Alternate Text

ئێمە کۆمەڵگایەکی دوو ڕوو؛ یان جووت کەسایەتین؟

ئالان ئاغا باجەلان‌ 23/03/2021

دوو ڕوو بەو کەسە دەوترێت کە شتانێک پێشان دەدات کە لە ناخەوە وانیە، بەڵام جووت کەسایەتی ئەوەیە کەهەر جارێک کەسایەتیەکی خۆی پیشان دەدات بەپێ پێداویستی کارەکەی وقازانجی تاکە کەسی خۆی.
بەڕاستی زۆرێک لە ئێمە گیرۆدەی ئەم حاڵەتە ناهەموارە دەرونیە بوینەتەوە، چی لە کەسایەتی خۆمان یان لە بەرامبەر زۆرینەی هەرە زۆری تاکەکانی ناو کۆمەڵگا. هەمووان بانگەوازی ئایینی دەکەن خۆیان  بە خاوەن بەها باڵاکان پێشاندەدەن وخۆیان پێ باشترینە، ئەگەر لەمزگەوتەکان یان شوێنە پیرۆزەکان بڕوانیین دەبینین پڕن لە نوێژ خۆێن، لە ڕمەزاندا بە ڕۆژوون، ئینکاری خراپە دەکەن، مەدح وسەنای خۆیان دەکەن بەزمان وبەڵێن بێ عەیب وبێ کەم کورتین، بەڵام کە دێنە سەر واقیع دەبینین کردەوەیان پێچەوانەی نمایش وپەیمانیانە. 
یان کاتێک کەسێکی بەرپرس دەبینین بانگەوازی دادپەروەری وکوردایەتی وخزمەتی نیشتیمان وقوربانیانی شەهید وئەنفال وکیمیا باران دەکات، بەڵام کاتێک دەرفەتی بۆ دێتە پێشەوە بەقودرەتی قادر هەموو شتێکی لە بیر دەچێتەو! دارایی وپلە ودامەزراندن وپاداشت تەنها لە خزمەتی خۆی وکەسە نزیکەکانی بەکاردەهێنێت! بەمانای  ووتە دەبێتە کەسێکی گەندەڵ وهەموو شتێک لە بیر دەبات.
یان ئەو کەسانەی لە ناو میدیا وسۆشیاڵ میدیا خۆیان بە فریشتە دەردەخەن ونیشانی خەڵک دەدەن ڕەخنە لە چاک وخراپ دەگرن وخۆیان لە هەموو کەس پێ باشترینە. بەڵام لەناخەوە گەنیون وئەگەر کەسیان لێ بەدیار نەبێت ئەوەی خودا پێ ناخۆشە ئەنجامی دەدەن بەبێ ئەوەی تۆزقاڵێک شەرم وحەیا بیانگرێت. هەر لە دەربارەی ئەمانەی سەرەوە کە باسم لێ کردن ووتەیەکی زۆر جوان هەیە دەڵێت: (هەمووان خۆیان بە چاک وبێ تاوان نیشان دەدەن؛ ئەی باشە خراپەکاران لە کۆێن؟)
ئەمریکا کە عێراقی داگیر کرد خۆێندنەوەیەکی باش وپێش وەختەی بۆ کەسایەتی تاکی عێراقی نەکردبوو هەر بۆیە ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی تووشی شۆک ودەردەسەریەکی زۆر بوون ونەیاندەزانی چۆن هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن، بۆیە ئیدارەی پۆڵ بریمەر شکستی هێنا ونەیانتوانی ئاشتی وئاوەدانی لە عێراق بەرپا بکەن. بۆ بەرچاوو ڕوونی زیاتر حەز دەکەم هەندێک لە نووسین وتوێژینەوەکانی زانای کۆمەڵ ناسی عێراقی دکتۆر عەلی وەردی بخەمە ڕوو دەربارەی سیفات وچۆنیەتی بیرکردنەوە، وکۆمەڵێک هۆکاری کۆمەڵایەتی ودەروونی لەگەڵ خودی خۆمان وبێگانەکاندا. عەلی وەردی پێ وایە تاکی عێراقی بەدەست جووت کەسایەتی ودژ وپێچەوانەوە دەناڵێنێت، هاوڵاتی عێراقی زۆر حەزی لە هێنانەوەی پەندی جوان وبریق وگەورەیە، بەڵام لە واقعی ڕۆژانەیدا زۆر لێ بە دوورە، خۆش ویستنی نشتیمانی بەلادا شتێکی زۆر پیرۆزە، بەڵام هیچ خزمەتێکی ناکات. زۆر خۆیان تێوە دەگلێنن بە ئاینزا بەڵام کەم پەیوەست بە ئاینەوەن. پڕ بە دەم هاواری دادپەروەری ولێ خۆشبوون وبەبەزەیی بوون دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا زۆر بەخێرایی بڕیاری لێدان وهەڕەشە وئەزێت لە کەسی بەرامبەر دەدەن. بەمەیان ناچێتە قاڵبی دوو ڕوویی بەڵکۆ دەچێتە قاڵبی جووت کەسایەتی. بەلای وەردیەوە ئەمش بۆ سێ هۆکاری دەگەڕێنێتەوە: (شارستانی، کۆمەڵایەتی، دەروونی).

