ووتەی زۆر؛ وکرداری کەم
ئالان ئاغا باجەلان 23/03/2021
لە کۆمەڵگای ئێمە ولەسەرجەمی دانیشتنەکان گەورە وبچووک هەمووان قسە دەکەن وقسە دەگۆڕنەوە، ئەگەر بە ووردی سەیری کوبوونەوەکانیان بکەین، دەبینین زۆربەی هەرە زۆری قسەی جوان دەکەن وڕای جوانیش دەردەبڕن ولەهەوڵی باشترکردنی ژیانی گشتین. ئەم هەمووانە بەزۆری کێن؟ بە ڕێژەیەکی زۆر ئەوانەن کە پێشەنگن لە ناو کۆمەڵدا وخاوەنی بەرپرسیاریتین، یان ئەوانەن ڕۆژگاری کردونی بەپێشەنگ! ئەوانیش لە مانە پێک دێن: ( مەلای ئایینی، سیاسەتمەدار، بەرپرس، ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەنووس، ڕاگەیاندنکار..........) تا ئێرە لێیان تێگەشتوون وچاک دەکەن.
بەڵام کاتێک لەسەر ئەرزی واقیع کرداریان دەبینین کە پێچەوانە گوفتاریانە، وادەزانیین ئەوانە کەسانی دیکەن یان تووشی زوهایمەر بوون! دەبینین ئەو مامۆستا ئایینیەی کە باسی دادگەری وچاکسازی وڵێخووشبوون وغەیبەت نەکردنی دەکرد ئێستا کرداری پێچەوانەیە! کاتێک خوێندنەوە بۆ نەبردنە سەر قسەکەی دەکەین دەبینین ناتوانێت زاڵ بێت بەسەر خودی ڕاستەقینەی خۆیدا وهەر وەک هەمان کەسانی دیکە هەڵسو کەوت دەکات، وەک ئەوە وایە ڕۆژێک لە ڕۆژان پێشڕەوی ئایینی نەکردبێت! ولە هەندێ کاتی دیکە دەیبینین تێگلاوە بە دەمارگیری ئاینزا یان بەیەکێ لە فرقە حزبیەکان یان بەرانبەر بەهەندێک دەستکەوتی ماددە گۆڕاوە!. بۆ چینەکانی دیکەش بەهەمان شێوە ڕاستە، ئەگینا بە ووتەکانیان بوایە دەبوایە ئێمە ئێستا لەناو شایستەترین سیستەمی (ئابووری، ڕامیاری، ئایینی، مێژوویی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی باین). کە ڕۆژگاری ئەمڕۆی ئێمە ئەوە دەردەخات کە گەندەڵی وبێ متمانەیی وڕەق وقین وشێواندنی ڕاستی، بەشێوازە ئەندازەی پان وبەرین بڵاوبۆتەوە وچارەسەری هیچ برینێکی نەکردووە، بەڵکۆ زیادیشی کردووە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ووتەکانمان باق وبریقن وهیچ ڕاست نین تەنها خۆنمایش کردن وخۆ بردنە پێشە، هەر وەک گوتراوە: ووتە مەرج نیە؛ بەڵکۆ کردار مەرجە. لێرەدا حەز دەکەم نموونەی ( جواهر لال نهرۆ) بێنمەوە کە هیچ پلانێکی تایبەتی بۆ ژیانی خۆی دانەنابوو ولەسەریشی بەردەوام بوو. کە بەهیچ شێوەیەک خۆی نەخاتە ناو تەڵەی گەنگەشەی بێ چارەسەر. کە هیچ بەرهەمێکی نابێت جگە لەشەڕ وناکۆکی. زۆر بڕوای بەوە هەبوو ( تا ووتەکانت زۆر بن هەڵەکانت زیاتر دەبن).
