Alternate Text

بەسیاسیکردنی پەروەردە لەنێوان هەژار موکریانی و شێرکۆ بێکەسدا

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد‌ 23/03/2021

سەرەتا وەک مامۆستایەک و خەمخۆرێکی پەروەردە و فێرکردن، ئینجا وەک نوسەرێک ئەم دێڕانە دەنووسم و دڵتەنگم بەوەی خەریکە پەروەردە و فێرکردن لەهەموو شتێک بێئەرزشتر و بێنرختر دەکرێت، بەڕاستی ئەو مەقولەیە دروستە کە دەڵێت "ئەگەر ویستت شارستانیەتێک تێکدەیت، ئەوا سێ بواری (خێزان، خوێندن و پێشەواکان)ی بێ نرخ و کەم بایەخ بکە".

ئەمەوێت لەم نوسینەدا و لەگەڵ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەی خوێندکاردا، لەسەر پرسیارەکانی پۆلی نۆی بنەڕەتی بووەستم و قسەیەک بکەم کە مایەی تێڕامان و خوێندنەوەی منە. خوێنەری بەڕێز، پێتان سەیرنەبێت پرسیارەکانی پۆلی (نۆی بنەڕەتی ــ زمانی کوردی) بەسیاسی کراوە و کاتێک لیژنەی تاقیکردنەوە لەوەزارەتی تەربیە! پرسیارەکانی پۆلی نۆی داناوە، لەخاڵێکدا بەتەواوی بەدیدێکی حیزبی و سیاسی ئەو هەڵبژاردنەی بۆ خوێندکاران هێناوەتەوە.

لە تاقیکردنەوەی زمانی کوردی پۆلی نۆدا، لەیەکێک لەخاڵەکاندا، هاتووە"ڤئازادیخوازو پێشکەوتوخوازو ئاشتیخواز بوو" لەناو هەڵبژاردنەکاندا هاتووە (Aــ سەبری بۆتانی Bـ شێرکۆ بێکەس Cــ وەفایی Dــ هەژار موکریانی) لەم چوار هەڵبژاردنە بەبڕوای ئەو کەسەی هەڵبژاردنەکەی هێناوەتەوە، وەڵامی ڕاست (Dــ هەژار موکریانی)یە، ئەگەر کەسێکی وشیارو عاقڵ سەیری ئەم پرسیارە بکات، دەزانێت سیاسیکردنی ئەم پرسیارە لەنێوان (شێرکۆ بێکەس) و (هەژار موکریانی)دایە و مەبەستەکەش بەرەو کوێ و کێیە، کەسی بەئاگا دەزانێت شاعیری گەورە (هەژار موکریانی) چارەکێکی شێرکۆ بێکەس خەباتی بۆ ئاشتی و ئازادی نەکردووە و شیعریشی بۆ نەنووسیووە، بەڵام ئەسڵی بابەتەکە ئەوەیە، لەم خاڵەشدا بابەتی حیزبایەتی و ڕقی کەسی ڕەچاوکراوە.

بۆچی ئەم هەڵبژاردنە دانراوە؟ لەلایەکەوە ئەم پرسیارە لێدانە لەپێگە و گەورەیی (شێرکۆ بێکەس) و ئەو حیزبەی (شێرکۆ بێکەس) ئیشی بۆ کردووە، لەلایەکیتریشەوە دانانی ئەم بابەتە لەپرسیاری نۆی بنەڕەتیدا و لەبەرامبەر شاعیرێکی گەورەی وەک (شێرکۆی مەزن)دا، بۆئەوەیە خوێندکاران وا لەمێشکیاندا بچەسپێت کە (هەژار موکریانی) ئازادیخوازتربووە لە (شێرکۆ بێکەس) و واپیشان بدرێت (شێرکۆ بێکەس) جگە لە کەسێکی حیزبی هیچی دیکە نەبووە، لەم کاتەشدا خوێندکارانی پۆلی نۆ منداڵن و بیریان تیژە و ئەم پرسیارە دەچەسپێت، بەڵام نازانێت لەپشت دانانی ناوی هەردوو شاعیری مەزن (شێرکۆ بێکەس)و (هەژار موکریانی)یەوە چی دەگوزەرێت؟!

ئەگەر پسپۆڕێکی زمانی کوردی بەڕێز، یان لیژنەی تاقیکردنەوەی بەڕێز ئەوە وەڵامەکەیانە بۆ بەندە کە، ئەم پرسیارە هیچ پەیوەندی بە سیاسە و ململانێی حیزبییەوە نییە و تەنها ڕێککەوتێکە دانانی ناوی هەژار موکریانی لەگەڵ ناوی شێرکۆ بێکەس و زابەتێکی مەنهەجییەو هیچی دیکە، کەواتە پرسیارەکە بۆ (شێرکۆ بێکەس) نەک ڕاستە، بەڵکو هەر (لا شك فیه) هەر زۆر ڕاستە بۆ (شێرکۆ بێکەس) و دەبێت هەر خوێندکارێک شێرکۆ بێکەسی هەڵبژاردووە، نمرەکە وەربگرێت، ئەگەرچی پێموایە زۆرێکی خوێندکارانی ئێستا کە منداڵن (شێرکۆ بێکەس)یان هەڵبژاردووە و ئەوەندەی ناوی (شێرکۆ بێکەس)یان بیستووە ناوی (هەژارموکریانی)یان نەبیستووە.