کاتێک لە نزیکی ئەم سۆپایەوە دانیشتم
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا 23/03/2021
زۆر جار کە مرۆڤ بیر لە ڕابردووی خۆی دەکاتەوە یادەوەری خۆش و ناخۆشی بیر دەکەوێتەوە، جاری واش ھەیە ڕووداو و کەس و ئامرازەکانی ژیان یادەوەری کۆنمان بیر دەخەنەوە .
کاتێک لە نزیک ئەو سۆپایە دانیشتم خەیاڵ گەڕاندمیەوە بۆ قۆناغی سادەیی و پێکەوە ژیان لە سەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتی، هەگبەیەکی پڕ لە یادەوەری تاڵ و ئازار و ناسۆرییەکانی ژیانی بیر خستمەوە بەتایبەت لە دەستدان و شەھیدبوونی کەسوکار و ھاوڕێ و ھاوسەنگەرەکانمان کە بۆ هەمیشە لە هزرم دا دەخوڵێنەوە، پاشان قڕکردنمان بە ئەنفال و کیمیاباران کردنمان، لە سێدارەدان و ئەشکەنجەدانی پێشمەرگە دلێر و ڕۆڵە بە جەرگەکانمان، ھەروەھا ڕوخاندنی لادێکان و ڕاگواستنەوەی لادێ نشینەکان بۆ شارەکان بە بێ ویستی خۆیان، ھەموو ئەوانە ئازار بەخش و لە بیرنەکراون بۆ ھەمیشە لە ھزر و یادمان دەمێننەوە.
تینی گەرمی ئەم سۆپایە ھاوینی گەرمی سەردەمی شاخی بیرخستمەوە، پڕیشکی ئاگری ئەم دارانە ڕۆژانی بەرگری و پڕیشکی گوللەی دوژمنانی بیرخستمەوە، سەرمای دەرەوەی ئەم ژوورە ڕۆژانی بەفر لە چۆک و دەست و پەنجە تەزیوی سەردەمی شاخی بیر خستمەوە، کۆی ئەو قسانە ناکەم بە مننەت بەسەر میللەتەکەی خۆمی بفرۆشمەوە، بەڵکو سوپاسگوزاری خوام کە ھاوشان لەگەڵ ھاوسەنگەر و براکانم یەکێک بووم لەو کەسانەی کە لە پێناو خاک و نیشتیمان و میللەتەکەم تێکۆشاین و دژی دوژمن و زوڵم و ستەم وەستاینەوە و شانازیش بە ڕابردووی خۆمەوە دەکەم.
خەباتمان کرد لە پێناو ھیوا و خەونەکانمان بۆ گەیشتن بە ئازادی و ھەبوونی ووڵات و کیانێکی سەربەخۆ، بۆ ئەوەی خوێنی شەھیدەکانیشمان بە فیڕۆ نەچێت و میللەتەکەشم بە ژیانێکی شایستە بژین، بەڵام لە دوای ڕاپەڕینەوە بە ھۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی یەکڕیزی و ھەڵگیرسانی شەڕی نەگریسی ناوەخۆ بەداخەوە زۆرێک لە خەون و ئاواتەکانمان نەھاتنە دی، ئەگەر ئێمە یەکگرتوویی و یەکڕیزی و یەک گووتاریمان برەو پێ بدابایە، ھەموومان لە سەرەتای لە دایک بوونی حکومەت و پەرلەمانەوە پاڵپشت و ھاوکاری ئەو دامەزراوانە بووباین، دڵنیام ژیانێکی شایستەتر لە ئێستا بۆ خەڵک دابین دەکرا، ھەرچەندە ناکرێت گشت دەستکەوتەکانی حکوومەت بەلاوە بنێین و لە بەر چاو نەگیرێت، بەڵام مافی خەڵکیشە کە داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن، بۆیە پێویستە گوێیان لێ بگیرێت و ژیانێکی زیاتر لەوەی کە هەیە بۆیان دابین بکرێت، ئێستاش کات درەنگ نییە و دەکرێت بە ڕاوێژ و گفتوگۆی زیاتر چارەسەری کێشەکان بکرێت و لێبووردە بین بەرامبەر یەکتر و دەست لە ناو دەست بین بۆ ساڕێژکردنی برینەکان.
بەیەکەوە گڕگرتنی دارەکانی ناو سۆپایەکە و بەخشینی گەرمیەکی زیاتر بە جەستە و ژوورەکە، خەیاڵی بردمەوە بۆ ئەوەی تاکەی ئێمەش یەکگرتوویی و یەکڕیزی نێو ماڵی خۆمان نەکەین بە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بۆ میللەتەکەمان بەر لەوەی خۆمان ببین بە خۆڵە مێش.