ئەمڕۆش لەگەڵ ھەڵھاتنی خۆر میدیاکان پڕ بوون لە ھەواڵی کوشتن و خۆکوشتن
بڵێسە جەبار فەرمان 23/03/2021
دیاردەی توندوتیژی لە کۆمەڵگاکەمان تا دێت ڕوو لەزیاد بوون دەکات.
بێگومان ئەمەش ئاماژەیە بۆ خراپی باری دەروونی ھاوڵاتیان و بێئومێد بوونیان، بەڵام ئەوەی زیاتر مایەی نیگەرانییە، خوێنساردی حکومەتە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە.
بێگومان دەبێت ئەم دیاردەیە بە وردی بەدواداچوونی بۆ بکرێت و ھەنگاوی پراکتیکی بۆ چارەسەرکردنی بنرێت، بەڵام پێش ھەموو شتێک با بێین و دیاردەی ھەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت کونترۆل بکەین، کە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر ئاسانە و چارەسەرێکی ھەنوکەییشە.
تا ئەو کاتەی ھەڵگرتنی چەک کۆنترۆل نەکرێت، بێگومان رۆژانە گوێبیستی ھەواڵی کوشتنی ھاوڵاتیان دەبین.
ھەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت ئەو دیاردەیەیە لە عێراق بە گشتی و لە ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی، پێکەوەژیانی ئاسایی و ئاسودەیی خستووەتە مەترسییەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەزموونی دیمۆکراسیش دەخاتە مەترسییەوە.
لە کاتێکدا ئێمە بەرەو ھەڵبژاردنی پێشوەختە ھەنگاو دەنێین، بوونی چەک لە دەستی ھەندێک کەس و لایەن تێکرای پرۆسەی دەنگدان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
بوونی چەکی بێمۆڵەت لە ناو کۆمەڵگادا، لەگەڵ بچوکترین لێکتێنەگەیشتندا، دەبێتە ھۆی دروستبوونی توندوتیژی و کوشتن.
تکام وایە حکومەت ھەرچی زووترە رێگە لە ھەڵگرتنی چەکی بێموڵەت بگرێت.