دارۆی خۆشەویست
نەرمین عوسمان 23/03/2021
ئەمڕۆ حەڤدە ساڵی تەواو بەسەر کۆچتدا تێپەڕ دەبێ، حەڤدە ساڵ ھێندە ئازارەکانی زۆرە، وەک گاسنی بێ بەزەیی ناخم دەکێڵن.
دارۆ گیان تۆ پیاو و مرۆڤێکی وا بوویت ھەر زۆر زوو دڵ و عەشقی منت کێش کرد، نیگای رۆژانی زانکۆت، خاکێتی و مرۆبوونت، بیروبۆچونت سەر راستی و ئەوینی راستت، دڵسۆزیت بۆ خاک و پێشمەرگە و وەستانەوەت دژی ستەم و زۆرداری، گەورەیی نواندنت لە ئاست خزم و کەسوکار، بەتەنگەوەبوونت بۆ ھەمووان، ھەوێن و ھۆکاری عەشق و دڵنەواییم بوون.
دارۆی من و ھەمووان،حەڤدە ساڵە بێ تۆین ، بەس دڵ لە دڵ مەدە، نەک لای من، بگرە لای هەموومان بوونت هەیە و قسەکانت رۆژانە دووبارە دەکەینەوە، لە خۆشی و ناخۆشیدا هەست بە بوونت دەکەین.
تۆ دڵی منت پڕ کرد لە عەشق، دڵی ھاوڕی و ئارام و نارینت پڕ کرد لە دڵسۆزی و رێزگرتن و خاکەڕایی و خۆشەویستی بۆ کوردستان، تۆ ھێندە بێ وێنە بووی، ھەمیشە ئەڵێم بۆ لەم سەر زەمینە ھەر یەک دارۆ ھەبوو.
دارۆی من، ئازیزە بێ وێنەکەم
حەڤدە ساڵە تۆ ھەر بە جەستە لێم دووری، دەنا خۆشت ئەزانی بە ھەموو ھەست و ھۆش و رۆح و ژیانمەوە لاتم و لات ئەبم.
تۆ رۆیشتی، بەڵام زۆر شتت بۆ بەجێھێشتم، وەفا و راستگۆیی، ئەوین و جوانی، منداڵە نازدارەکانمان، ھاوە و ئارەکۆ و نارە گوڵی، تۆ ئەزانی بە تۆ و ئەوان چەند ئاسوودەم. ئەزانی لە دووری تۆ دوو کوڕ و تاقانە کچەکەمان چەند حەیرانی تۆن و نازی منیش ئەکەن.
بنوو دارۆکەم، دارۆی عەشق و خەندە و جوانی و قسە خۆشی، چۆن زوو جێتھێشتین چۆن زوو بێ نازت کردین.؟
ھەم عاشقتم وەکو سەردەمی پێکەوەبوونمان، ھەمیش بیرت ئەکەم چوون باڵندەیەکی باڵشکاو، دەمەوێ هەتا زووە رێگام بکەوێتە لات ژوانێک برەخسێنینم بۆ هەتایە...