شارستانی ـــ کاتێک سەیری ژێنگەی هەڵکەوتەی عێراق دەکەین دەبینین لە کۆندا خاوەن شارستانیتێکی گەورە بووە، لە مێژوودا تاوەکۆ ئێستا لە هاوشانیدا بیابانێکی گەورە هەیە. کە دەشتەکیەکان تێدا دەژیان، ئەوانیش شوێن وجێگای خۆیان بەجێ هێشت وهاتنە ناو شاردا. بۆیە لە شار دوو چین نشتەجێ بوون. چینێکی دەشتەکی حەز بەشەڕ؛ وچینێکی کشتوکاڵی ملکەچ. ئەمەش کاریگەری خراپی کردە سەر تاکی عێراقی وای لێکرد دوو بەهای کۆمەڵایەتی لە خۆی هەلبگرێت. کاتێک بەرامبەری کەسێکی لە خۆ بەرزتر وبەهێزتری دەگرت ملکەچ دەبوو وفزەی لێ نەدەهات؛ بەڵام کاتێک بەرامبەری کەسێکی لەخۆ بچوکتر ولاوازتری دەگرت زاڵ دەبوو بەسەریەوە. ئەمەش بەزۆری لەسەردمی عەباسیەکاندا ولەدوای ئەوانیش لە ناو عوسمانیەکاندا ڕووی دەدا، تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان بەدێ دەکرێت.

کۆمەڵایەتی ـــ کۆمەڵگای عێراقی لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە دابەشبووە بەسەر شێوازەکانی ژیاندا لەوانەش جیاوازی لەنێوان ژن ومێرد ومنداڵدا. هیچ ووڵاتێک بەقەد عێراقدا ئەم ئەم دابەش بوونە تێدا بەدی ناکرێت. منداڵانی عێراقی بەزۆری ژیانیان لەناو کۆڵان وگەڕەک دا بەسەر بردووە هەر ئەمەش وای لێ کردووە ببنە خاوەی گروپی شەڕ کەری زۆر گەورە. بۆیە نەریەتی شانازی کردن بە هێز، توانای زاڵ بوون، دەمارگیری گەڕەک بڵاو بویەوە. بۆیە منداڵ کە دەگەڕایەوە بۆ ماڵ داوای لێ دەکرا هۆشمەند وبەڕێز ولەسەرخۆ بێت، بەڵام کاتێک لەگەڵ باوکیدا دەچوو بۆ چایخانە خەڵکی بەزیرەک وڵێهاتوو وحەق نەخوراوو باسیان دەکرد وسەنایانن دەدایەوە وداوایان لێ دەکرد وابێت وا هەڵسوکەوت بکات، هەر ئەمەش وای لێکرد کە ببێتە خاوەن دوو کەسایەتی جیاواز. یەکێکیان لەماڵەوە ئەوەی دیکەیان لە دەرەوە.

