Alternate Text

ئەمڕۆ یادی لەدایکبوونی یەکێک لە ژنە پێشمەرگە تێکۆشەرەکانە

بافڵ تاڵەبانی‌ 23/03/2021

ئەمڕۆ یادی لەدایکبوونی یەکێک لە ژنە پێشمەرگە تێکۆشەر و خەباتگێڕەکانی کۆڕی خەبات و ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی شۆڕش و سەرکردەیەکی کاریگەری کوردستان و عێراق دەکەینەوە. یادی لەدایکبوونی دایکێک دەکەینەوە کە گەنجێتی لە شاخ بەسەربرد و دوای راپەڕینیش باوەشی بۆ منداڵان و گەنجانی کوردستان کردەوە و شەڕی بۆ مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیان و لێبووردەیی دەکرد.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەتەنیا دایک نەبوو بۆ ئێمە، بەڵکو بەو رۆشنبیرییە فراوانەی لە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدەوە وەریگرتبوو وەک مامۆستایەک وانەکانی ئازادی، مافی مرۆڤ، یەکترقبوڵکردن و دیموکراسی فێردەکردین.
لە هێرۆ خانەوە فێری ماندوونەناسی و هەوڵدان بووین لەپێناو ئامانجە باڵاکان و خزمەتکردنی کوردستانەکەمان.
هێرۆ خان زۆرباش لە گرنگی کایەی رووناکبیری و رۆژنامەنووسی تێگەیشتبوو، هەربۆیە هەمیشە پاڵپشت و هاندەرێکی سەرسەختی هونەرمەند، رۆشنبیر و رۆژنامەنووسان بوو. کارەکانیشی لەو بوارانەدا بۆ هەمیشە بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە و مێژوو بە شانازییەوە باسی دەکات.
ئەمڕۆ کە یادی خاتوو هێرۆی دایک و ژنە شۆڕشگێڕ دەکەینەوە، بەڵێن دەدەین بە پەندوەرگرتن لە مێژووی پڕشانازی ئەو ژنە سەرکردەیە بەردەوامبین لە خزمەتکردنی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و پاراستنی یەکێتییەکەی مام. هاوکار و هاندەری هونەرمەند، رۆشنبیر و رۆژنامەنووسان بین. گیانی تەبایی و یەکترقبوڵکردن زیندوو بکەینەوە و پێکەوە دەستلەناودەست لەپێناو سەربەرزی کوردستان و خەڵکەکەی کار بکەین.
تەمەنت درێژ و سایەوسێبەرت ھەمیشە بەسەرمانەوە بێت خاتوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد.
بافڵ تاڵەبانی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان