ماکرۆن بۆچی لە ئێستادا دۆسێی ئیسلامی سیاسی دەکاتەوە؟
هەورامان وریا 23/03/2021
نووسینی: هاشم ساڵح
شۆک بووم بەو هێرشە دڕندانە و زاڵمانەیەی، لە هەندێک لە میدیای عەرەبییەوە، دەکرێتە سەر سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن. بەشی زۆری ئەو هێرشانە، لە لایەنێکی دیاریکراوەوە دەکرێت، ئەویش لایەنی دۆحە- ئەستەنبوڵ و گروپەکانی ئیسلامی سیاسییە. ئاخۆ دەبێت ئەو تاوانە چی بێت کە ماکرۆن ئەنجامیداوە؟ ماکرۆن وتی ئیسلام، نەک تەنها لە فەرەنسا، بەڵکو لەسەرتاپای جیهاندا، لە قەیراندایە. بەڵام کۆی ڕۆشنبیرانی عەرەب، عەیامێکە وا دەڵێن. وەلێ لەبەر ئەوەی ماکرۆن قوتابی یان یاریدەدەری فەیلەسوفی گەورە "پۆل ریکۆر" بوو؛ بۆیە ڕێگە بەخۆی دەدات، قسە دەربارەی کاروبارە ئاینی و میتافیزیکییەکان بکات، ئەمە بۆ ئەو شەرەفە. سەرۆکێکی ڕۆشنبیر، باشترە لە سەرۆکێکی نەخوێندەوار و نەزان لە کاروباری ڕۆشنبیریی و فیکر.
کۆی ڕۆشنبیرانی گۆی زەوی، دەزانن ئیسلام لە قەیراندایە و پێویستی بە چاکسازییەکی ناوخۆیی ڕۆشنگەرانە هەیە. بگرە مەسەلەکە گەشت بەو ئاستەی، بیرمەندی تونسی کۆچکردو "عبدالوهاب ئەلموئەدەب" بڵێت ئیسلام "نەخۆشە"، بەمانای تەواوی وشەکە. وشەی نەخۆش زۆر مەترسیدارترە لە وشەی قەیران. سەرۆک ماکرۆن خۆی لەو وشەیە-نەخۆش- نەداوە، پێویستە لەسەر ئەوە سوپاسی بکەین، نەک جامی توڕەبوونی خۆیان بەسەریدا قڵپبکەنەوە. بۆ ئەوانەی عبدالوهاب ئەلموئەدەب ناناسن، ئەو لە ڕووی زانست و ئەدەب و ئاینەوە، نەوەی بنەماڵەیەکی ڕەسەنی تونسە. باوکی یەکێک بووە لە شێخە ڕەسەنەکانی زەیتونە، هەروەها باپیریشی. هەر بۆیە لە ڕووی ئیسلامیبوونەوە، کەس ناتوانێت موزایەدەی بەسەردا بکات. موئەدەب کتێبێکی تەواوی بە ناونیشانی: نەخۆشی ئیسلام/ مرض الاسلام، بڵاوکردووەتەوە. بەڵام ئیسلام بەچی نەخۆشکەوتووە؟ بە نەخۆشی فێندەمێنیتاڵیزمی تاریکبینی تەکفیریی و خوێناوی کە لە سەرتاپای جیهاندا، تەقینەوەی هەڕەمەکییان ئەنجامداوە. لە نیۆیۆرکەوە بۆ بالی و لەوێشەوە بۆ بۆمبای، بۆ لەندەن و پاریس و نیس، بۆ مەدرید و بەرشلۆنە، بۆ شارم ئەلشێخ و بەغداد و حللە...هتد، لیستەکە دوور و درێژە.
هەمو ئەو شتانە، تەنانەت کوێریش دەیانبینێت و یار و نەیاریش بیستوویەتی. بەڵام پێدەچێت ئەو گروپانە، تا ئێستاش گوێیان لێی نەبووە و نەیانبیستووە. گوێیان لە بن لادن نەبووە، هەروەها گوێیان لەو تاوانبارە ترسناکە نەبووە: ئەبو موسعب ئەلزەرقاوی کە سەرجەم عێراقی خەڵتانی خوێن کرد. جگە لەوە گوێیان لە خەلیفە ئەلبەغدادی نەبووە کە دڕندەیی و ترسناکی، هیچی لەوەی زەرقاوی کەمتر نییە. گوێیان لە گروپەکانی "داعش" و "ئەلنصرە" و "ئەلقاعیدە" و "بۆکۆ حەرام" و دەیان رێکخراوی تاریکبینی دیکە، نەبووە. بەڵام کێ باوەڕ بەوە دەکات، ئەوان گوێیان لەوە نەبووە؟ لە ڕاستیدا ئەوان لە قووڵایی ناخیانەوە، لەگەڵ ئەواندان، ئەگەرچی بوێری ئەوە ناکەن بە ئاشکرا ڕایگەیەنن. بگرە هەندێکجار بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ڕۆشنبیرانی تازەگەرن، یان لانی کەم ڕۆشنبیرانی هاوچەرخ و بەڕێزن یاخود شایەنی ڕێزن، بەسەری زمان و بەسوکی، بۆ دوورخستنەوەی گومانی تیرۆر لەخۆیان، ئیدانەیان دەکەن. من لە دوا کتێبمدا: بۆچی جیهانی عەرەبی دەسووتێت؟ لەبڵاوکراوەکانی دەزگای ئەلمدا، بەغداد- عێراق. بە دوور و درێژی و بەشێوەیەکی ورد، قسەم لەو مەسەلانە کردووە. نازانم بۆچی تا هەنووکە، چەقۆکانیان لەسەر من نەخستووەتەگەڕ؟ خۆشبەختانە ئەوان تا ئێستا، کتێبەکەیان نەخوێندووەتەوە. ئەوەی لێی دەترسم ئەوەیە بیخوێننەوە!
عبدالوهاب ئەلموئەدەب لە کتێبەکەیدا، ناوەرۆکێکی ئاوا دەخاتەڕوو: ئیسلام لە بارودۆخێکی تەندروستی باشدا نییە، حاڵ و ئەحواڵی وەک پێوست نییە. ئەمە کەمترین شتە بووترێت. لە راستیدا ئیسلام نەخۆشە بەو بزووتنەوە دەمارگیر و تووندڕەوانەوە. من هەوڵمداوە لە میانەی چوار کتێبەکەی پێشووترم، دەستنیشانی ئەم نەخۆشییە بکەم و چارەسەری گونجاوی بۆ بخەمەڕوو. ئەم کتێبە تازەیەشم، لەسەر هەمان ئەرک و هەمان ڕێچکە بەردەوامە و لێی جیانەبووەتەوە. بۆیە دەڵێم ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە، ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە، هەر هەموی لە یەک ڕستەدا کورت دەکەمەوە: بەکارهێنانی تووندوتیژی بەناوی خودا و ئیسلامەوە. مەبەست لەوە، بەخشینی ڕەوایەتی یەزدانی و ئاینییە بەو تووندوتیژییە کوێرانەیەی کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و دڕندەیی و تاوانکاریی، لەلایەن بزووتنەوە پەڕگیرەکان و تاریکبینەکانەوە، ئەنجامدەدرێن.