دەروونی ـــ هەموو هۆکارێکی کۆمەڵایەتی هۆکارێکی دەروونی لێدەکەوێتەوە، بۆ نموونە کاتێک باوک داوا لە منداڵەکەی دەکات کەسێکی بەڕەوشت وئاکار جوان بێت، هەروەها دەیخاتە بەر خوێندن ومامۆستای تایبەتی بۆ دەگرێت تاەکو باشتر فێر ببێت، وە وەسیەتی مامۆستاکانی دەکات وپێیان دەڵێت: ئەم منداڵەی من ئەسپەردەی ئێوەی دەکەم ئیسقانی بۆ من وگۆشتی بۆ ئێوە بێت.
ئەمەش وای لێدەکات خاوەن دوو کەسایەتی بێت یەکێکیان بەڕەوشت ولەسەر خۆ؛ ئەوەی دیکەیان توندڕەو وحەق سێن. ئەمەش وای لێدەکات گەشەی دوو ڕوویی تێدا زیادتر بێت. داوای دوورکەوتنەوەی ئافرەت لە پیاوان دەکات بەقسە، بەڵام بەکردەوە دەبێتە هۆی توشبوونی بە توندڕەوی وشاردنەوەی کەبتی جینسی. ئەمانەش کاریگەری بەسەردا دروست دەکات، وای لێدەکات خراپی بارودۆخی ووڵات بخاتە ئەستۆی کەسانی دیکە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە خۆی بدات. ڕەخنە لە فەرمانبەرانی دەوڵەت دەگرێت وەک وایە ئەوانە لەسەر مەریخەوە هاتبێتن، ڕەخنە لە کەسی غەیبەتکار ومشاغب ودرۆزن دەگرێت، خۆشی هەموو سیفەتەکانی هەڵگرتووە. یەکێکی تر لە هۆکارەکان زمانە، ئەوەیە ئێمە بە دوو جۆر زمان قسە دەکەین یەکێکیان زمانی فەرمی پاڕاوە لە شوێنی فەرمی وکۆبوونەوەکان پێ دەدوێن؛ یەکێکی دیکەیان زمانی بازاڕی لەناو کۆڵانە ولە بازاڕ پێ دەدوێن.
ئەم تووێژینەوە گرنگە لە ساڵانی پەنcاکای سەدەی ڕابردوودا کردویەتی بۆ ئێستاش گونجاوە. ئەو پێ وایە ئێمە زیاتر جووت کەسایەتین تاوەکو دوو ڕوو بین. بەڵام من ئەوە دەڵێم ئەگەر بهاتبایە نووسەر لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زیندوو بایە بەبێ دوو دڵی رێک دوو ڕوویی وچەندین خەسڵەتی خراپی دیکە دەخستە پاڵ زۆرینەمانەوە. مەبەستم لەم دوو ڕوویی ئەمڕۆماندا چیە؟ هەمووان قسە دەکەین بەڵام جێبەجێ ناکەین، پەیمان دەدەین تاوەکو سەری نابەین، ئەگەر هاتوو ئەمانەتێک لە لاماندا دابنرێت دەست پارێزی لێ ناکەین وبەشی خۆمانی لێ دەبەین وەکۆ خۆی ڕادەستی خاوەنەکەی ناکەین! ئەمە ئەگەر هەمووی نەبەین. بۆیە من ئیزافە دەخەمە سەر تووێژینەوەکەی وەردی ودەڵێم: ئێمە جگە لە جووت کەسایەتی لەناو دوو ڕووییشدا نوقم بوین