فەنتازیا؛ دەستەواژەیەکە، لە ئەدەب و هونەردا زۆر بەکار دەهێنرێت، بە واتای بۆچوونی ناباو و خەیاڵاوی و دوور لە واقیعی ژیان. پشت بە شتی نامۆ و کەسایەتیی لەڕادەبەدەر بەتوانا و جادوویی و کارەکتەری ناواقیعی دەبەستن.
زۆر جار رووداوەکان و کەسانى ناو رۆمان و چیرۆکەکان، لەناو فەزایەکی وەهمیی خەیاڵاویدا دەسووڕێنەوە.
لە کولتووری کوردیشدا لەو جۆرە چیرۆکە خەیاڵاوییانە زۆرن؛ پیاوە ئازاکان کە بەگژ ئەژدیها و ماری حەوت سەر و دێوودرنج و جادووگەرەکاندا دەچنەوە و سەردەکەون بەسەریاندا، یان حەوت شەو و حەوت رۆژ بە بێ خەوتن و خواردن هەر شەڕی کردووە.
لە ئەدەبیات و میتۆلۆجیای سەردەمی ناوین، سەدان چیرۆک و کەسایەتی لەو جۆرە هەن، لەئێستاشدا بە سەدان کارەکتەر و فیلم و ئەنیمەیشنی لەو جۆرە فانتازیاییانە هەن و باون لە ئەدەبیات و هونەرەکاندا. ئەو خەیاڵاتانە، لە بوارەکانى ئەدەب و هونەردا، دەکەونە نێو خانەی داهێنانەوە، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو جۆرە فەنتازیایە رێگەی هەڵە کرد و رۆیشت و جێگیر بوو لە زهن و ئاوەزی کەسانی سیاسی و دەسەڵاتداردا؛ ئەوا توانا و وزەیەکی لەڕادەبەدەری لە وەهم و خەیاڵ لا دروست دەبێ، وا هەست دەکات بە تواناکانى خۆی چارۆگەی کەشتییەکەی دەگۆڕێ نەک وزەی با، خۆی لێ دەبێتە پاڵەوانی داستانەکان.
ئەو جۆرە سیاسییانەی کە فەنتازیا لە هزریاندا جێگیر بووە، وا هەست دەکەن تەنها تواناکانی خۆیان دەیانگەیەنێتە ئامانج و مەرامەکانیان، دووردەکەونەوە لە واقیعیبوون، وردە وردە خەیاڵ و وەهمەکانیان لا دەبێتە واقیع و باوەڕیان پێ دەکەن و گوێ بۆ هیچ کەسێ ناگرن ئەگەر رای جیاوازی هەبێ، ئەو کەسانە دەخەنە بەرەی دوژمن و دژ بە خواست و مەرامەکانیان، هەر ورتەیەکیش بە دژایەتی و پیلان لەقەڵەم دەدەن، هەر بۆیە پشت بە کەسانی تر نابەستن و پەنا دەبەنە بەر ئەستێرەناسان و فاڵچییەکان بۆ ئەوەی چارەنووسیان پێ بڵێن.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی ئەو جۆرە فانتازیایە، پیاهەڵدانی بەردەوام و پەروەردەی نائاسایی و ناڕاستە کە ئەو کەسایەتییانە پایەی تایبەتییان هەیە و لە خواوەندەوە بۆیان دەستنیشان کراوە، هەندێ جاریش دەگەڕێتەوە بۆ ناواقیعیی ئەو کەسایەتییە و هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە ناوی لە مێژوودا تۆمار بکرێ وەک یەکێک لە پیاوە دەگمەنەکانی سەردەمەکەی.
فانتازیای سیاسی، وا لە کەسە سیاسییەکە دەکات خۆی لە هەموو کەس بەڕاستتر بزانێ، وەهمەکانى ئەوەندە قەبەن، بیرکردنەوەی واقیعیانە لەدەستدەدات، ئەگەر مەرامەکانیشی نەهاتنەدی؛ ئەوا هۆیەکان دەخاتە پاڵ کەسانی تر و رووداوەکانی دژ بەو.
نموونەشمان زۆرە، هەم لە ئێستای خۆماندا و هەم لە سەردەمە جیاوازەکان و وڵاتانی دنیا.
هەر کەسێ واقیع نەبینێ و هەڵسەنگاندنی راستی بۆی نەبێ، ئەوا رۆژێک دێت کەسانێکی واقیعیی بەئاگای بهێنێتەوە و پێی بڵێ تۆ ئەو کەسە ئازایە نەبوویت و تەنها وەهمێک بوویت و لە قەڵای هەڵۆکانەوە دایدەبەزێنن بۆ ناو قەفەزی باڵندە ماڵییەکان.