کاتێک لە لەندەن بوو بینی هەندێک لە هاوڕێ قوتابی ڕۆشنبیرە هیندیەکانی ڕێکخراوێکیان دامەزراندووە وگتوبێژی بابەتە سیاسیەکان دەکەن بەشێوازێکی زۆر توند! نەهرۆش بەوە وەسفیانی کرد ئێوە لەڕاد بەدەر توند ڕەون، بەڵام نەهرۆ خۆی جونکە کەم قسەی دەکرد زۆر جار هاوڕێکانی ڕەخنەیان لێ دەگرت، وبەوە تۆمەتباریان دەکرد کە هەستی نەتەوایەتی زۆر لاوازە وباوەڕی بە بابەتەکەوە نیە! دوای چەند ساڵێک قوتابیان لە غەریبیدا گەڕانەوە بۆ ووڵاتی خۆیان ونهرۆش لە گەڵیاندا، دوای ماوەیەک نهرۆ سەرسوڕمان بوو کە هاوڕێکانی گۆڕاون! ئەمەی نووسی: ( ئەو هاوڕێ زۆر توند ڕەوانەم بینی هەموویان بوونە بە فەرمانبەر لە ژێر دەسەڵاتی داگیر کاری بەریتانیا ولە ئێستادا هیچ دەورێکیان نیە لە ژیانی سیاسیدا، وبە قودرەتی خودایی توندایەتی وخۆش ویستنی نشتیمانیان لاواز بووە ونەماوە؛ وخۆشویستنی نەیاری بەریتانیا زیادیکردووە! ئەو جێگا خۆش ونووسینگە گەورانەی کارکردنیان هەموو شتێکیانی لە بیر برد.). نەهڕۆش ئەوەیانی بۆ دووپات کردنەوە کە هەندێک کات بێدەنگی وگرنگی نەدان بە مانای قبوڵکردی ژێر دەستی وتەسلیم بوون نادات. بۆ ماوەیەکی درێژ بەند کرا وئازار درا، دواتر ناوبانگی ئەوەی بۆ خۆی دەرکرد کە یەکێک بوو نەگۆڕا وڕێبازی بەر نەدا وبەردەوام داوای دەرچوونی داگیرکەرانی دەکرد. ولە دوای ئازاد بوونی بووە یەکەم سەرۆک وەزیران، ئەوانەشی وا هاش وهۆشیان دەکرد وهۆتافی درۆیان لێدەدا بەتەواوەتی لە مەیدان نەمان وخۆیان حەشاردا! ئەو کەسانەی کە هەست بەکەمی خۆیان دەکەن وخاوەنی عەقڵ وتێگەشتن وبیرکردنەوەی قوڵ نین، قەرەبووی هەموو ئەو شتانە بە زۆری قسە کردن دەردەبڕن لەگەڵ گەنگەشەی توند ڕەوی، وبەو بیر کردنەوانەی کە خۆیان بڕوایان پێیانە بەردەوام دەبن تا کۆتایی! بە کورتی وبە پوختی دەبێت ئێمە لەوە تێبگەین حەقیقەت وڕاستی لەوەدا نیە کە مرۆڤ دەری دەخات؛ بەڵکۆ لەوەدایە کە دەری ناخات. بۆیە ئەگەر دەتەوێت کەسێک بناسی گوێ بۆ ئەوە نەگرە کە دەیڵێت؛ بەڵکۆ گوێ بۆ ئەوە بگرە کە ناێڵێت.
گەورەترین حیکمەت ئەوەیە کە ئێمە پەشیمان نەبین لە بێدەنگی، بەڵکۆ دەبێت پەشیمانی بکێشین لە سەر زۆڕی قسەکردنی ئێستا ڕابردوومان. تەنانەت ئەگەر لە ڕۆانگەی ئاژەڵیش بۆ ئەم بابەتە بڕوانیین، دەبینین شێر زیاتر خاوەن شکۆ وحورمەتە جونکە کەم قسە دەکات، وبە پێچەوانەشەوە سەگ زۆر دەوەڕێت وقسە دەکات وکەمتر هەیبەت وحورمەتی هەیە ومڕۆڤ بەردی تێدەگرێت