ئێمە لای خۆمانەوە، ئەم قسانەی بۆ زیاد دەکەین و دەڵێن ئەم تووندوتیژییە، تا ئێستا دەیان هەزار، یان تەنانەت سەدان هەزار، مەدەنی سڤیل و بێ تاوانی، لەسەرتاسەری جیهان، کردووە بە قوربانی. کەچی سەرەڕای هەمو ئەوانە، بۆت نییە بڵێت ئیسلام لە قەیراندایە! ئەم قیڕە قیڕە چییە؟ ئەوانە لەسەر چ هەسارەیەک دەژین؟ ئایا ئەوانە لەو بڕوایەدان، جیهان، لە خۆرهەڵاتییەوە بۆ خۆرئاوای، لە باکورییەوە بۆ باشوری، لێیان بێدەنگ دەبێت؟ ئایا نازانن، لە ئێستادا و لە هەر جێگایەکی ئەم جیهانەدا، لە ترسی بەسووک تەماشاکردن و رقلێبوونەوە، تۆ چیتر ناتوانیت بە ئاشکرا بڵێیت من موسڵمانم؟ ئایا نازانن، تۆ ناتوانیت ناسنامە عەرەبییەکەت یان ئیسلامییەکەت دەربخەیت، نەک تەنها لە پاریس و لەندەن و نیۆیۆرک و واشنتۆن و بەرلین و رۆما و ئەمستردام... هتد، بەڵکو لە چین یان هیند یاخود یابان؟
سەبارەت بە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانمان، سەیری دواهەمین کتێبی عبدالوهاب ئەلموئەدەب بکە: گرەو لەسەر شارستانییەت/ رهان علی الحظارة، کتێبەکە ئاماژە بەوە دەکات، بارودۆخی عەرەب و موسڵمانەکان، لەبەردەم دوو بژاردەدایە و بژاردەی سێیەم لەئارادا نییە: یا شارستانییەت یاخود بەربەریەت و هەمەجییەت. یا ئیسلامی ڕۆشنگەر یا ئیسلامی نوتەک و تاریک. نوقتە سەری دێڕ.
من ئەمەی بۆ زیاد دەکەم، عبدالوهاب ئەلموئەدەب شانازییەکی زۆری بە کەلەپوری عەرەبی ئیسلامی ڕسەنەوە، دەکرد کە لە ئامێزیدا چاوی بە دونیا هەڵهێناوە. ئەو تابڵێی شەیدا و پەیوەست بوو بە ئیبن عەرەبی و ئیبن روشد و ئیبن ئەلمقفع و دەیانی دیکە، بەهەمان شێوە شەیدا و پەیوەست بووە بە دانتی و ڤۆڵتێر و ڕۆسۆ و مۆنتسکیۆ...هتد. ئەو لەیەک کاتدا، خۆی بە بەرهەمی هەردوو ڕۆشنگەرییە گەورەکە دادەنا: واتە ڕۆشنگەریی عەرەبی و ڕۆشنگەریی فەرەنسی.
بەڵام پێش ئەلموئەدەب، لانی کەم بە حەفتا ساڵ، بیرمەندی پاکستانی بەناوبانگ "محەمەد ئیقبال" قسەی لەسەر هەمان بابەت کردووە. ئەویش موسڵمانێکی ڕەسەنە: کێ گومان لە موسڵمانبوونی دەکات؟ ئەی ئەو باوکی ڕۆحی پاکستان نییە؟ ئیقبال لە کتێبە گەورەکەیدا: تازەکردنەوەی فیکری ئاینی لە ئیسلامدا، قسەی لەو بابەتانە کردووە. لەوێدا دەبینین کۆمەڵێ دەستەواژەی بەکارهێناوە، زۆر تووندترە لەوانەی سەرۆکی فەرەنسا. ئەو بەوپەڕی ڕاشکاوی دەڵێت ئیسلام، دوای ئەوەی چووە نێو سەردەمی داڕمان و داخستنی دەرگای ئیجتیهاد، چەقی بەستووە و ڕەقهەڵگەڕاوە و کلسی گرتووە و بووە بە مۆمیا. باشە لەبری دادگایکردنی سەرۆک ماکرۆن، بۆچی دادگایی ئەو ناکەن؟ بۆچی جامی توڕەبوونی خۆیان و نەفرەتەکانیان و تۆمەتەکانیان، بەسەر ئەودا قڵپناکەنەوە؟
دواجار، با یار و نەیار ئەمەی خوارەوە بزانێت: من بڕواموایە ئیسلام، هەزارجار گەورەترە لە ئیخوان موسلمین. ئیسلام کەلەپورێکی ئاینی و ئەخلاقی و رۆحی مەزنە. ئیسلام یەکێکە لە ئاینە گەورەکانی مرۆڤایەتی. ئیسلام دڵنیایی و ئارامی پێشکەش بە نیو ملیار کەس دەکات. ئیسلام چەندین گەنجینەی مەعریفی و حوکم و بەهای ئەخلاقی جوان لەخۆدەگرێت. ئیسلام ئیبن روشد و ئیبن خەلدون و چەندین بلیمەتی دیکەی، پێشکەش بە جیهان کردووە. ئیمانوێل ماکرۆن-یش شتێکی وا دەڵێت. ماکرۆن نرخی ئاینێکی جیهانی وەک ئیسلام دەزانێت، بەتایبەتی لە سەردەمی زێڕینیدا. بەڵام دوای سەردەمی داڕمان و چەقبەستنێکی توولانی، پێویستی بە چاکسازییەکی تازەیە، بەو هیوایەی بگات بە ئیسلامێکی ڕووناک کە لەگەڵ شارستانییەتی مۆدرێن ئاشتبێتەوە.
