Alternate Text

لە هیوا خافڵ مەبە، ئەو وەهمێکە پڕ بەڵێن

رەنجدەر قەرەداغی‌ 23/03/2021

هیوا دوو دیوە، دیوێکی فانتازیایە، باق و بریقە، پڕی قاقایە، سکوونە، سەقامگیریە، شنەیە، گەشەیە، ئەمە دیوە وویستراوەکەیە، کە گووشراوی میوەی حەزە. دیوەکەی تری هیوا پڕی ئازارە، پڕی چاوەڕوانیە، لێوان لێوە لە ترس، لە ئەگەر، لە سڵەمینەوە، ئەم دیوە توونێلێکی زۆر درێژە، لە چاوەڕوانیی کەسەکان درێژترە، تاقەت پڕووکێنە، تەواوبووی نیە، ئەم دیوە زۆر زاڵە، زۆر زبرە.

هیواو هەردوو ڕووەکەی کاتێ دەیخەتە باخەڵت، ئیتر پڕت دەکا لە دوودڵیی، ترسێکت بۆ دێنێ ڕووپۆشکراو بە کەمێ هەست کردن بە ئازادبوون لە کۆتی شکست، هیوا هاوڕێیەکی دڵسۆزە، بەڵام سەرخۆشە. کاتێ هەست بە بوونی جووڵەیەکی ئازاد و پۆزەتیڤ دەکەیت، گەر لاواز و گچکەش بێ، ئەوا مەوەستە، بخشێ ڕووەو ئامانج، ڕووەو سبەی، نەکەی شاعیرانە تێفکرێیت! نەکەی لە بزاوتن بکەویت و لەبری ئەوە لە هیوا بڕوانی! چونکە لەم دۆخانەدایە کە هیوا لە ووزەی ڕاستەقینەو هەنگاوی بووێر دەتگەڕێنێتەوەو ئەبێتە جۆرێک لە بەنج، جۆرێکە لە تلیاک، مرۆڤێک کە بە مەرام نەگەشتبێ بەردەوام بە دووکەڵی هیوا خۆی دائەمرکێنێ، تا ڕادەی ئاڵوودە بوون، ئەوسا ئامانجەکە دەچێتە چوارچێوەی فەنتازیا، دەبێتە خەون، دەبێتە سێبەرێک هەر نایگەیتێ، لای من و تۆی کامڵ و هۆشدارو زیندوو، دەبێت شتێک جێگەی هیوا بگرێتەوە، ئەویش هەست کردنە بە تامی بوونی ئەو دۆخەی کە هێشتا بە مادیی بەرجەستە نیە،دەبێ تۆ پێش گەشتنی بەهار تامی ڕێواس لە ژیر زمانتا بێت، دەبێ پێش گەشتنی هاوین گوێکانت بۆ چریکەی مەلەکان ئامادە بن، ئەبێ پێش هاتنی پاییز شیعرت چەکەرەی کردبێ، ئەبێ پێش بارینی تەرزە تۆ ئاگردانەکەت خۆشکردبێ.

جا ئەمە تۆزێ خۆی ئەخشێنێ لە سایکۆ بوون، لە دێوانە بوون، لە بەتاڵ بوونەوە لە چاوەڕوانی، لە یەکبوونی ڕۆح و جەستە و نەمانی دووبەرەکی لە ناواخندا، ئەمە بۆ،کێ؟ بۆ مرۆڤی سادە،ئەی بۆ مرۆڤی بەهۆش هاتوو؟ بۆ مرۆڤی بەهۆش هاتوو ئەمە دۆخی هەستانەوەیە، دۆخی سەمایە، دۆخی پێشوازیە لە داهاتوو. بنیادەمی سادە دەستی گرتووە بە پەتی هیوا، خوێن لە مەچەکی دەچۆڕێ، لە بەربوونەوە دەترسێ، چما نازانێ و بەئاگا نیە لەوەی ئازاری دەستگرتن بە هیواکەوە قوورس ترە چەندین جار لە کەوتنەکە خۆی!! گەر دەتەوێ بە تاودانێکی بەهێزەوە بکەویتە ڕێ، لێگەڕێ جار جار بکەوی، مەترسە با تۆزاوی بی، با ببینن دەگەوزێی، تۆ بەمە ترس بهاڕە، بیکووژە، واز لە ڕاکردن بێنە بە سوار کۆڵی هیواوەو خوشت نازانی دەتەوێ بە خێرایی بگەیتە کوێ؟ گەر گەرەکتە قنج ڕاوەستی، لێگەڕێ چەند جارێ بکەویت، تەخت بکەوە، کەمێ پشووبە پشوو، ڕامەکە بەدوای خۆتا، خۆت هێندە ڕاوناوە ئێستە پێت وایە غەریبەیەکی، مەترسە هەر خۆتیت و لە خۆت یاخیت! ئاشت بەرەوە لەگەڵ سەرەتای خۆت، هەڵە هاتوویت، بگەڕێوە دواوە، دۆڕان نییە لە گەڕانەوەدا مەترسە، بگەڕێوە، پشوویەک بە، سەرکەوتنت وابەستەی مەسافە نیە، خۆشنوودیت لەوەدایە بە وەستاویی چێژی جووڵە لە ژێر دانتا بێت، هەموو شتێ بە هیوا مەسپێرە، هیوا تەنها با شەربەتێکی ساردی تینوێتی ڕێگا سەرابیاویەکانت بێ، جار جار قوومێکی لێبدەو ئیتر مەهێڵە ئەو قامچی تاودانی ئەسپەکەت بگرێتە دەست، چونکە هیوا تووخمێکی شووشەیی پاکیزەیە، کە شکا،ئیتر تاقیامەت پەرش ئەبێ و هەرگیز جارێکیتر لە چوارچێوە ناگیرێ.