لە پرسی جولەکەوە بۆ پرسی فەلەستین
شێرکۆ کرمانج 23/03/2021
ئەوەی ئەمڕۆ پێیدەگوترێت پرسی فەلەستین لە ئەساسدا پرسی جولەکەکان بوو. لەڕاستیدا پرسی فەلەستین لە ١٩٤٨ لەگەڵ دابەشکردنی فەلەستین لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان سەرهەڵدەدات و تەمەنی کەمتر لە سەد ساڵە. بەڵام پرسی جولەکەکان بەو غەدرە دەستپێدەکات کە نەبوخوزنەسەری دووەم، پاشایەکی بابلییەکان، لە جولەکانی دەکاتو تەمەنی زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵە. نەبوخوزنەسەر لە ٥٨٦ ی پێش زاینی بەزۆرەملێ جولەکەکان لە ئیسرائیل دەگوێزێتەوە بۆ کەنارەکانی شاری بابل لە میزۆپۆتامیا. هاوکات، نەبوخوزنەسەر زێڕو زیوی ئەو پەرستگایەی جولەکەکانیش دەدزێت کە لە ماونت تێمپڵ (پەرستگای سەر شاخەکە، ناوەکەتان لەبیرنەچێت) لە ٩٥٧ ی پێش زاینی دروستکرابوو، دواتریش پەرستگاکە وێران دەکات. لە گۆرانییەکی تیپی بۆنی ئێم کە لە ١٩٧٩ گوتراوە ئەم نەهامەتییە خراوەتەڕوو.
جولەکەکان بۆ سەدان ساڵ لەسەر دەستی فیرعەونەکانی میسر ئازارو دەربەدەری زۆریان چێشت، لەوێ فڕێ دەدرێن بۆ ئەوێ، وەک تۆپ. لەگەڵ هاتنی ڕۆمانەکانیش بۆ ناوچەکە ئیدی دەردەسەری جولەکەکان ئێجگار گەورە دەبێت بەتایبەتی کە ڕۆمانەکان تەبەنی دینی کرستیانی دەکەنو لە شوێنی پەرستگاکەی سەر شاخ کڵێسایەک دروستدەکەن. کاتێک موسڵمانەکان دێن، عومەری بن خەتاب و یاوەرانی کڵێساکە دەڕوخێننو مزگەوتی ئەلئەقسا لەسەر هەمان ئەو گردەی کە پەرستگای جولەکەکانی لێبوو لە شوێنی کڵێساکە دروستدەکەن. چەند ساڵێک دواتر عەبدولمەلیک بن مەروان قوبەتلسەخرە دروست دەکات ڕێک لەسەر ئەو شوێنەی کە پەرستگای سەر شاخەکەی لێدروستکرابوو، لەسەر نیمچە ئەشکەوتێکی بچوک کە گوایە پێغەمبەری موسڵمانان سەردانی کردوە.
بێجگە لە گرنگی پەرستگاکە بۆ جولەکەکان، هەر ئەو شاخەی، کە ئەو هەموو پەرستگاو مزگەوتو کڵێسەی لەسەر دروستکراوە، لای جولەکەکان پیرۆزییەکی تایبەتیی هەیە. جولەکەکان پێیانوایە کە ئەو شاخەی کە پەرستگاکەی لەسەر دروستکراوە یەکەمین بەردی، یان بناغەی، دروستکردنی زەوییە لەلایەن خواوە. ئەمەش شاخەکە دەکات بە چەقی زەوی، چەق لێرە مەبەست ناوکی زەوییە نیە. بەڵکو ئەو خاڵەیە کە بنیاتنانی زەوی لێیەوە دەستپێدەکاتو نزیکترین خاڵە لە ئاسمان. هاتنی پێغەمبەری موسڵمانان بۆ قودس، بۆ سەر ئەم شاخەو لەوێش چوونی بۆ ئاسمان لە ئیسراو میعراج هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شاخەکە چەقی زەویو نزیکترین خاڵە لە ئاسمان، بۆیە گوایە پێغەمبەری موسڵمانان هاتۆتە ئەم شاخەو لەوێشەوە چووە بۆ لای خوا.
کاتێک خاچپەرستەکان دێن، مزگەوتی ئەلئەقسا دەکەن بە تەویلەی وڵاغانو کڵێسا کۆنەکە هەر لەسەر شاخەکە دروستدەکەنەوە. کە سەلاحەدینی ئەیوبی خاچپەرستەکان دەردەکات لە قودس، مزگەوتی ئەلئەقسا لەسەر کڵیسا کاوڵبووەکە نۆژەن دەکاتەوە.
