Alternate Text

خەبەر بەرن بۆ خزمانم ئاورێ بەربۆتە خەرمانم شێواوە دەری بابانم

ستران عەبدوڵا‌ 23/03/2021

ئەوانەی دەیانگوت کورد ئوممە نییە پێویستیان بە نامیلکەکانی ھاورێ ستالین نەبوو تا عینادی بیانگرێ و بێژن ئەوە سەنەد و بەڵگەی کاڵوکرچی قەبیلەی ئەکراد، دەنگی حەسەن زیرەک بەسبوو تا بزانن قەومێ نەجیب نەبێ فەرھەنگی وا مەزن لە قوڕگێکا چڕ نابێتەوە.
جزم عەممە و قورئان باسی خودموختاری ناکەن، فەقەت خوا ئەگەر نەتەوەیەک بە خەیریئومەم نەزانێ حەسەن زیرەکی بە دیاری ناداتێ، دەنگی وا ئایەتێکی خواییە بۆ نەتەوەی ماد و شتێک وەک قەرەبووی سەد ساڵی بێ مافی و بێ دادی.
تەنانەت ناسیونالیستی کوردیش کە سەد شاباش و تەسەلام بۆ تەقەللا و کۆششی ھۆنییەوەتەوە ، ھێشتاش ھەقی ئەم پێشمەرگە و گیانبازە بە جەرگ و ئازایەی فەرھەنگی نەتەوەیی نەداوەتەوە.
ئاخر ھەقدانەوە کۆپی کردنی نەوار و بەکرە و سیدییەکانی نییە، گوایە لە سەکۆکانی تیڤی و ئاھەنگەکانەوە پەخشی بکات، بگرە ئەوەش ھەر بەکارھێنانەوەی بەلاش و حەلاشی خەزینی ئەزموونی ھونەری حەسەن زیرەکە بە ناوی خۆماڵیکردنی سامانی میللییەوە ، لە کاتێکا کۆی سامانی فلکلۆرییمان لەلایەک و ھی حەسەن زیرەک لە لایەکی تر. بە ژمارە و جۆرییەوە.
زیرەک شانازییەکە بە قورسایی میر و پاشایەکی میللیی لە سەدەی بیستدا، بەو جیاوازییەی کۆشکی ئەم میرە کوردە لە ناو خەڵک و لە دوکان و کوشکی کوچە و کۆڵانەکانمان جێی گرتووە.
دەنگو سەدای لەگوێمانە و ئاوی حەیات و زیندەگانییە .
بەو تۆمارەشەوە زیرەک تا ئێستا رۆمانێکی لەسەر نەنووسراوە و فیلمێکی سینەمایی نییە دراماکەی بگێڕێتەوە.
زیاتر لە پەنجا ساڵە زیرەک فەوتی کردووە، کەچی ھێشتا زیرەکناسیمان کورتی ھێناوەو نووسینمان لەسەری قەرز وقۆڵەیەکە بەرات و زەکاتیشی لێ دەرناچێ.