە و ئەگەر كورد بەغدای ناو مێژووی ڕابردووی لە ساڵی 1991 تاكو
ساڵی 2003 بەهەر هۆو شەڕو كوشتارێك تێپەڕاندبێت، ئەوا ناكرێت لە ئێستادا بەهەمان لۆژیكی
مێژوویی بەغدا بخوێنینەوە، چونكە كورد لە دوای ساڵی 2003ەوە جارێكیتر چۆتەوە بەغدا.
لە ڕاستیدا بەغدای ئێستا بەغدای پێویستی و زەروریەتە
بۆ كورد. ئێمە ناڵێین بەغدای ئێستا تا ئەو ئاستە باش و پیرۆزە هەموو شتێكی قبوڵ بكەین
و لەژێر فەرمانی بەغدادا ملكەچ بین، بەڵكو مەبەستمان لە "زەروربوون" ئەوەیە
بەغدا لەم دۆخەی ئێستادا بە هوتاف و قسەی بریقەدار و ئەو هەموو ناكۆكییەی نێو ماڵی
كورد تێناپەڕێت و ناتوانین لێیجوداببینەوە، بەپێچەوانەوە ئەوەی هەیە دەبێت كورد
ململانێكانی خۆیی تێپەڕاندایەو دواتر بە یەك دەنگی و هاوڕایی هەوڵی بدایە بەغداش تێپەڕێنێت،
باشترە لەناو واقیعی بەغدادا كورد بەدوای پێگەیەكی بەهێز و كاریگەردا بگەڕێت و ئەو
دۆخە خراپە سیاسی و ئابورییەی بەسەر كورد هاتووە لەبەغداوە تێپەڕێت و كورد فۆرمێكیتر
و سیاسەتێكیتر لەگەڵ بەغدا جێبەجێ بكات.
واقیعی ناوچەكەو واقیعی كورد لە ئێستادا ئەوەمان
لێدەخوازێت كە، كورد خۆی تەیار و كۆبكاتەوە و ریزەكانی ریك بخاتەوە، لەڕاستیدا ئەگەر
كورد ریزەكانی خۆی رێك نەخات و هەموو ئەو ماڵوێرانی و كارەساتانەی كورد بە كوردی
كردووە لەمێژوودا تێنەپەڕێنێت و بازدانی گەورەی مێژوویی نەكات، ئەوا چەندە نەیار و
بەرامبەرەكانمان بێهێزیش بن، كورد ناتوانێت شتێك لە دنیای خۆی بگۆڕێت و گۆڕانكاریی
گەورە بكات. كورد تاكو رابردووی خۆی تێنەپەڕێنێت و چاكی نەكات ئەوا ناتوانێت ئەوی
بەرامبەریشی تێپەڕێنێت، تەنانەت بە خودی بەغداشەوە.
هەموو ئەو كەلێنە مێژووییانەی لە جەستەی سیاسی
كورددا هەیە دەرفەتی ئەوەی بەخشیوەتە نەیارەكانی كورد كە ئەگەر كورد هەر جوڵە و خۆڕاتەكانێك
بكات لەو كەلێنانەوە بەئاسانی ببینرێت! و دەستەكەی كەشف ببێت. ئەم جەستە سیاسییەی
كورد ئەوەندە كەلێنەكانی گەورەیە چ كورد لێیانەوە بڕوانێتە نەیارەكانمان و چ نەیارەكانیش
بڕواننە جوڵەكانی كورد، نهێنییەكانی ئاشكرایە. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە لەلایەك كورد بە
فۆرمە مێژووییەكەی لەناكۆكی ناوخۆیی بەردەوامە و لەلایەكیشەوە ململانێكارو نەیارەكانمان
بەتێڕوانینە مێژووییەكە دەخوێنینەوە. بەغداش لەم چوارچێوەیەدا.