لێرەوە، کێشەکە لەگەڵ کۆی ئیسلامدا نییە، بەڵکو کێشەکە لەگەڵ ئەو گروپە رادیکاڵە تووندڕەوانەدایە کە گڕی لە جیهان بەرداوە و نەک بە تەنها نەیاری مۆدێرنەی فەرەنسییە، بەڵکو نەیاری خودی مۆدێرنەی عەرەبی ئیسلامی-شە. هەرچۆنێک بێت، ئیسلام دەریایەکی شەپۆلاوییە و پڕە لە مەزهەب و ڕەوت و کەسایەتی داهێنەر. بلیمەتەکانی عەرەب و ئیسلام، ڕۆژێک لە ڕۆژان، بە زانست و داهێنان و ئەفراندنە فەلسەفییەکانیان، دونیایان ڕووناک کردبووەوە. ئەوان لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا، ببوون بە قدوە، نەک تەنها بۆ ئەوروپا، بەڵکو بۆ سەرجەم جیهان. مەشخەڵێکی شارستانی پرشنگدار بوون. ئەوروپییەکان پێشبڕکێیان بوو بۆ وەرگێڕانی بەرهەمی زاناکانمان و فەیلەسوفەکانمان. لەسەر ئەو بەرهەمانە، بوژانەوەی ئایندەی خۆیان بونیاد دەنا. ئەوروپییەکان شانازییان بەوەوە دەکرد کە ئیبن سینا و ئین روشد و فارابی دەناسن، وەک چۆن ئێمە لە ئێستادا، شانازی بە دیکارت یان کانت یا هیگڵ-ەوە دەکەین. لەو رۆژگارەدا زمانی عەرەبی، زمانی جیهانگیریی و فەلسەفە و داهێنان بوو، دروست وەک ئێستای زمانی ئینگلیزی. سەرەڕای ئەوە، ئیسلام وەک ڕەحمەتێک هاتووە بۆ جیهان، نەک بەڵایەک بێت بۆ جیهان. وەک ئەوەی ئەو گروپانە لێیتێگەیشتوون: ئیخوان موسلمین و ئەلقاعیدەکان و داعشەکان و قەرزاوییەکان و ئەردۆگانییەکان... هتد.
