Alternate Text

سێ ساڵ پێش ئەمڕۆ وامووت: "ژنی پۆڵا"

کارزان جرجیس‌ 23/03/2021

ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، لەناو ئاشوبێکی گەورەی سیاسیی، لەنێو ئاگردانی دەیان قەیرانی گڕگرتووی ھەمە چەشنە، دوای مام، ئەگەر لەسێبەریشدا جڵەوی یەکێتی و پەیوەندییە سیاسییەکانی ھەرێمی سەوز و نیلی لەدەست بووبێت، دواجار وەک یەکەمین براوەی سیاسیی گۆڕەپانەکە و وەک پاڵەوانی تێپەڕکردنی قەیرانەکان بۆتە ژمارەیەکی گەورە، کە ناوەکەی، دنیابینی و تێڕوانینی، ھێزی کەسێتی و راستگۆ لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاردا دواجار کردویەتییە ژمارەیەک کە پشتگوێ خستنی ئەستەمە.
خانمی یەکەمی یەکێتی و ئەندازیارە سەرەکییەکەی پرۆسەی ئیدارەدانی یەکێتی، ئەگەرچی لەماوەی رابردوودا، لەسایەی رەوشێکی پڕ گرێ و گۆڵی سیاسیی و قەیراناوی، چ لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان و زۆنی سەوز و چ لە سەر ئاستی ناوەوەی یەکێتیش رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بۆتەوە، بەڵام دواجار بەشێکی گرنگی قەیرانەکانی، بەرەنجامی دووربینییە سیاسی و سیاسەتە بێدەنگییەکەی تێپەڕکردووە، چونکە لەراستیدا ئەو خانمە، ئەگەر بەدیوێکدا لەبەرامبەر سەنگەری پارتی لەقەیرانی ھەمەچەشنەی سیاسی و دەستووریی بووبێت، ئەوا لەناو ھەناوی زۆنی ھاوبەشی سەوز و نیلی لەبەرامبەر گۆڕان لەململانێی باڵادەستی زیاتر و زاڵبوون بووە بەسەر جوگرافیای دەنگدەر و رای گشتی، ھەروەک چۆن لەناو جەستەی یەکێتیشدا لەگەڵ ئاراستە جیاوازەکان ململانێکانی لەسەر درێژەدان بەدنیابینی مام لەمپەڕێکی تر بووە.
ئێستاش لەگەڵ ئیمزاکردنی رێککەوتن، لەبەرامبەر ھەنگاوەکانی ھیرۆ خان و نەوشیروان مستەفا، بۆ دروستکردنی بەرەیەکی سیاسیی و لە ئەگەری ھەڵکشانی ئەو پەیوەندی و ھاوپەیمانییە سیاسییە بۆ یەکگرتنەوە و گەڕانەوە بۆ ماڵە گەورەکە و ژێر سێبەی میھرەبانی مام، براوەکان ئەگەرچی زۆرو فرەجۆرن، بەڵام راستییەکەی، ھیرۆ ئیبراھیم ئەحمەد براوەی یەکەمی ململانێیەکانە، چونکە لەسەرێکەوە لەبەرامبەر پاوانخوازی سیاسییانەی پارتی، ئەو ئەندازیاری دروستکردنی بەرەیەکی گەورەتر و کاریگەرترە، کە لەسایەی ئەو رێککەوتنەی نێوان یەکێتی و گۆڕانەوە دەتوانێت جارێکی تر ھاوسەنگی سیاسی بۆ کوردستان بگەڕێنێتەوە و چیتر پارتی وەک ھێزی یەکەم لەدەرەوەی ئیستیحقاقی سیاسی و ھەڵبژاردن حوکمی کوردستان نەکات، ھەروەک بەرێککەوتنیشی لەگەڵ نەوشیروان مستەفاو بزووتنەوەی گۆڕان رکابەرێکی راستەقینەی لەجوگرافیای سیاسیی خۆیدا لەرکابەر و نەیارەوە گۆڕی بۆ دۆست و پشتیوانێکی سیاسیی، بەمەش، ئەگەر بەدیوێکدا گێڕانەوەی ھێز و شکۆی سیاسیی راست و دروست بێت بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوا بەدیوەکەیتردا، بەکارھێنانەوەی کەسایەتییە سیمبولییەکەی نەوشیروان مستەفایە لەبەرژەوەندی دنیابینییەکانی مام، کە ئێستا بێ چەندو چوون، ھیرۆ ئیبراھیم ئەحمەد نوێنەرایەتی دەکات، ئەوە چ جای ئەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی یەکێتیش، دیسانەوە، بەکۆکردنەوەی رەمز و جەمسەرە ناکۆکەکان لەسەر کۆبوونەوە لەسەر خوانی رێککەوتنێک کە پێگەیەکی بەھێزتر بەخانمی یەکەمی یەکێتی دەبەخشێت، نیشانەیەکی تری سەرکەوتنی ژنێکە، کە بەیەک لێکتێگەیشتنی سیاسیی لەگەڵ گۆڕان، سێ سەنگەری ناکۆک لەگەڵ یەکێتی و دنیابینیەکەی لە مەترسیی خاڵیکردەوە....
ئەو ژنە، کە لەماوەی رابردوودا، ھاوچەشنی پۆڵا لەبەرامبەر قەیرانە ھەمە چەشنەکان کە روبەڕووی یەکێتی بۆتەوە، دوور لەزوومی کامێراو شاشەی تیڤییەکان، دوور لەگوتاری ئاخنراو بەدڵڕەقی سیاسیی ئیدارەی ململانێیەکانی کردووە، دەشێت وەک براوەی یەکەمی ساڵ و وەک سیاسیی نموونەی ژن لەمێژووی نوێی ئێمەدا بخرێتە یادەوەریمانەوە.