Alternate Text

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران

دڵشاد نامیق‌ 23/03/2021

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی سەرۆك کۆماری ئێرانە، سەرۆك کۆمار لە ئێران سەرەڕای ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت کەچی دەسەڵات و پێگەی بەهێزی نیە لەسیستەمە سیاسیەکەدا، لەکاتێکدا بەپێی ئوسوڵی دیموکراسی و عادەتی هەڵبژاردن پێویستە ئەو سەرۆکەی بەهەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ دێت دەسەڵاتی زۆر و بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەلابێت و ڕۆڵی میحوەری لە سیستەمە سیاسیەکەدا هەبێت، بەڵام لە ئێران ئەم بابەتە تەواو پێچەوانەیە و سەرۆك کۆمار لە ڕۆڵی تەشریفاتیەوە نزیکترە و ڕێگەیەکە بۆ ڕازیکردنی خەڵک و جێکردنەوەی شتێك بەناوی هەڵبژاردن لە سیستەمەکەدا، ئەینا بڕیاری یەکلاکەرەوە لە سەرەوەی سەرۆك کۆمارەوەیە لای (ڕابەر)، وە خودی سەرۆك کۆماری هەڵبژێردراو و تەواوی کاندیدەکانیش بەچەندین ڕێگای ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخو دەبێت بە فیلتەری (ڕابەر)دا تێپەڕن و ڕابەر لێیان ڕازی بێت، سەرکۆمار دوای هەڵبژاردنیشی لەبەردەم ڕابەردا بەرپرسیارە! بەپێچەوانەی تەواوی سیستەمەکانی جیهانیشەوە لەبەردەم پەرلەمانیشدا بەرپرسبارە و دەتوانێت محاسەبەی بکات! لەولایشەوە خەڵك دەتوانن لێپرسینەوەی لێ بکەن! سەرەڕای ئەمانە ئەم هەڵبژاردنە بەوە جیا دەکرێتەوە کە هەر لە ئێستاوە دیارە خەتی ڕابەر کورسیەکە دەبات و کاندیدەکەی کە (ئیبراهیم ڕەیسی)یە بەهێزترینە، وە هیچ کاتدیدێکی بەهێزی ڕەوتی چاکسازی (ئیسڵاح) نەیانتوانی فیلتەری ڕابەر تێپەڕێنن و بێنە ناو کێبەرکێکەوە، لە کۆی (٥٩٢) کەس کە ناویان تۆمارکردبوو بۆ کاندیدبوون تەنها (٤٠)کەسیان مەرجەکانیان تیابوو و لەکۆتاییشدا تەنها (٧) کەس ڕەزامەندی (ئەنجومەنی پاسەوانی)یان بەدەستهێناوە و ئێستا کێبەرکێ دەکەن. دەوترێت دەرچوونی (ئیبراهیم ڕەیسی) واتا کۆنترۆڵکردنی ئەو پەراوێزە شکلیەیش کە بۆ هەڵبژاردن هەیە لە ئێران لەلایەن ڕابەرەوە، بۆیە لە ئەگەری کۆچی دوایی ڕابەر و چۆڵبوونی کورسیەکەی ئەویشدا زەمینەی مانەوەی جڵەوی دەسەڵات لەدەستی هەمان ڕەوتدا مسۆگەرە!