بەهەر حاڵ، جیهانی عەرەبی، بگرە سەرتاپای کۆی جیهانی ئیسلامی، حاڵی حازر بۆ دوو بەرەی گەورەی دژ بە یەک دابەشبووە: بەشێکی کراوە بەسەر جیهاندا- بەشێکی هەڵکورماو بەسەر خودی خۆیدا. بەشێکی لێبووردە- بەشێکی تەکفیریی. بەشێکی ڕۆشنگەر- بەشێکی تاریکبین. بەشی یەکەم لە دوو بەڵگەنامەی گرنگدا بەرجەستە بووە: یەکەمیان بریتییە لە بەڵگەنامەی مەککەی پیرۆز کە لە رۆژی 30 ئایاری ساڵی 2019، لە پەراوێزی کۆنگرەی نێودەوڵەتی واژۆکرا، ئەم کۆنگرەیە رابیتەی جیهانی ئیسلامی سازیکردبوو، 1200 کەسایەتی ئیسلامی لە 139 وڵاتی خاوەن مەزهەب و تائیفەی ئیسلامی جیاوز جیاوازەوە، واژۆیان کردووە. بەڵگەنامەکە باس لە چەسپاندنی بەهای پێکەوە ژیان دەکات لە نێوان ئاینەکان و کلتورەکان و ڕەچەڵەکەکان و مەزهەبەکان. دانیناوە بە ڕەوایەتی فرە ڕەنگی و جیاوازیی لە ئاین و باوەڕ و مەزهەبدا و دەڵێن ئەمە سونەتێکی گەردوونییە. هەرچی بەڵگەنامەی دووەمیانە، واتە "بەڵگەنامەی برایەتی مرۆیی لە پێناو ئاشتی جیهانی و ژیانی هاوبەش"، ئەم بەڵگەنامەیە لە بەرواری 4 شوباتی ساڵی 2019 لە پایتەختی ئیماراتی یەکگرتوو، ئەبو زەبی بڵاوکرایەوە. هەر یەکە لە شێخی ئەزهەر و پاپای رۆما، بەسەرپەرشتی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئیمارات، واژویان کرد. بەڵگەنامەکە داوای بڵاوبوونەوەی کەلتوری لێبوردەیی و پێکەوە ژیان و ئاشتی دەکات، لە نێوان سەرجەم گەلان و ئاینە جیاوازەکاندا، بێ هچ جیاکارییەکی تائیفی یان رەگەزپەرستی. ئەم ئاراستە گشتییە ڕۆشنگەرە، پێویستە لە جیهانی عەرەبیدا، بڵاوببێتەوە. هیچمان لەدەست نایەت، جگە لەوەی سەرسامبین بەم شۆڕشە فیکریی و ئاینییە کە لە ئێستادا، شانشینی عەرەبی سعودییە و ئیماراتی یەکگرتوو، دەستیان پێکردووە.
هەرچی ئاراستەی پێچەوانەیە، واتە ئاراستەی ئیخوان موسلمین و لق و پۆپەکانی، ئەوە دەبێت خۆمانی لێدوورخەینەوە. چونکە پێش هەر کەسێکی دیکە، مەترسییە بۆ سەر عەرەب و موسڵمانەکان. بۆچی؟ چونکە لە سەرتاپای جیهاندا، ناو و ناوبانگیان لەکەدار دەکات. هەروەها ئەوانی دیکە تەکفیر دەکات و دان بە ڕەوایەتی شوێنکەوتوانی ئاین و مەزهەبەکانی دیکەدا نانێت. بگرە داوا دەکات لە ڕەگ و ڕیشەوە دەریانبێنن و لەسەر شێوازی داعش، پاکتاویان بکەن. لەبەر ئەوە دەڵێم هێڵی دۆحە- ئەستەنبوڵ، واتە "هێڵی داخران و دەمارگیریی ئیخوانی"، هێڵێکی داخراوە، چونکە بە پێچەوانەی بزاوتی مێژوو هەنگاو دەنێت. تەنها هێڵی مەککە و ئەبو زەبی، کە هەر دوو بەڵگەنامەکەیان بۆ مرۆڤایەتی گەڵاڵەکرد، کونێک دەکاتە دیوارە داخراوەکەی مێژوو، بۆ کۆی عەرەب و موسڵمانەکان. تەنها ئەم هێڵە تازە ڕۆشنگەرە، ئومێدی کەمەکێک ڕووناکییە. ئەوە هیوای ئایندەیە. سەرەڕای هەمو ئەوانە، ئەمە تاقە هێڵە کە نوێنەرایەتی جەوهەری راستەقینەی ئیسلام و قورئانی پیرۆز دەکات:
« یا اَیُهَا النَاسُ إِنَا خَلقْنَاکُم مِن ذَکَرٍ واُنثى و جَعَلْنَاکُمْ شُعُوباً وقَبَائِڵ لِتَعَارَفُوا...» (الحجرات، 13) صدق الله العظیم.
سەرچاوە:
الشرق الاوسط، سێ شەممە، 6 تشرینی یەکەم، 2020