Alternate Text

لە بارەی دۆخی میدیاوە

رێبین عومەر‌ 23/03/2021

 هەموو پیشەیەك مۆراڵی خۆی هەیە، لەسەر بنچینەی ئەو مۆراڵە كە پێوەی پەیوەستبووە؛ هەم خۆی دەپارێزێت و هەم كۆمەڵگەو پیشەكەشی. بنەمای هەموو پیشەیەک بەر لەوەی هونەربێت؛ ئەخلاقە.. ئەخلاقی بەرزی پیشەیش بنەمای پاراستنی هەموو پیشەیەکە بە (پیشەی رۆژنامەنوسیشەوە) کە ئێستا بۆتە جێی قسەکردن و باسی گشتی و تا ئەندازەیەکی پێشچاو رەخنەی جددی هەیە.

لە كوردستان دا؛ پیشەی رۆژنامەنوسی رەواجی نییەو نرخ و بەهای راستەقینەی خۆی لە دەستداوە..! بە پێوەری ئەم سەردەمە؛ ئاسانترین کارە؛ ئیتر گرنگ نییە.. مەعریفەت هەبێ و خاوەن ئەزموون و پاشخانی ئەکادیمی بیت لەو بوارە دا.هەمووكەس بە پێوەری ئەم سەردەمەو ئەو خواستەی هەیە زۆر بەئاسانی دەبێتە رۆژنامەنووس و ئەو ناوە بێ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت..! یاخود سایت و دەزگاو میدیاو پەیج؛ دەتوانی بێ سانسۆر دابنێت؛ ژەهریش بڕێژێت کەسنییە-لێیبپرسێت بۆ ؟ فەوزایەکی گەورە لەو بوارە دا؛ دروست بووە رۆژانەش ئاستی زیاد دەبێت. ئەم فەوزایە.. بێشک لە ئێستاو ئایندە دا؛ دەبینین چۆن كۆمەڵگە لە بێخەوە هەڵدەتەكێنێت، و رووتەڵی دەکاو لە بەها بەرزەکان خاڵی دەکاتەوە. عورف و بەها بڵندەکان.. خەریكە بە پیكی میدیایی لە بنەوە دادەڕمێت و هیچ بەهایەك خەریکە نامێنێ لە کاتێکدا بەردەوام رۆڵی میدیا لە کۆمەڵگەدا بونیاد نەرانەیە.

گەلێك رووداو هەن كە لەم ماوەکورتەدا روویانداوە.. حەقی ئەوەهەیە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت و سنورێك دیاری بکرێت؛ بۆ ڕێگریکردن لە تەرویجكردنی كوشتن و خۆسوتان و تەقەكردن و دیاردەی توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی بێ-هیوای و رەشبینی بەمەبەست و تەشهیرو ناوزڕاندن؛ کاتیەتی کۆتای بەو تەوژمە بهێنرێت؛ میدیا باشترە ژیان دۆستبێت نەک مەرگ چێن بێت. پێویستە بەها بۆ میدیا بگەڕێتەوە؟ بەهای پیشەیەی میدیا حەقە چیتر لەدەست دەر نەچێت، بەڵكو دەوڵەت و دەزگاكانی و سەندیكای رۆژنامەوانانە؛ كە پارێزەری راستەقینەی پیشەکەن.. لە بازنەی بەیاننامەو نوسینی پەخشان بێنە دەرەوە، بەڵكو خاوەندارێتی تەواو لە كەیسی رۆژنامەنوسان و پەروەردەكردن و چاودێریكردنیان بکەن. ئەگەر هەڵەکرا پۆزش بێننەوەو لایەنی کەم وەک بەیان نامەکەی ( کوردسات ) بچنە ژێرباری بەرپرسیارێتی و بە ئاشکرا بڵێن: کە لەو روداوەوە پەند وەردەگرین و ئیجرائاتی خۆمان دەکەین و هەڵەبوو سەرتاپای پرۆسەکە. روداوەكەی هەولێرو خۆسوتاندنی گەنجێک و رووداوەكانی تری خۆكوشتن و تەقەكردن و دیاردە ناجۆرەکانی توندوتیژی سەرژن و خێزان و کۆمەڵگە دەرکەوت كە تەرویج دەكرێت؛ زیانی گشتی لێدەکەوێتەوە.. کاتییەتی ئیتر لێرە دا؛ ئەم تەوژمە هەڵەیە رابگیرێت و بووەستێنرێت و میدیاکان بە مۆراڵی بەرز بەناچاری گرێبدرێن. كاتیەتی ئەم کەشە فەوزایەی میدیا رابگیرێت. لایک و کۆمێنت و باسی سۆشیال میدیا؛ نەبێتە سەنتەری دروستکردنی پەیام و راکەڕاکەی سەبقی خەبەری زیان بەخش و وێرانکەر.