لەم هینەو بەردەدا جولەکەکان لە هەمووان زیاتر زەرەرمەند بوون چونکە ئەوەی ڕووخاوەو تێکدراوەو دروستکراوەتەوە لەسەر ئەو شاخە دروستکراوە کە جولەکەکان یەکمجارو یەکەم پرستگای دینی خۆیان لەسەر بنیادنابوو. ئێستا پەرسگاکە کەوتۆتە بنی بنەوە بەتایبەتی دوای ئەوەی کە موسڵمانان قوبەتولسەخرەیان لەسەر دروست کرد. لەو نێوەدا جولەکەکان لە هەمووان زیاتر، لە سەردەمی نەبوخوزنەسەر تا وەعدی بەلەفۆر، بێدەسەڵاترو دەربەدەرکراوتر بوون.
لەمانەش گرنگتر، ئەو هەموو شەڕو ماڵوێرانیە لەسەر خاکو شاخو پەرستگاکەی جولەکەکان بووە مایەی ئاوارەیی هەزاران هەزار جولەکە بەسەرتاسەری دنیادا. لە ئاوارەییدا، بەگشتی جولەکان لەلایەن موسڵمانەکان باشتر داڵدەدراون لەوەی کە کرستیانەکان لە ڕۆژئاوا مامەڵەیان لەگەڵ کردون.
لە سەدەکانی ناوەڕاست لە تەواوی ئەوڕوپا بەتایبەتی لە ئیسپانیا بەشێکی زۆر لە جولەکەکان بە زۆروزۆرداری کران بە کریستیان، بۆیە ژمارەیەکی زۆریان ڕوویان لە دنیای موسڵمانان کردەوە بەتایبەتی لەوەی ئێستا پێیدەگوترێت فەلەستینو مەغریب. لە سەدەی بیستیش لەلایەن نازییەکانەوە نزیکە شەش ملیۆنیان لێ جینۆساید کرا. بەڵام پێش جینۆسایدکردنیان جولەکەکان لە شاری بازل، لە سویسرا، کۆنفرانسێک دەبەستنو بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ خۆیان دەدەن لە نیشتیمانی ئەژدادو ئابائیان.
هەوڵەکانی جولەکەکان بە سەرۆکایەتی هێرتزل وەعدی بەلفۆری لە ١٩١٧ دا لێ شین دەبێت، کە بریتانیای مەزن بڕیاردەدات پشتیوانی جولەکەکان بکات لە دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆیان. جینۆسایدەکەی نازییەکان وایکرد کە کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پشتیوانی لە بیرۆکەکەی جولەکەکان لە گەڕانەوەیان بۆ ئیسرائیلو دروستکردنی دەوڵەتێک بکات.
لەگەڵ هاتنی بەریتانیا بۆ ناوچەکەو دەرپەڕاندنی عوسمانییەکان، ئیدی جولەکەیەکی زۆر لەسەر داوای سەرکردەکانیان گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل، هەم هێزی سەربازیان بنیاتنا هەم خاکو زەویان لە عەرەبەکان کڕی. لەوانەش گرنگتر لە کارە دیبلۆماسییەکانیان بەردەوام بوون.
کاتێک بەریتانیا لە ١٩٤٧ بڕیاری کشانەوە دەدات لە فەلەستین، ئیدی پرسەکە ڕادەستی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات. نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاری دابەشکردنی فەلەستین لە ١٩٤٨ دەدات. نزیکەی نیوەی خاکی فەلەستین درا بە عەرەبو لە نیوی کەمێک زیاتر درا بە جولەکەکان، بەڵام زیاتر بیابان بوو ئەوەی بەر جولەکەکان کەوتبوو. فەلەستینیەکان پێشنیارەکەیان قەبوڵنەکردو جولەکە قەبوڵیان کرد. لەم نێوەدا عەرەبەکان شەڕیان بە جولەکەکان فرۆشتو جولەکەکانیش لەبەر ئەوەی باشتر خۆیان بۆ شەڕ ئامادەکردبوو ئیدی خاکێکی زۆریان لە فەلەستینیەکان داگیرو زەوتکردو بە ملیۆنانیان لێ ئاوارەکردن. لەوکاتەوە، واتە لە ١٩٤٨، ئەوەی وەک پرسی جولەکە ناسرابوو ئیدی بوو بە پرسی فەلەستینییەکان.
لە بەشی داهاتو، قسە لەسەر پرسی فەلەستینیەکان دەکەم لە ١٩٤٨ ـەوە تا ئێستا. لە بەشی سێیەمیش قسە لەسەر دوا پێشهاتەی شەڕی حەماسو ئیسرائیل دەکەم.