Alternate Text

تێڕامان لە تابلۆیەکی هونەرمەند باڵدین ئەحمەد

خالید سولەیمان‌ 23/03/2021

کاتێک دیمەنی داری بڕاوە دەبینین، چۆن ڕیزکراوەو دانراوە، یان چۆن داتاشراوەو لەڕەگەزی دارێتیی کراوەتە دەرەوە، لەوانەیە لە دەرەوەی لێدانی دڵ بیر لە بابەتەکە بکەینەوە.
ئەم تابلۆیەی هونەرمەندی ناسراوی کورد باڵدین ئەحمەد دەمانخاتە بەردەم پرسیارکردن لە وێنەیەک بەردەوام لە ژیانماندا دووبارە دەبێتەوە، ئەویش ڕووانینە لە دیمەنی ئێکۆ-ساید (لەناوبردنی ژینگە) لە رێگەی وێنەیەکەوە لەوانەیە زۆرجار لە دەرەوەی بیرۆکەی کۆمەڵکووژیدا تەماشای بکەین.
هەر لە هەمان ئەو ڕووبەرەی هونەرمەند کاری تیا دەکات و لاشەی دارەکانمان بەشێوەیەکی سەرنج ڕاکێش بۆ ڕیزدەکات، لاشەیەکی تری هاوشێوەی بەردێکی (مردوو) فڕێ دەداتە ناو بیرکردنەوەی ئێمەوە.
ئیتر لەوە دوورمان دەخاتەوە کە دیمەنی دارە بڕاوەکان جوانن، چونکە لاشەیەکی ڕووتەڵە هەموو شتێک دەگۆڕێت.
لە ڕاستیشدا پەیوەندییەکانی ناو سروشت هەر بەم شێوەیەن، تاشە بەردێک بە سێبەری دارەوە پڕە لە ژیان، کۆمەڵە دارێک ژیان دەبەخشنە تەپۆلکەیەک یان شیوێک، کە دارەکان لەناوبران، مەترسی لەسەر فەنابوونی هەموو شتێک دەردەکەوێت.
لەم رێگەی ئەم تابلۆیەی باڵدین ئەحمەدەوە، دەکرێ تەماشای ئەو هەموو دارە بکەین کە ڕۆژانە کۆمپانیا تورکییەکان بە کوردستانی دەفرۆشن و لە دیمەنی ڕێکخراوی جواندا بە بەرچاوماندا تێپەڕ دەبن و ماڵەکانی خۆشمانیان پێ دەڕازێنینەوە.
لە ڕاستیدا ئەوانە ئەو دارانەن لە چیاکانی کوردستان بڕاونەتەوە و کۆمەڵکوژ کراون، هەر لە تابوتی خۆشیاندا بە شێوەیەکی ڕێکخراو دەفرۆشرێنەوە بە خەڵکی کوردستان.
ئەخلاقی کۆڵۆنیالیزمی تورکیی بەم میکانیزمە کار دەکات.
تێبینی: ئەمەی نوسراوە، بەشێک دەبێت لە نوسینێکی درێژتر