Alternate Text

کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا‌ 23/03/2021

 سیاسەتی پێکەوە ژیان کۆڵەگەیەکی سەرەکی بەڕێوەبردن و بەرەو پێشەوە چوونی دەوڵەتە، زۆر کەس و لایەنی سیاسی عێراقی و کوردستانی وا هەست دەکەن کێشەکانی ئەم دواییانەی هەرێمی کوردستان لەگەل حکومەتی ناوەند (بەغداد)، تەنها لە سەر بوودجە و مووچە و ناوچە کێشە لەسەرەکانە کە بەیاسا و شوێنی جوگرافی خاکی کوردستانن، بەڵام دەبێ هەمووان بزانین کە سەرەڕای ئەو کێشانە کە لە واقیع بوونی هەیە، کێشە جەوهەرییەکان بەهەند وەربگیرێن کە بەدرێژایی مێژووی دامەزراندنی عێراقەوە وابەستە بووە، بەتایبەت لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە کە باڵی کێشاوە بەسەر کۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت ووڵاتانی ئیقلیمی.

ئەگەر سەرنجێک بدەین لە یاسا نێودەوڵەتیەکان ئەوەی بە ڕوونی درکی پێ دەکرێ، دوو پرەنسیبی گرنگی یاساییە لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ: یەکەم: مافی چارەی خۆنووسینە بۆ گەلان. دووەم: سەروەری و یەکپارچەیی و پاراستنی خاکی وولاتانە. ئەم دوو بنەما یاساییە نێودەوڵەتیانە، قووڵ بوونەوەی کێشە کەڵەکە بووەکانی دەوڵەتی عێراقێکی ڕابردوو و ستەمکار و عێراقێکی ئێستایە، کە بە عێراقی دوای پڕۆسەی ئازاد کردن لە دیکتاتۆری و تاکڕەوی و یەکتر قبووڵ کردن ناسراوە و بنیاد نراوە، قوڕسە بۆ عەقڵیەت بەدەستەکانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسی کە بتوانن ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکانی نێو عێراقێکی خێر لە خۆ نەدیو لە چوارچێوەی دەستوورێکی دادپەروەرانە بەرجەستە بکەن. ئێمە لە عێراق گیرۆدەی ئەو دوو یاسا نێو دەوڵەتییەین، نە سەربەخۆ خوازانی دەستبەرداری مافی چارەی خۆنووسینی خۆیان دەبن وەکو مافێک کە یاسای نێودەوڵەتی دانی پێداناوە، نە یەک پارچە خوازانی وەکو عێراقیەکان دەست بەرداری مافی خۆیان دەبن لە پارێزگاریکردن لەو سنوورەی کە نەخشەی جیهانی لەسەر کێشراوە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە، نکۆلیش لەوە ناکرێ کە هەردووکیان دوو بنەمای یاسایی و شەرعی دانپێنراون کە خودی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسەری دامەزراوە و ئەم دوو پڕەنسیبە پشت ڕاست دەکەنەوە.

کەواتە ئەم گرفتەی ئێمە لەگەڵ حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ناوخۆیی نیە، بەڵکو ڕەنگدانەوە و داڕێژەری ئەو یاسا نێودەوڵەتیانەیە کە جیهانی لە سەر داڕێژراوە، گرنگە بۆ ئێمە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەین تاکو وەرچەرخانێک بێتە ئاراوە و چاوەڕێ بکەین ئەو پرەنسیبانەی کە یاسا نێودەوڵەتییەکانی لەسەر داڕێژراوە گۆڕانکارییان بەسەردا بێت! گرنگە بۆ ئێمەی کورد ئەو فیدراڵییەی کە لە عێراق بەدەستمان هێناوە پارێزگاری لێبکەین و بەهێزتری بکەین بەیەک ڕیزی و یەک دەنگی نێوان کۆی ئەحزابە کوردییەکان. دەبێ ئەوەشمان لەبەرچاو بێ کە سیاسەت خۆگونجاندنە لەگەڵ واقع بەتاڵی و شیرینیەکانیەوە، پێچەوانەی ئەوە ڕەنگە بەرەو نا هاوتەریب بوونمان ببات لە بەڕێوەبردنی جوومگەکانی دەسەڵات لە دەوڵەت، گرنگە بۆ ئێمە بە ووریایی مامەڵە بکەین لەگەڵ هەموو پێشهات و گۆڕانکارییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، بە کاری لە پێشینەو دوور لە بەرژەوەندی حزبی و کەسی کاری لەسەر بکەین